رووداو دیجیتاڵ
ئاسمانەوانێکی ئەمریکی و دووی رووسی، بە کەشتییەکی رووسی، رۆژی هەینی گەشتیان کرد بۆ وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی نێودەوڵەتی.
لۆرال ئۆهارا، ئاسمانەوانی سەر بە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکی - ناسا، لەگەڵ دوو ئاسمانەوانی رووسی بە ناوەکانی ئۆلێگ کۆنۆنێنکۆ و نیکۆلای چەب، لە بنکەی بایکۆنور لە کازاخستان، کەشتییەکەیان بەرەو وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی نێودەوڵەتی هەڵدرا و دوای سێ کاژێر گەیشتە شوێنی مەبەست.
ئاسمانەوانە ئەمریکییەکە شەش مانگ و دوو رووسییەکەش ساڵێک لە وێستگە نێودەوڵەتییەکەی خولگەی زەوی دەمێننەوە.
بڕیار بوو ئەو سێ ئاسمانەوانە بەهاری رابردوو گەشتەکەیان بکەن، بەڵام کەشتییەکەیان بۆ سێ ئاسمانەوانی دیکە نێردرایە وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی پێی بگەڕێنەوە سەر زەوی، چونکە کەشتییەکەیان لە کاتی وەستانی لە وێستگەکە، تووشی کێشەیەکی تەکنیکی ببوو.
هەر بە هۆی ئەو کێشە تەکنیکییەوە، مانەوەی ئەو ئاسمانەوانە، کە ئەوانیش دووانی رووسی و یەکێکیان ئەمریکییە، لە وێستگەکە درێژکرایەوە.
ئۆهارا و چەب یەکەمین جاریانە دەچنە بۆشایی ئاسمان، بەڵام کۆنۆنێنکۆ لە گەشتی پێنجەمیدایە بۆ وێستگەکە.
ئێستا حەوت ئاسمانەوانی دیکە لە وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی نێودەوڵەتیدان، کە خەڵکی ئەمریکا، رووسیا، دانیمارک و ژاپۆنن.
لە کۆتایی مانەوەی یەک ساڵییەکەیدا، کۆنۆنێنکۆ ژمارەی کاتی پێوانەیی لە مانەوە لە ئاسماندا تۆماردەکات، کە دەکاتە سەروو هەزار رۆژ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ