ئاژانسی چاودێریکردنی وزەی ئەتۆمی سەرکۆنەی دوورخستنەوەی پشکنەرەکانی لەلایەن ئێرانەوە دەکات

17-09-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی چاودێریکردنی وزەی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی لێسەندنەوەی مۆڵەتی کارکردن لە ژمارەیەک لە پشکنەرەکانی لەلایەن ئێرانەوە دەکات. وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو هەنگاوە لە تۆڵەی "گێچەڵی سیاسیی" ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بووە.
 
بەڵام رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاندووە، لێسەندنەوەی مۆڵەت لە بەشێک لە پشکنەرە هەرە بەئەزموونەکانی، دەبێتە بەربەست لەبەردەم کاری ئاژانسەکە.
 
بەڕێوەبەری ئەو ئاژانسەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەمڕۆ، ئێران لە یەکێک لە بڕیارەکانی ئاگادارکردمەوە بۆ لێسەندنەوەی مۆڵەت لە ژمارەیەک لە پشکنەرە بەئەزموونەکانی ئاژانسەکە کە بۆ پشکنینی چالاکییە [ئەتۆمییەکانی] ئێران راسپێردرابوون."
 
لە راگەیێندراوەکەی گرۆسیدا هاتووە، "ئەمە دوای لێسەندنەوەی ئەم دواییەی مۆڵەت لە پشکنەرێکی دیکەی بەئەزموونی ئاژانسەکە لە ئێران دێت." گرۆسی دەشڵێت، "بە بڕیاری ئەمڕۆی، ئێران نزیکەی سێیەکی گرووپی سەرەکیی پشکنەرە بەئەزموونەکانی ئاژانسەکەی لە ئێران لابردن."
 
ساڵی 2015، وڵاتانی زلهێزی جیهان لەگەڵ ئێران رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆئەوەی تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات، لە بەرامبەر ئەوەشدا سزا ئابوورییە کەمەرشکێنەکانی سەری لابران.
 
بەڵام رێککەوتنەکە لە ساڵی 2018 پووکایەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لێی کشایەوە و دووبارە سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاندنەوە.
 
تاران وەکو تۆڵەیەک، بەرنامە ئەتۆمییەکەی زیاتر بەرەو پێش برد، بەڵام بەردەوام رەتیکردووەتەوە نیازی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی هەبێت. تاوەکو ئێستاش هەوڵەکانی کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتوون.
 
"خۆبەزلزان"
 
ئەمریکا و گرووپی E3 کە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا پێکدێت، هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە لە کۆبوونەوەی دەستەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا داوای بڕیارنامەیەکی نوێ لە دژی تاران بکەن.
 
ئەمریکا و گرووپی E3 لە روونکردنەوەیەکی هاوبەشی هەفتەی رابردوودا رایانگەیاند: "ئێران بەردەوامە لە رەتکردنەوەی بەمەبەستی هەبوونی پەیوەندییەکی جددی لەگەڵ ئاژانسەکەدا."
 
ئاماژەیان بەوەشکردبوو، ئەگەر ئێران بە تەواوی پابەند نەبێت بە ئەرکەکانییەوە، ئەوا دەبێت دەستەی کارگێڕیی ئاژانسەکە ئامادەبێت بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر بۆ پشتگیریکردنی سکرتاریەتەکەی و لێپرسینەوە لە ئێران.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی شەممە وەڵامی راگەیێندراوەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دایەوە و گوتی، "سێ وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکا بە خۆبەزلزانین و بە ئامانجی تێکدانی کەشی پێکەوە کارکردن، ئەنجوومەنی پارێزگارانی (ئاژانسی ئەتۆمی)یان بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان خراپ بەکارهێناوە".
 
کەنعانی هەروەها گوتی، "بێگومان کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنانەی کە کراون، درێژە بە هاوکارییە ئەرێنییەکانی خۆی دەدات و جەخت لەسەر پێویستی بێلایەنیی ئەو دەزگایە دەکاتەوە."
 
گرۆسی لە راگەیێندراوەکەیدا رۆژی شەممە رایگەیاند ئەو شارەزایانەی بەر بڕیارەکەی ئێران کەوتوون "زانیاریی ناوازەیان لە بواری تەکنەلۆژیای پوختاندندا" هەیە و پێشتریش لە ژێر پارێزبەندییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا کاری پشتڕاستکردنەوەی پێویستیان لە دامەزراوەکانی پیتاندنی ئێراندا کردووە.
 
گرۆسی گوتی لە کاتێکدا ئەو هەنگاوە بەپێی رێککەوتنێک بە فەرمی رێگەپێدراو بوو، ئێران ئەو کارەی "بە جۆرێک کرد کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و تواند کاریگەریی لەسەر توانای ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەبێت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی کاریگەرانە لە ئێران".
گرۆسی گوتیشی: "ئەم رێوشوێنە تاکلایەنە نابەرابەر و بێوێنەیە بە تووندی سەرکۆنە دەکەم کە کاریگەریی لەسەر پلاندانان و بەڕێوەبردنی ئاسایی چالاکییەکانی پشتڕاستکردنەوەی ئاژانسەکە لە ئێران هەیە و بە ئاشکرا دژایەتی ئەو هاوکارییە دەکات کە دەبێ لە نێوان ئاژانسەکە و ئێراندا هەبێت."
 
گرۆسی جەختی لەوە کردەوە  ئەگەر هاوکاریی کاریگەرانەی تاران نەبێت، ئاژانسەکە ناتوانێت "دڵنیایی باوەڕپێکراو پێشکەش بکات کە ماددە و چالاکییە ئەتۆمییەکان لە ئێران بۆ مەبەستی ئاشتیانەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە