رووداو دیجیتاڵ
کۆریای باکوور بە تووندی سەرکۆنەی راگەیێندراوی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جی حەوت دەکات، کە رەخنەیان لە بەرنامەی ئەتۆمیی پیۆنگ یانگ گرتبوو.
کۆریای باکوور پێیوایە، پێویستە کۆمەڵەی حەوت ئابوورییە دەوڵەمەندەکە "دەستبەجێ" هەڵبوەشێتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا، کە هەفتەی رابردوو بڵاویانکردبووەوە، وەزیرانی دەرەوەی کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا، ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا بانگەوازی لەمێژینەی خۆیان بۆ "داماڵینی نیمچە دوورگەی کۆری لە چەکی ئەتۆمی" دووپاتکردەوە.
وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت هەروەها داوایانکرد پیۆنگ یانگ دەستبەرداری چەکە ئەتۆمییەکەی بێت و بە تووندی سەرکۆنەی گواستنەوەی ئەم دواییەی چەکیان لە کۆریای باکوورەوە بۆ رووسیا کرد، هەروەها داوایان کرد، ئەو دوو وڵاتە "دەسبەجێ هەموو کارێکی لەو جۆرە بوەستێنن."
کۆریای باکوور ساڵی رابردوو خۆی وەک هێزێکی ئەتۆمیی "پاشەکشەنەکەر" راگەیاند و گوتی هەرگیز دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت، کە پیۆنگ یانگ بۆ مانەوەی خۆی بە پێویستی دەزانێت.
جۆ چۆلسوو، بەرپرسی پلە باڵای وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور گوتی، "بە تووندی و تەواوی" سەرکۆنەی راگەیێندراوی جی حەوت دەکات و بە "بێ بنەما" داینا.
ئەو بەرپرسە گوتی، ئەندامانی کۆمەڵەی حەوت ئابوورییەکە، بە دیاریکراوی ئەمریکا، "مێژووی پڕ لە شەرمەزارییان هەیە لە زیانگەیاندن بە ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی،" گرووپەکە "رەوایەتیی مانەوەی خۆی لەدەستداوە."
جۆ گوتی: "کۆمەڵەی حەوت، پاشماوەی جەنگی ساردە، پێویستە دەستبەجێ هەڵبوەشێتەوە."
هەروەها گرووپەکەی بە "تێکدەری ئاشتی، سەرشێتی رووبەڕووبوونەوە و بازرگانی جەنگی ئەتۆمی" ناوبرد.
کۆریای باکوور و رووسیا کە دوو هاوپەیمانی مێژوویین، هەردووکیان لە ژێر سزای نێودەوڵەتیدان، مۆسکۆ بەهۆی شەڕی ئۆکراینا و پیۆنگ یانگیش لەبەر بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکەکانی.
هاوئاهەنگیی سەربازیی نێوانیان لە زیادبوونی بەردەوامدایە، کە ئەوەش بووەتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ ئۆکراینا و هاوپەیمانەکانی، بە تایبەتی دوای لووتکەی نێوان کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور و ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە مانگی ئەیلوول.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ