جیهان

ژنێکی بەتەمەن لەنێو پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە کۆستانتەنیڤکا لە ئۆکراینا رێدەکات، کە بەهۆی شەڕەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، وێنە: Roman PILIPEY / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
دانوستاندنی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئۆکراینا بەردەوامە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە رۆژی 18-03-2025 بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەکات. کیێڤ رازی بووە و بەریتانیا و فەرەنساش دەڵێن، هێزی ئاشتیپارێز دەنێرنە ئۆکراینا.
دۆناڵد ترەمپ لەنێو فڕۆکەی ئێیەر فۆرس وەن، لە کاتی فڕین لە فلۆریداوە بۆ واشنتن گوتی، "سێشەممە، قسە لەگەڵ سەرۆک پووتین دەکەم. کۆتایی هەفتە کاری زۆر کراوە".
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها دەڵێ "سەیردەکەین بزانین ئەگەر بتوانین کۆتایی بەو جەنگە بهێنین. رەنگە بتوانین، رەنگە نەتوانین. بەڵام وایدەبینم دەرفەتێکی زۆر گەورەمان هەیە بتوانین."
تاوەکو ئێستا، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کریملین) هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو راگەیێنراوەی ترەمپ نەبووە.
پرسیار لە ترەمپ کرا 'پووتین چ جۆرە سازشێک دەکات؟' ترەمپ گوتی، باسی خاک و وێستگە کارەباییەکان دەکەن.
پەیوەندییە چاوەڕوانکراوەکەی پووتین و ترەمپ لە دوای کۆبوونەوەی پووتین و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رووسیا و ئۆکراینا دێت کە لە 13ـی ئەم مانگە کرا.
هەفتەیەک لەمەوبەر هەردوو تیمی رووسیا و ئەمریکا لە سعودیە کۆبوونەوە و لەوێ ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستی 30 رۆژەی خستەسەر مێزی گفتوگۆ.
لەبارەی ئەو ئاگربەستە، پووتین گوتی پشتیوانی لێدەکات، بەڵام گوتیشی، پێویستە ئەمە رێگە بۆ ئاشتیی بەردەوام خۆشبکات و چەند پرسیارێکی جیدیش وەڵام بداتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری پووتین بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە گوتی، رووسیا تەنیا بە ئاگربەستی ماوەدرێژ رازی دەبێت.
هێڵە سوورەکانی ئۆکراینا بۆ ئاشتی
چەند بەرپرسێکی باڵای ناونەهێنراوی ئۆکراینا بە میدیای بەریتانییان گوت، کیێڤ چەند هێڵێکی سووری بۆ ئاشتی هەیە؛ لەوانەش "نابێت هیچ خاکێکی دیکە داگیر بکرێت، هەزاران منداڵی ئۆکراینی کە لەلایەن رووسیاوە رفێنراون، بگەڕێنرێنەوە، هەزاران سڤیلی ئۆکراینی کە بە نایاسایی لەلایەن رووسیاوە دەستبەسەرکراون، بگەڕێنرێنەوە و گەرەنتییە ئەمنییەکانی نێودەوڵەتی دەستبەربکرێن، لە ئەگەری پێشێلکاریی رووسیا بەرامبەر ئاگربەستەکە. ئێمە دەمانەوێت ئاشتی بەدی بێت، بەڵام ئاشتییەکی ماوە درێژمان دەوێت، نەوەک تەنیا ئاگربەستێکی کورت. ئێمە نامانەوێت منداڵەکانمان بەردەوامیی بەو جەنگە بدەن."
ئەوان هەروەها گوتیان "پووتین خەریکە یاری دەکات، ئێمە هاتینە پێش و ئێستا نۆرەی ئەوە. ئێمە سەلماندمان ئاشتیمان دەوێت، ئەگەر رووسیا رازی نەبێت، هەموو جیهان دەبینێت کە ئەوان درۆ دەکەن."
ئەو داوایەی ئۆکراینا لە داگیرنەکردنی خاکی زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پووتین داوایکرد ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵکراون، ئۆکراینا وازیان لێبهێنێت؛ لەوانەش هەرێمەکانی لوهانسک، دۆنێتسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن.
لە 12ـی ئەم مانگە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی "هیچ خاکێکی داگیرکراوی ئۆکراینا بە خاکی رووسیا نازانین. ئەمە گرنگترین هێڵی سوورە."
بەگوێرەی حکومەتی ئۆکراینا، لە سەرەتای جەنگەوە لە شوباتی 2022، رووسیا زیاتر لە 20 هەزار منداڵی ئۆکراینی رفاندووە.
بەریتانیا و فەرەنسا سەرباز دەنێرنە ئۆکراینا
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بەریتانیا و فەرەنسا بەڵێنیانداوە لەدوای ئەوەی ئاگربەست لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا جێبەجێ دەکرێت؛ هێزی ئاشتیپارێز بنێرنە ئۆکراینا. کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رۆژی شەممە لەدوای کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ 29 سەرکردەی جیهان بۆ تاوتوێکردنی کۆتایهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا؛ رایگەیاند هاوپەیمانانی رۆژئاوا ئامادەکارییەکانیان بۆ پشتگیریکردنی کیێڤ زیاد دەکەن.
ستامهر گوتی، "سوپاكانمان رۆژی پێنجشەممە لەم هەفتەیەدا لێرە لە شانشینی یەكگرتوو (بەریتانیا) كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی پلانێكی بەهێز و توندوتۆڵ دابنێن، بۆ ئەوەی پشتیوانی لە رێككەوتنێكی ئاشتی بكەن و ئاسایشی داهاتووی ئۆكرانیا گەرەنتی بكەن."
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی، ئەو بڕیارە بۆ کیێڤە نەوەک بۆ مۆسکۆ.
ماکرۆن گوتیشی ئامانج لە ناردنی سەرباز بۆ ئۆکرانیا "بوونی ژمارەیەکی زۆر (سەرباز) نییە"، ئاماژەی بەوەشکرد "گەورەترین سوپای ئەورووپا سوپای ئۆکرانیایە (یەک ملیۆن سەربازن). جێگیرکردنی چەند هەزار سەربازێک لە هەر نەتەوەیێک، لە شوێنە سەرەکییەکاندا، بۆ ئەنجامدانی بەرنامەکانی راهێنان و نیشاندانی پشتیوانی درێژخایەنمان، لە یارمەتیدانی ئۆکرانیا زۆر گرنگ دەبێت."
لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، بەریتانیا و فەرەنسا بۆ نووسینی رەشنووسێکی ئاگربەست کاریان کرد تاوەکو بۆ ئەمریکای بخەنەڕوو.
دوایین پێشهاتەکان
رۆژی شەممە 15-03-2025، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، سەربازەکانیان هەردوو گوندی (زاولێشێنکا) لە باکوور و (روبانشچینا)یان لە رۆژئاوای شاری سوودژا لە هەرێمی کورسک کۆنترۆڵکردنەوە.
ئەم هەفتەیە؛ مۆسکۆ بەچڕی هێرش و گوشاری کرد بۆ ئەوەی بەشێکی گەورەی ئەو خاکە وەربگرێتەوە کە ئۆکراینا لە ئابی پارەوە لە هەرێمی کورسک کۆنترۆڵی کردبوو.
رۆژی (هەینی) ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوای لە هێزە گەمارۆدراوەکانی ئۆکراینا لە هەرێمی کورسکی رووسیا کرد، "خۆیان بەدەستەوە بدەن." ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای کرد ژیانی ئەو سەربازە ئۆکراینییانە بپارێزرێت.
رووسیا لە هەفتەی رابردوودا هێرشێکی خێرای پێچەوانەی لە ناوچەی سنووریی رۆژئاوای وڵاتەکەی دەستپێکرد، بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵ کردەوە کە ئۆکراینا لە هێرشێکی کتوپڕدا دەستی بەسەردا گرتن.
شکستی ئۆکراینا لە کورسک گورزێکی گەورە دەبێت بۆ پلانەکانی کیێڤ بۆ بەکارهێنانی ناوچەکە وەکو کارتێکی گوشار لە دانوستاندنەکانی داهاتوو دا لەگەڵ مۆسکۆ.
رۆژێک دوای ئەوەی لەبارەی ئاگربەست لەگەڵ نێردەیەکی ئەمریکی کۆبووەوە، پووتین گوتی "لە داواکەی سەرۆک ترەمپ تێدەگەین. ئەگەر چەکەکانیان دابنێن و خۆیان رادەست بکەن، ژیان و مامەڵەی شایستەیان بۆ دەستەبەر دەکرێت."
لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند "دۆخی کورسک، زۆر قورسە."
سوپای ئۆکراینا نەخشەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە، کە دەردەکەوێت سەربازەکانی بە ئاراستەی رۆژئاوا و سنووری ئۆکراینا پاشەکشەیان کردووە.
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بە ژمارە
• جەنگەکە لە 24-02-2022 دەستیپێکرد.
• بەگوێرەی ئاژانسی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا لانیکەم 12هەزار و 654 سڤیل، کە 669ـیان منداڵن، لە ئۆکراینا کوژراون.
• بەگوتەی زیلینسکی، 46 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون.
• 320 ملیار دۆلار زیانی ئابووری بەر ئۆکراینا کەوتووە.
• 90 هەزار سەربازی رووسی کوژراون.
• بەگوێرەی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR)، شەش ملیۆن و 906 هەزار ئۆکراینی ئاوارەبوونە.
• 20 هەزار منداڵی ئۆکراینی "رفێنراون".
• رووسیا 25 هەزار و 600 هێرشی ئاسمانی و درۆنی کردووەتە سەر ئۆکراینا.
• نزیکەی 11 هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە دژی ئۆکراینا نێردراونەتە رووسیا.
• بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی هێرشە چڕەکانی درۆنەوە، لە ساڵی رابردووەوە ژمارەی برینداربوون و گیانلەدەستدان 30٪ زیادی کردووە.
• بەرەی جەنگیی ئۆکراینا لەگەڵ رووسیا هەزار کیلۆمەتر درێژە.
• بەهۆی هێرشەکانەوە، ئۆکراینا 65٪ کورتهێنانی لە بەرهەمهێنانی وزە و سووتەمەنیدا هەیە.
• رووسیا 40٪ـی بودجەکەی بۆ سوپا و بەرگری تەرخان کردووە.
• بەگوێرەی پەیمانگەی کایل بۆ ئابووریی جیهانی؛ ئەورووپا 74.9 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی و 66.3 ملیار دۆلار هاوکاریی دارایی و مرۆیی بە ئۆکراینا داوە. کۆی گشتی 141.24 ملیار دۆلارە.
• ئەمریکا 68.3 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی و 53.5 ملیار دۆلار هاوکاریی دارایی و مرۆیی بە ئۆکراینا داوە. کۆی گشتی 121.82 ملیار دۆلارە.
زیانە گیانییەکان لە سڤیل و سەربازەکان
لەکاتێکدا جەنگ بەردەوامە، قورسە ژمارە و ئاماری تەواوی زیانە گیانییەکان لە هەردوولا دەستبخرێن.
رێکخراوی قازانجنەویستی (ACLED)ـی تایبەت بە ململاێکانی جیهان کە لە ئەمریکاش تۆمارکراوە؛ پێشبینی دەکات لەو سێ ساڵەدا 153هەزار کەس لە هەردوولا لە 140 هەزار رووداو و هێرش دا کوژرابن.
ئاژانسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 12 هەزار و 654 سڤیل کوژراون، کە 669ـیان منداڵن. نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها دەڵێت، 29 هەزار و 392 سڤیل برینداربوون. "84٪ـی قوربانییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەستی ئۆکراینا و 16٪ـیش لە ناوچەکانی ژێر دەستی رووسیا تۆمارکراون. بەهۆی هێرشە چڕەکانی درۆنەوە، لە ساڵی رابردووەوە ژمارەی برینداربوون و گیانلەدەستدان 30٪ زیادی کردووە."
بەگوێرەی حکومەتی ئۆکراینا، 20 هەزار منداڵی ئۆکراینا رفێنراون. سەرەتای ئەم هەفتەیە ئۆکراینا ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی بە 46 هەزار خەمڵاند و راشیگەیاند، نزیکەی 380 هەزار سەرباز برینداربوون.
رووسیا هیچ ژمارەیەکی لەسەر سەربازە کوژراوەکانی ئاشکرا نەکردووە. بەگوێرەی میدیا و چەند سەرچاوەیەکی رووسی، ناوی 90 هەزار سەربازی کوژراوی رووسیا ناسراونەتەوە؛ بەڵام هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا دەڵێن، 854 هەزار سەربازی رووسی کوژراون.
زیانە ئابوورییەکانی هەردوولا
هەفتەی پێشوو ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، تاوەکو ئێستا جەنگەکە 320 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی وڵاتەکە گەیاندووە.
زیانە ئابوورییەکانی رووسیا نەزانراون، بەڵام ساڵێک لەمەوبەر وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، زیانەکانی رووسیای بە 211 ملیار دۆلار خەمڵاند.
وێرانکارییەکانی ئۆکراینا زۆرن، رێکخراوی ACLED دەڵێت، لە 5500 هێرش و رووداودا، زیانی زۆر بە موڵکی خەڵک، قوتابخانەکان، دامەزراوە تەندروستییەکان و ژێرخانی وزە گەیشتووە.
بەگوێرەی ناوەندی ئۆکراینا بۆ ستراتیژییەتی ئابووری (CES) پێش جەنگ، لە ساڵی 2021 کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئۆکراینا 199.8 ملیار دۆلار بوو؛ لە ساڵی 2022ـدا 30٪ دابەزی و ئێستا رێژەکە 78٪ـە. هەڵاوسان بەرزە و 12.9٪ـیە.
لە رووسیا لە ساڵی 2023 کۆی بەرهەمی نێوخۆ 3.6٪ بەرزبووەوە و بانکی جیهانی بە دوو تریلیۆن دۆلار خەمڵاندی، لە ساڵی 2024ـیش 4٪ بەرزبووەوە.
مۆسکۆ زۆر پشت بە هەناردەی نەوت و گاز دەبەستێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا و ئەورووپا سزای زۆریان خستووەتەسەری.
هەڵاوسان لە رووسیا 9.9٪ــیە و رێژەی سوودیش 21٪ـە. رووسیا 40٪ـی بودجەکەی بۆ بەرگری و سووپا تەرخانکردووە، کە یەکسانە بە 8٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆییەکەی. بودجەی رووسیا لە ساڵی 2024ـدا 147 ملیار دۆلاری ئەمریکی بوو.
پووتین چی بەدەستهێناوە؟
لە ئاداری 2022 لە سەرەتای جەنگەکە، رووسیا هەوڵیدا کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا بگرێت، بەڵام شکستی هێنا. سێ ساڵ تێپەڕیوە و رووسیا هەریەک لە هەرێمەکانی زاپۆریژیا، دۆنێتسک، باشووری خێرسۆن و لوهانسکی گرتووە، لەشکرکێشیشی بۆ نێو خارکیێڤ کردووە.
ئێستا رووسیا کۆنترۆڵی نزیکەی 111 هەزار و 339 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی ئۆکراینای کردووە. سوپای ئۆکرایناش 71 هەزار و 938 کیلۆمەتر چوارگۆشەی وەرگرتووەتەوە.
بەرەی پێشەوەی جەنگی دوو وڵاتەکە 1000 کیلۆمەتر درێژە و جەنگەکەش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ