سەرۆکی ئەمریکا داوای پاراستنی نەخۆشخانەی شیفای غەززە دەکات

14-11-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هیوای خواست ئیسرائیل نەخۆشخانەی شيفای کەرتی غەززە "بپارێزێت" کە گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتەکەیە و تانک و هێزەکانی ئیسرائیل بە بەیانووی بوونی چەکدارانی حەماس، لێی نزیکدەبنەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، لە کۆشکی سپی، رۆژنامەڤانان پرسیاریان لە بایدن کرد، کە ئایا لە بارەی نەخۆشخانەکانەوە نیگەرانیی خۆی بە ئیسرائیل گەیاندووە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "پێویستە نەخۆشخانەکە بپارێزرێت،" هەروەها گوتی، لەسەر ئەم پرسە "لەگەڵ ئیسرائیلییەکان لە پەیوەندیی بەردەوام" دایە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها باسی لەوە کرد کە رێککەوتنێک بۆ "ئازارکردنی بارمتەکان" هێشتا بە نێوەندگیریی قەتەر لە ژێر دانوستاندندایە. هیواشی خواست، ئیسرائیل هەنگاوی کەمتر بۆ چوونە نێو نەخۆشخانەی شیفا بگرێتەبەر. 
 
نەخۆشخانەکانی دیکەشی غەززە رووبەڕووی هەمان دۆخ دەبنەوە، لە کاتێکدا کە سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو نەخۆشخانانە ژێرخانی ستراتیژیی حەماسیان تێدایە، بەڵام حەماس ئەو قسانە رەتدەکاتەوە. 
 
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە رۆژی دووشەممە، رایگەیاند سوپای ئیسرائیل "درۆ" بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی وەک پاساوێک بۆ وێرانکردنی نەخۆشخانەکان و کوشتنی نەخۆشخەکان بەکاریبێنێت. 
 
کۆی گشتی ئەوانەی، کە لە سەرەتای ئەم جەنگەوە لە کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون گەیشتووەتە لانیکەم 11 هەزار و 240 کەس کە لەنێویاندا لانیکەم چوار هەزار و 630 منداڵ و سێ هەزار و 130 ژن هەن. هەروەها لانیکەم 27 هەزار و 490 کەسی دیکە برینداربوون، کە لانیکەم هەشت هەزار و 663 یان منداڵن، ئەوە بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە.
 
لە کەرتی رۆژئاواش لانیکەم 183 فەلەستینی لە 7ی تشرینی یەکەمەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون کە 44 منداڵ و ژنیان لەنێودایە، هەروەها زیاتر لە دوو هەزار و 400ی دیکەشیان بریندار بوون. 
 
بەگوتەی سوپای ئیسرائیلی، لە ئیسرائیلیش تاوەکو ئێستا هەزار و 200 کەس کوژراون و پێنج هەزار و 600ی دیکەش بریندار بوون. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە