لە هێرشێکدا لە چین 8 کەس بە چەقۆ کوژران و 17ـی دیکە بریندار بوون

16-11-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی چین رایگەیاند، لە پارێزگەی جیانگسووی باکووری ئەو وڵاتە، کەسێک هێرشی کردووەتە سەر قوتابخانەیەک، بە چەقۆ 8 کەسی کوشتووە و 17ـی دیکەی بریندارکردووە. 
 
پۆلیسی شاری یشینگ دەڵێت، هێرشەکە کراوەتە سەر قوتابخانەی پیشەیی هونەر و تەکنەلۆجیای ووشی لەو شارە و، هێرشکارەکە لە شوێنی رووداوەکەدا دەستگیرکراوە. 
 
بەگوتەی پۆلیس، هێرشکارەکە دەرچووی قوتابخانەکەیە و پاڵنەری هێرشەکەشی ئەوەیە "لە تاقیکردنەوەیەک دەرنەچووە و بڕوانامەی دەرچوونی پێنەدراوە."
 
هێرشەکە تەنیا پێنج رۆژ دوای ئەوە دێت؛ لە شاری ژووهای باشووری چین، ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو خەڵکدا کرد و 35 کەسی کوشت و 43ـی دیکەی بریندارکرد. 
 
هێرشکارەکەی رۆژی دووشەممە، دوای هەوڵی خۆکوشتن، بە برینداری دەستگیرکرا. پۆلیس پاڵنەری پشت ئەو هێرشەی ئاشکرا نەکرد. 
 
چین پێش و لە ماوەی رووداوە گرنگەکاندا، سانسۆر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاد دەکات، وەک کۆنگرەی میللی نیشتمانی کە تێیدا حکومەت گۆڕانکاری و بڕیاری گەورە بۆ ساڵی دواتر رادەگەیێنێت. 
 
لەماوەی رابردوودا لە چین ژمارەیەک هێرش کراون، کە تێیاندا گومانلێکراوەکان خەڵک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەکەنە ئامانج. 
 
لە تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دا پیاوێکی 50 ساڵان دەستگیرکرا، دوای ئەوەی بە چەقۆ هێرشی کردە سەر منداڵانی قوتابخانەیەکی پەکین. لەو رووداوەدا پێنج کەس بریندار بوون. ئەیلوولی ئەم ساڵیش، لە هێرشێکدا لە فرۆشگەیەکی شەنگهای، سێ کەس بە چەقۆ کوژران.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە