جیهان
ترەمپ (لای چەپ) لە دادگەی تاوانکاریی مەنهاتن لە نیویۆرک قسە لەگەڵ تۆد باوڵزی پارێزەرەکەی دەکات. وێنە:AFP
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئەمڕۆ جارێکی دیکە گەڕایەوە دادگە بۆ ئەوەی مامەڵەی دادگاییەکەی تەواو بکات. دادگەش سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی نەبوونی دادوەرە بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو دەست بە دادگاییکردنەکە بکەن.
ترەمپ تۆمەتبارە بەوەی کە پێش بردنەوەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی 2016، تۆمارە بازرگانی و داراییەکانی خۆی ساختەکردووە و هەوڵیداوە پەیوەندیی سەرجێی لەگەڵ ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان بشارێتەوە.
ئەمڕۆ کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانی بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکەی ئەم ساڵ، گەیشتە دادگەی مانهاتن.
ترەمپ بە قات و بۆینباخێکی شین و نێوچاوانی گرژەوە، لە هۆڵی دادگە دانیشت و پارێزەرەکانیشی دەوریاندا بۆ ئەوەی دەست بە تەواوکردنی مامەڵە یاساییەکانی تایبەت بە دادگاییکردنەکە بکەن.
ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی ئەمریکادا سەرۆکێکی پێشوو، لە دۆسیەیەکی تاوانکاریدا، دادگایی بکرێت، هەروەها لە کاتێکدایە کە ترەمپ دەیەوێت لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، شکست بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستا و بەربژێری دیموکراتەکان بێنێت و بگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
سێ دۆسیەی دیکەشی تاوانکاری لەسەر ترەمپ کراونەتەوە، لە نێویاندا لەسەر تۆمەتی گەورەتری هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020 کە لە بەرامبەر بایدن دۆڕاندنی، بەڵام ئەو دۆسیەیانە چەند جارێکە دوادەخرێن.
ترەمپ لە نیویۆرک ئەستۆپاکیی خۆی لە تۆمەتەکان راگەیاندووە. بەڵام دادوەر خوان مێرچن فەرمانی پێ کردووە هەموو رۆژێک لە دادگە ئامادە بێت، بەوەش ملیاردێرەکەی بواری خانووبەرە، ناچاربووە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی لەگەڵ راکەڕاکی دادگەکە بگونجێنێت.
ئێستا ئەوەی کە زۆرترین سەرنجی لەسەرە، دیاریکردنی 12 دادوەری سەرەکی و شەشی دیکەی یەدەگە بۆ ئەوەی لە ماوەی کەمتر لە حەوت مانگی پێش رۆژی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکە، یەکێک لە بەناوبانگترین و مشتومڕهێنترین پیاوەکانی وڵاتەکە دادگایی بکەن.
بەتاوانبارناساندن و سزادانی ترەمپ، پێویستی بە بڕیاری کۆدەنگانەی هەر دووازدە دادوەر دەبێت.
دوای ئەوەی لە لایەن پارێزەرانی ترەمپ و داواکاریی گشتییەوە وردبینییان بۆ کرا، ژمارەی ئەو دادوەرانەی کە دەستنیشانکراون، رۆژی سێشەممە گەیشتە حەوت دادوەر، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکێکیان داوای کرد رێگەی پێ بدرێت لە دەستەکە بکشێتەوە و گوتی، لەم دۆسیەدا ناتوانێت بێلایەن بێت.
مێرچن، دادوەری بەوەکالەتی دادگەی باڵای نیویۆرک پێوایە، دەکرێت لە رۆژی دووشەممەوە دانیشتنی دادگە دەستپێبکات.
لەلایەن دادوەرەوە هۆشداری پێ دراوە
ترەمپ کە بە دەوڵەمەندی لەدایکبووە و گەورە بووە و بەردەوام خۆی لە نەریت و یاساکانی ژیانی سیاسی لاداوە، لەم دادگەیەدا، چیدیکە ناتوانێت بە دەستی خۆی جڵەوی ناوبانگ و چارەنووسی بکات، ئەمەش شتێکە بە دەگمەن دووچاری بووە.
دادوەر بە روونی بە ترەمپی راگەیاندووە کە رێگەی پێنادات لە کاتی دادگاییکردنەکەدا لە بابەتەکان لابدات و باسی شتی ناپەیوەندیدار بکات.
مێرچن هەروەها رایگەیاند: "رێگەنادەم هیچ دادوەرێکی ئەم دادگەیە چاوی لێ سوور بکرێتەوە."
مێرچن هۆشداریشی بە ترەمپدا کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشە لەو کەسانە نەکات کە پەیوەندییان بەم دۆسیەوە هەیە.
دادوەرەکە هەروەها بڕیاریداوە هەفتەی داهاتوو لە دانیشتنێکدا ترەمپ لەسەر بابەتێکی دیکەش دادگاییبکرێت، کە ئەویش پێشێلکردنی فەرمانی دادوەرەکەیە بەوەی کە نابێت سەرۆکی پێشوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ باسکردنی ئەو دۆسیەیانەی لەسەری کراونەتەوە، بەکاربێنێت.
ناسنامەی دادوەران بە شاراوەیی دەهێڵدرێنەوە بۆ ئەوەی دوور بن لە بەرتیل و هێرش، وێڕای ئەوەی کە پڕۆسەی دەستنیشانکردنیان وایکردووە زۆر شت لە بارەیانەوە بزانرێت.
زەحمەتیی دەستنیشانکردنی دادوەرەکان
96 دادوەر بەربژێر کراون بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی ئەو دەستەیەی کە ترەمپ دادگایی دەکەن. رۆژی دووشەممە، زیاتر لە نیوەیان دوورخرانەوە دوای ئەوەی ئاماژەیان بەوە کرد کە ناتوانن بێلایەن بن.
رۆژی سێشەممە، وردبینی بۆ چۆنیەتیی بەکارهێنانی میدیا و خوێندنی دادوەرەکان و ئەو پارەیە کرا کە بە پارتە سیاسیەکانیان بەخشیوە.
ترەمپ چاوی بڕیبووە دادوەرە بەربژێرەکان کاتێک کە بە "بەڵێ" وەڵامی ئەوەیان دایەوە کە ئایا دەتوانن بڕیاری تاوانبارکردن بدەن یان نا.
دواتریش لە بارەی ئەو پۆستانەوە پرسیار لە دادوەران کرا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردبوونەوە. پۆستەکان بە دەنگی بەرز بۆ دادگە خوێندرانەوە. یەکێک لە دادوەران لەبەر ئەوە دوورخرایەوە کە گوتبووی دەبێت ترەمپ "فڕێبدرێتە ژوورەوە".
ئەگەر تۆمەتەکانی بەسەردا ساخببەنەوە، ئەوا دەکرێت ترەمپ بخرێتە زیندانەوە، بەڵام شارەزایانی یاسایی دەڵێن، پێبژاردن ئەگەرێکی بەهێزترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ