رووداو - هەولێر
لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگەییکردنی تەقەکەرێکی نیویۆرک کە لە ساڵی 2022 دا 10 کەسی رەشپێستی کوشتبوو، پیاوێک لە کەسوکاری قوربانیان خۆی پێناگیرێت و هێرشدەکاتە سەر تاوانبارەکە.
رۆژی چوارشەممە، 15ـی شوباتی 2023، لە نیویۆرکی ئەمریکا دادگەییکردنی تەقەکەرێک بە ناوی پایتۆن جێندرۆن بەڕێوەچوو. کەسێک لە ناکاو هێرشیکردە سەر جێندرۆن و ویستی لێی بدات، بەڵام لەلایەن پۆلیسی دادگەوە رێگریی لێکرا و دوای ئەوەی دۆخەکە هێوردبووەوە، دادگەییکردنەکە دەستیپێکردەوە.
جێندرۆن کەسێکی سپی پێستی تەمەن 19 ساڵە؛ لە مانگی ئایاری 2022 دا لە فرۆشگەیەکی سەوزەواتدا لە شاری بوفاڵۆی ویلایەتی نیویۆرک، هێرشیکردە سەر چەند کەسێکی رەشپێست و 10 کەسی کوشت. ئەوانەی کوژرابوون، تەمەنیان لەنێوان 20 ساڵ و 86 ساڵیدا بوو.
جێندرۆن، پێشتر لە مانگی تشرینی دووەمی 2022دا دانی بە تاوانەکەیدا نابوو، لەنێویدا دانی بە تیرۆری نێوخۆیی بەهۆی پاڵنەری رقەوە نابوو. ئەوانەی تاوانی تیرۆریان بەسەردا ساخدەبێتەوە، بەشێوەیەکی راستەوخۆ زیندانی تاهەتاییان بۆ دەبڕێتەوە.
لە دانیشتنی دادگەدا، ژمارەیەک کەسوکاری قوربانیان، وەکو شایەت چەند گوتەیەکیان پێشکێشکرد.
لەدوای گوێگرتن بۆ گوتەکانی کەسوکاری قوربانییان، دادوەر سزای بەندکردنی تاهەتایی بەسەر پایتۆن جێندرۆندا سەپاند.
لەبارەی ئەو کەسەی لەنێو هۆڵی دادگەدا هێرشیکردە سەر پایتۆن، دادوەر گوتی "هیچ سزایەک نادرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ