رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگۆڕێت بۆ "جەنگێکی هەرێمیی سەرتاسەری".
گۆتێرێز گوتی، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، "دۆزەخێکی مرۆیی" بۆ خەڵکی سڤیلی ناوچە فەلەستینییەکە دروستکردووە. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایش قسەی کرد کە لەسەر پێدانی ئەندامێتیی تەواو بە فەلەستین، لە کۆبوونەوەدا بوو.
"رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر لێوارێکی مەترسیدارە. ئەم چەند رۆژەی رابردوو هەڵچوونێکی مەترسیداری گرژییەکانیان بەخۆوە بینی، بە قسەو بە کرداریش. یەک لێکدانەوەی هەڵە، یەک هەڵەتێگەیشتن، یەک هەڵە، دەکرێت سەر بۆ شتێک بکێشێت کە بە مێشکدا نایەت، کە ئەویش جەنگێکی هەرێمیی سەرتاسەرییە کە بۆ هەموو ئەوانەی تێیدا بەشدار دەبن وێرانکەر دەبێت."
گۆتێرێز داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد "ئەوپەڕی دان بەخۆیاندا بگرن."
سکرتێری گشتیی گوتی: "با بە روونی بڵێم: مەترسییەکان لە چەندین بەرەوە لە گەورەبووندان. بەرپرسیارێتیی هاوبەشمان لە ئەستۆدایە بۆ ئەوەی هەڵوەستە لەسەر ئەو مەترسیانە بکەین و ناوچەکە لە لێوارەکە بگەڕێنینەوە."
13ی نیسان، ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لە تۆڵەی هێرشەکەی 1ی نیسان بۆ سەر کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی حەوت پاسدار لە نێویاندا دوو فەرماندە.
بەرپرسانی ئیسرائیلی نەیانگوتووە کەی و لە کوێ وەڵامی هێرشەکەی ئێران دەدەنەوە، بەڵام وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کردەوە.
گۆتێرێز گوتی: "کاتی ئەوەیە کۆتایی بە گێژاوی خوێناویی تۆڵەسەندنەوە بێنین. کاتی ئەوەیە بوەستین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ