رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە گەورەترین کۆنگرەی جیهانیی میدیادا لە ئیمارات باسی لەو بەربەستانە کرد کە لە کۆکردنەوەی داهات و پاراستنی مافی دانەر (کۆپی رایت) رووبەڕووی دامەزراوە میدیاییەکانی ناوچەکە دەبنەوە.
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو یەکێک بوو لەو 170 کەسایەتییە پێشەنگەی بواری میدیا کە لە سێ رۆژی گەڕی دووەمی کۆنگرە ساڵانەییەکەدا لە ئەبوزەبی، پایتەختی ئیمارات روانگەی خۆیان لەسەر داهاتوو، دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم میدیا خستەڕوو.
کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر دامەزراوە هەواڵییەکان
رۆژی پێنجشەممە، 16-11-2023 لە پانێڵێکی تایبەت بە سەرچاوەی دارایی و داهاتی میدیادا، ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو باسی لەوە کرد کە بردنی بەرهەمی دامەزراوە میدیاییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی لە لایەن پەیجە نافەرمییەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زیانی بە داهاتی دامەزراوە گەورەکان گەیاندووە، چونکە بەرهەمی دامەزراوە گەورەکان دەبەن و داهاتی پێ کۆدەکەنەوە، بێ ئەوەی هیچ پشكێکی بە لایەنی بەرهەمهێنەر بدرێت.
بەرێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی یارمەتی داین ببینە بەشێکی زیندووی جیهان. ئێستا چیرۆکەکانمان بە جیهان دەگەن، بەڵام ئێمە و کۆمپانیا میدیاییەکانی وڵاتانی دیکە، بە دەست کێشەیەکەوە دەناڵێنین، کە ئەویش بریتییە لە بردنی بەرهەمی کۆمپانیا میدیاییە نیشتمانییەکان لە لایەن کۆمپانیاکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمپانیاکانی پەخشی دیجتاڵی، بێ ئەوەی هیچ داهاتێک بۆ ئەو کۆمپانیا میدیاییە نیشتمانیانە بگەڕێتەوە".
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئاکۆ محەممەد ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە وڵاتان رێچکەی کەنەدا بگرنەبەر، کە حوزەیرانی ئەم ساڵ یاسای "هەواڵی ئۆنلاین"ی دەرکرد بۆ ئەوەی کۆمپانیا زەبەلاحە تەکنەلۆجییەکانی وەک مێتا و گووگڵ ناچاربکات بەشێکی داهاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەسەر تۆڕەکانیان بە کەناڵ، رۆژنامە و رادیۆکانی کەنەدا بدەن.
مێتای خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام ئەو یاسایەی رەتکردەوە و لە کاردانەوەیدا بڕیاریدا بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەسەر پلاتفۆڕمەکانی لەنێو کەنەدا قەدەخە بکات.
ئەوە لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013ـەوە "یاسای مافی دانەر"ی دەرکردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە تۆمارنەکراون و خاوەنەکانیان دیار نین، گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان ئاسان نییە.
جیاوازیی داهاتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گوێرەی شوێنی جوگرافی
وەک بەرێوەبەری گەورەترین و پڕبینەرترین تۆڕی میدیایی کوردستانی، ئاکۆ محەممەد باسی لەوە کرد کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و گووگڵ لە گەڕاندنەوەی داهات، جیاوازی لە نێوان دامەزراوە میدیاییەکانی ناوچەکە و جیهاندا دەکەن.
ئاکۆ محەممەد پەیجی سۆرانیی رووداوی لە فەیسبووک بە نموونە هێنایەوە کە 4.5 ملیۆن لایک و 8.6 ملیۆن فۆڵۆوەرزی هەیە و ڤیدیۆکانی لە ماوەی نێوان 27ی ئەیلوول و 18ی ئۆکتۆبەردا زیاتر لە یەک ملیار بینەریان هەبووە.
ئاکۆ محەممەد روونیکردەوە کە "ئەگەر تۆ لە ئەوروپا لەسەر یوتیووب 10 هەزار ڤیووت هەبێت، ئەوا داهاتەکەی زۆر زیاتر دەبێت بەراورد بەوەی ئەو ڤیووانە لە سووریا یان عێراق بن"؛ گوتیشی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان "لە هەژمارکردنی ڤیووەکاندا دادپەروەری پەیڕەوناکەن، واتە ئەگەر بینەرەکەت لە دانیمارک بێت، بۆ نموونە، داهاتەکەت زیاتر دەبێت لەوەی لە عێراق یان هەر وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت".
بەڕێوەبەری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، " لە کەنەدا، مانگی حوزەیران یاسایەکی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەسەر ئینتەرنێت دەرکرا کە داوا دەکات کۆمپانیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمپانیا دیجتاڵییەکان لەگەڵ کۆمپانیا میدیاییە هەواڵییەکان رێکبکەون تاوەکو ئەوانیش پشكێکیان لە داهاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا هەبێت کە ساڵانە بە 250 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی مەزەندە دەکرێت"؛ گوتیشی، "ئێمە یەکێکین لەو کۆمپانیایانەی کە لاپەڕەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینستاگرام و فەیسبووک لە کەنەدا قەدەخەکراون".
لە ئەنجامی ئەو یاسایە "دەبینین کە لە کەنەدا دابەزاندنی ئەپلیکەیشنی کۆمپانیا میدیاییە هەواڵییە کەنەدییەکان زیادیکردووە، ئەوەش سوودی بۆ کۆمپانیا میدیاییەکان دەبێت".
لەو پانێلەدا کە بە ناونیشانی "شێوازە خۆڕاگرەکانی داهات لە سەردەمی دیجیتاڵیدا؛ دیاریکردنی نەخشەڕێگەی قازانجکردن" بەڕێوەچوو، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "ئێمە لە سەردەمی چاپ و رۆژنامەی کاخەزدا رۆژنامەمان چاپ دەکرد و دەمانفرۆشت، بەڵام ئێستا چاپکردنی رۆژنامە راوەستاوە، چونکە لە عێراق هیچ رۆژنامەیەک نییە لە رۆژێکدا هەزار دانەی لێ بفرۆشرێت"؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە عێراق "کولتووری هاوبەشیکردن لە پێدانی پارە بە کەناڵەکان نییە،" چونکە هیچ سیستمێک نییە بۆ پێدانی پارە لە لایەن وەرگرانەوە بە کەناڵەکان لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکانیان.
بەڕێوەبەری گشتیی رووداو: بەهۆی گەشەکردنی سۆشیاڵمیدیا و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان، لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 42 ملیۆن کەسن، هیچ رۆژنامەیەک نییە رۆژانە 1000 دانەیش بفرۆشێت. pic.twitter.com/md3qhRMLM7
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 16, 2023
ئاکۆ محەممەد گوتی، "سیستمی کێبڵمان نییە؛ بەشداریکردنمان بە شێوازی دیکە بۆ پەخشی تەلەڤزیۆن نییە و ئەوەش کێشەی دارایی بۆ دامەزراوە و کەناڵەکانی میدیا بەشێوەیەکی گەورەتر دروست دەکات. ئەمە کێشەیەکی نێودەوڵەتی و جیهانییە، بەڵام لە ناوچەکەی ئێمە کاریگەریی زیاتری هەیە؛ بۆیە پێم وایە ئەم کۆنفرانسە و کۆنفرانسەکانی دیکە سەکۆ و شوێنێکی باشن بۆ ئەوەی ئەو بابەت و کێشانەیان تێدا باسبکەین، بۆ ئەوەی دادپەروەری هەبێت لەبەرامبەرلایەنی بەرهەمهێنەر و لایەنەکانی دیکەش".
رۆژی پێنجشەممە، دوایین رۆژی گەڕی دووەمی کۆنگرەکە بوو.
ئیمارات ساڵی 2022 رایگەیاند، وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندی کۆبوونەوەی میدیای جیهانی، دەستی بە کۆنگرەکە کرد. تۆڕی میدیایی رووداو لە گەڕی یەکەمیشدا وەک تاکە دامەزراوەی میدیایی کوردستانی بەشدار بوو.
کۆنگرەیەکی "نایاب"
محەممەد جەمال ریسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی ئیماراتی بە رووداوی گوت، "ئەم گەڕە نایاب بوو، سوپاس بۆ خودا، زۆرترین کەس لە سەرانسەری جیهان تێیدا بەشداربوون کە لە 172 وڵاتەوە هاتبوون".
لە 3 رۆژی کۆنگرەی جیهانیی میدیادا زیاتر لە 13 هەزار و 500 میدیاکار و سەردانیکار بەشدار بوون؛ 30 پانێڵ بەڕێوەچوون و 193 براندی میدیایی بەرهەمەکانیان لە پێشانگەی کۆنگرەکەدا خستنەڕوو.
هەروەها لویس ئێنریک گۆنزالێس، سەرۆکی (پرێنسا لاتینا) ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کوبا بە رووداوی گوت، "زۆر گرنگە لە کۆنگرەی لەم شێوەیەدا بەشدار بیت کە زۆر لایەن کۆدەکاتەوە"، هەروەها گوتی، کۆنگرەکە بۆ داهاتووی میدیا "زۆر گرنگە کە گفتوگۆ بکرێت و سوود لە ئەزموونی یەکدی وەربگرین".
تەوەرەکانی کۆنگرەکە
بۆنەکە رۆژی سێشەممە بە گوتاری شێخ نەهیان بن موبارەک ئال نەهیان، وەزیری یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئیمارات دەستیپێکرد.
سەرنجی سەرەکیی رۆژی یەکەمی کۆنگرەکە لەسەر رۆڵی میدیا لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە بارەی گۆڕانی کەشوهەوا و چۆنیەتی سوودبینین بوو لە ژیریی دەستکرد؛ تەکنەلۆجیایەک کە وێڕای هەبوونی ژمارەیەک مەترسی، هیوای دەرفەتگەلێکی بە میدیاکاران داوە.
لە یەکێک لە پانێڵەکاندا، باس لە رۆڵی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە کرا لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا.
هەروەها کۆلێژی ئابووریی لەندەن لە پانێڵێکی تایبەتدا باسی لە پڕۆژەیەکی خۆی کرد بەناوی JournalismAI واتە ژیری دەستکردی رۆژنامەڤانی، کە ئامانج لێی یارمەتیدانی دامەزراوە میدیاییەکانە لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی "ژیریی دەستکرد بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە،" لە کاتێکدا کە خێرایی و لێهاتوویی ژیری دەستکرد لە بەرهەمهێنانی دەق، وێنە و ڤیدیۆکاندا، مەترسیی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستی زیادکردووە.
لە رۆژی دووەمیشدا سەرنجی کۆنگرەکە لەسەر (میدیا وەک بوارێکی پەروەردە) بوو.
تاوتوێکردنی "تەکنەلۆجیا تێکدەرەکان،" داهاتووی بەرهەمهێنانی میدیایی، پەرەپێدانی بەهرەکان لە پێناو میدیایەکی داهێنکارتر و دڵنیابوونەوە لە راستییەکان، تەوەری چەند پانێلێکی سەرەکیی رۆژی دووەم بوون.
رووداو وەک تاکە دامەزراوەی میدیایی کوردستانی لە کۆنگرەکەدا
رووداو وەک میدیایەکی پێشەنگ لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان، وەک هەوڵێک بۆ رۆیشتن لەگەڵ داهێنان، تەکنەلۆجیا و روانگە هەرە نوێیەکانی جیهان، لە چەندین دەستپێشخەری و هاوبەشیی میدیاییدا بەشدارە.
پیشەییبوون، بابەتیبوون و نوێگەریی رووداو وایانکردووە کە تۆڕەکە چیدیکە تەنیا سەرچاوەی هەواڵی وەرگری ناوچەکە نەبێت، بەڵکو ببێتە ژێدەر بۆ ئاژانس و کەناڵە جیهانییەکان بۆ گەیاندنی رووداوەکانی ناوچەکە، ئەوەش ئەرکێکی دیکەی بۆ تۆڕەکە زیادکردووە کە پابەندبوونی زیاترە بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانەوە.
رووداو هاوبەشێکی گرنگە لە تۆڕی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ئەوروپی- ئینێکس کە زیاتر لە 50 دامەزراوەی میدیایی وڵاتانی جیاوازی جیهان تێیدا هاوبەشی یەکدین و رووداو تاکە کەناڵی کوردستانی و عێراقییە تێیدا. رووداو هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ ئاژانسی ئەمریکا بۆ میدیای نێودەوڵەتی هەیە؛ رووداو هاوبەشی لەگەڵ تۆڕی تەلەڤزیۆنی جیهانیی چین CTGN، سی سی تی ڤی پڵەسی چین و پەیمانگەی شاهانەی بەریتانیا بۆ لێکۆڵینەوە - چاتم هاوس هەیە. هەروەها رووداو لەگەڵ هاوئاهەنگی نزیکی لەگەڵ ئاژانسەکانی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی فرانس پرێسی فەرەنسی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ