رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە لووتکەی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، پێویستە گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا سنووردار بکرێت لە رێگەی گۆڕینی بەرهەمهێنانی وزەوە بۆ وزە نوێیەکان. جیهان ئێستا ئامادە نییە لە بەرەنگاربوونەوەی پەتایەکی نوێ لە داهاتوودا.
رۆژی دووشەممە، 16-10-2023، کارڵ لاوتەباخ، وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند، "ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین، کێشەی تەندروستی لە فۆکەسی سیاسیدایە و زۆر باس دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە، تاوەکو ئێستا ئامادەکاریی باش نەکراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتایەکی نوێ."
رۆژی یەکشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2023، یەکەم رۆژی لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە ئەڵمانیا دەستی پێکرد رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئامانج لەم لووتکەیە بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی چارەسەری داهێنەرانەیە بۆ رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی ئاڵنگارییە تەندروستییەکان، بەگوێرەی رێکخراوەکەش ئەو سیاسەت و توێژینەوانە تاوتوێدەکرێن کە دەتوانن کێشەکانی پەیوەندیدار بە رەگەزپەرستی و ناڕێکییەکانی بەردەم بڵاوبوونەوەی پەتا چارەسەربکەن.
وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا لەبارەی چاودێریی تەندروستی لە جیهان گوتی، "بەشێکی زۆری دانیشتووانی وڵاتانی جیهان دەستییان بە چاودێری تەندروستی ناگات، لە کاتێکدا ئێمە مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوامان لەسەرە."
لەبارەی هاوکاریکردنی وڵاتەکەی بۆ دۆخی تەندروستیی عێراق، لاوتەباخ، لە وەڵامی رووداودا دەڵێت، ئەمڕۆ ناتوانن لێدوان لەسەر وڵاتان بدەن، بەڵام رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و کۆمیسیۆنی ئەوروپا زۆر لە نزیکەوە کار لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە دەکەن.
لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی و چارەسەرەکەی وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا هۆشداریی دا و گوتی، "بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە پەتای زیاتر رووبەڕوومان دەبێتەوە و پێویستە بەرەوپێشەوە بچین و بەرەنگاریی گۆڕانەکە ببینەوە لە رێگەی گۆڕینی بەرهەمهێنانی وزە بۆ سەرچاوەی وزە نوێیەکان تاوەکو گۆڕانی کەشوهەوا سنووردار بکرێت."
لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە ساڵی 2009، بۆ یەکەمجار لەلایەن زانکۆی شاریتەی ئەڵمانیا رێکخرا، لەوکاتەوە ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەردا(تشرینی یەکەم) لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، ئامانجی لووتکەکە گەنگەشەکردنی کێشە تەندروستییەکانە لە سەرجەم وڵاتانی جیهان.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کارڵ لاوتەباخ، وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا:
رووداو: سڵاو بەرێز لاوتەباخ زۆر سوپاس، پەیامی بەرێزتان لەم لووتکەیەدا چییە؟
کارڵ لاوتەباخ: پەیامی من لێرەوە ئەوەیە کە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کێشەی تەندروستی لە فۆکەسی سیاسیدایە واتا زۆر باسی دەکەن، بەڵام کێشەکە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، ئێمە ئامادەکاری زۆر باشمان نییە بۆ بەرەنگاریی پەتای داهاتوو لە جیهاندا. بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی جیهان دەستیان بە چاودێریی تەندروستی ناگات و ئێمەش مەترسی گۆڕانی کەشوهەوامان لەسەرە، کۆبوونەوەکانی وەک ئەم لووتکەیەی ئەمڕۆ زۆر گرنگن کە لەگەڵ یەکتر قسە بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئەم کێشانە.
رووداو: عێراق یەکێکە لە وڵاتانەی کەرتی تەندروستیەکەی پێشکەوتوو نییە و چەندین نەخۆشی هەیە کە خۆی ناتوانێت چارەسەری بکات. ئێوە چۆن دەتانەوێت هاوکاری وڵاتێکی وەک عێراق بکەن؟
کارڵ لاوتەباخ: ئەمڕۆ ناتوانم لێدوان لەسەر وڵاتان بدەم، بەڵام رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و کۆمیسیۆنی ئەوروپا زۆر لە نزیکەوە کار لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە دەکەن کە کێشەیان هەیە، پەتایان تێدایە، چاودێریی تەندروستیان باش نییە، لەوێش ئێمە کاریان لەگەڵ دەکەین.
رووداو: گۆڕانی کەشوهەوا پرسێکی گەورەیە و بەرێزتان لە گوتارەکەتاندا گوتتان مەترسی گەورە لە بەردەم جیهاندایە ، ئایا توانای رووبەڕووبونەوەی پەتا ئێستا باشترە وەک لە پێش کۆرۆنا؟
کارڵ لاوتەباخ: بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا پەتای زیاترمان دەبێت. ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیسیۆنی ئەوروپا، وڵاتانی وەک فەڕەنسا، ئەڵمانیا ،ئەمریکا و ژاپۆنیش کە پێشەنگایەتییان کردووە، پارە کۆدەکەنەوە. پێموایە ئێمە بەرەو پێشەوە دەڕۆین، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بەرهەمهێنانی وزە بگۆڕین بۆ وزە نوێیەکان، بەو شێوەیە گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانرێت سنووردار بکرێت و مەترسییە زۆرەکانی پەتاکان سنووردار بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ