ئاژانسێکی ئەمریکی خەونی نیکۆلا تێسلا بۆ کارەبای بێتەل دەهێنێتەدی

17-12-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یەکێک لە خەونەکانی نیکۆلا تێسلا، داهێنکار و ئەندازیاری کارەبایی ئەمریکی، ئەوە بوو کە بێ بەکارهێنانی تەل، کارەبا بگوازێتەوە. بیهێنە پێش چاوت، شارەکان چۆن دەبن بێ قەرەباڵخیی ستوون و تاوەر و تەلی لێکئاڵاوی کارەبا. ئاژانسێکی سەر بە سوپای ئەمریکا دەڵێت، ئەو خەونە دەهێنێتە دی، بەڵام جارێ تەنیا بۆ بنکە سەربازییەکانی. 
 
ئاژانسی پڕۆژەی لێکۆڵینەوە بەرگرییە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا (DARPA)، بەنیازە تۆڕێکی بێتەلی گواستنەوەی وزە دروستبکات بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە کارەبا بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان بنێرێت. 
 
پلانەکە بەو شێوەیەیە کە لە رێگەی تیشکی لێزەرەوە، کارەبا بگەیێنرێتە هەر شوێنێکی جیهان کە بیانەوێت. 
 
100 ساڵ لەمەوبەر، ئەمە خەونێکی بەناوبانگی نیکۆلا تێسلا بووە. ئەگەر سەرکەوتوو بوو، ئەوا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان پێویستیان بەوە نابێت پشت بە گازوایل یان هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا ببەستن کە زۆر جار لە ناوچەکانی جەنگدا دەکەونە ژێر مەترسییەوە. 
 
ئەم شێوازەی گواستنەوەی کارەبا پێی دەگوترێت "گواستنەوەی ئۆپتیکاڵی وزەی بێتەلی بەردەوام" یاخود بە ئینگلیزی Persistent Optical Wireless Energy Relay.
 
هێزەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان بڵاوکراونەتەوە، لە دەریای باشووری چینەوە تا دەگاتە بیابانەکانی عێراق. 
 
ئەم هێزانە چەندین رادار، سیستمی بەرگری، لێزەر و چەکی دیکە بەکاردێنن کە پێویستیان بە کارەبایێکی یەکجار زۆر هەیە. ساڵ دوای ساڵیش، پێداویستییان بە وزە گەورەتر دەبێت. 
 
کۆلۆنێڵ پۆڵ کالهۆن، یەکێکە لەو فڕۆکەوانانەی کە لە رابردوودا بەشداربووە لە گواستنەوەی سووتەمەنیی لە رێگەی فڕۆکەوە بۆ هێزەکانی ئەمریکا، کە ئێستا بەڕێوەبەری پرۆگرامی POWERـە لە ئاژانسی DARPA، بە چاپەمەنی وڵاتەکەی گوتووە: "ژینگەکە گۆڕاوە و هەبوونی شێوازێکی خۆڕاگری گواستنەوەی وزە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، پێویستییەکی زۆر گەورەیە."
 
کالهۆن دەڵێت: "لە لایەنی تەکنەلۆجییەوە، بەرەوپێشچوونی گەورە" بەدەستهاتووە.
 
هەروەها روونیدەکاتەوە کە ئەم شێوازە بریتییە لە "پرۆگرامێکی ئۆپتیکاڵی گواستنەوەی کارەبا لە رێگەی تیشکەوە. چەند جۆرێکی دیکەی گواستنەوەی کارەبا لە رێگەی تیشکەوە دەکرێت هەبن، لەوانەش کورتەشەپۆڵەکان، کە ئێمە بە نیازین لە پرۆگرامەکانی داهاتووماندا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین."
 
گواستنەوەی کارەبا بە شێوازی POWER کە ئەمریکا ئێستا کاری لەسەر دەکات، بە جۆرێک دەبێت کە "شەپۆڵنێردەرەکە بریتی دەبێت لە لێزەرێک کە ئەگەر لە بەرزایی زۆردا کاری پێ بکرێت، دوور دەڕوات و توانایێکی بەهێزی دەبێت. لێزەرەکە وزەکە دەنێرێت بێ ئەوەی بیگۆڕێت. شوێنی وەرگرتنی تیشکەکە، وزەی لێزەرەکە دەگۆڕێت بۆ کارەبا،" ئەمە وەک بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکە روونیدەکاتەوە. 
 
گرێبەستی جێبەجێکردنی پلانەکە 10 ملیۆن دۆلارە
 
ئاژانسە ئەمریکییەکە گرێبەستێکی 10 ملیۆن دۆلاریی داوەتە کۆمپانیای رەیسیۆن (Raytheon)ی ئەمریکی بۆ ئەوەی پلانەکەی بۆ جێبەجێ بکات. 
 
بە گوێرەی گرێبەستەکە، لە ماوەی دوو ساڵدا، کۆمپانیاکە ژمارەیەک تۆڕ دروستدەکات بۆ بەرهەمهێنان، گواستنەوە و وەرگرتنی تیشکی لێزەر لە زەوییەوە بۆ ئاسمان و لەوێشەوە دووبارە بۆ زەوی. 
 
کۆڵن وێلان، سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانی کۆمپانیای رەیسیۆن، دەڵێت: "لە گۆڕەپانی جەنگی سەردەمدا، وزە زۆر گرنگە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سەربازییەکان. لە کاتی کارکردن لە ژینگەیەکی سەختدا، رەنگە هەمیشە وزە بەردەست و زۆر نەبێت، ئەوەش وایکردووە بەرهەمهێنان، کۆگاکردن و گواستنەوەی شتێکی زۆر گرنگ بێت. ئامانجی ئەم تەکنەلۆجیایە ئەوەیە کە سوپاکەمان بتوانێت لە شوێنی سەلامەت و باش، وزە بەرهەمبێنێت و بە ئاسانی بۆ سەکۆیەکانی دیکە بیگوازێتەوە."
 
بە وەگەڕخستنی پڕۆگرامی POWER، ئەمریکا نەک هەر بۆ شوێنەکانی سەر زەوی، بەڵکو دەتوانێت وزە بۆ ئەو شتانەش بنێرێت کە لە ئاسمانەوە کاردەکەن (درۆن، مانگی دەستکرد و ئامێرەکانی دیکە)، ئەوەش یارمەتیان دەدات لە ئاسمانەوە بارگاویبکرێنەوە و سەرەنجام ماوەی زیاتر لە ئاسمان بمێننەوە و مەودای زیاتر ببڕن. 
 
بە دروستکردنی تۆڕێکی گواستنەوەی وزە، سوپای ئەمریکا دەتوانێت دەستبەجێ لە شوێنە ستراتیجی و پێویستەکان، لە دەریا، ئاسمان و سەر زەوی، وزەی بێسنوور وەربگرێت، ئەمە وەک گۆڤاری New Atlas باسی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە