کوردێکی خەڵکی ئەفغانستان: لە وڵاتەکەماندا زیاتر لە 350 هەزار کورد هەن

14-07-2023
دیار کوردە @diyarkurda
 دیار کوردە لە ئەمریکا چووەتە ماڵی کوردێک و ئەو چیرۆکی کوردانی ئەفغانستان دەگێڕێتەوە
دیار کوردە لە ئەمریکا چووەتە ماڵی کوردێک و ئەو چیرۆکی کوردانی ئەفغانستان دەگێڕێتەوە
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد نادر، کوردێکی خەڵکی ئەفغانستانە و لە دوای کۆنترۆڵکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن تاڵیبان، چووەتە ئەمریکا و بە گوتەی خۆی، بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و بنەماڵەکەیان لەسەردەمی شا عەباسی سەفەوییەوە کەوتوونەتە ئەفغانستان و لەوێ گیرساونەتەوە. دەشڵێت، زیاتر لە 350 هەزار کورد لە ئەفغانستان دەژین.
 
محەممەد نادر بە رووداوی گوت، "دەبێ بڵێم شوناسی من لە بنەڕەتدا کوردییە و لە کوردستانی ئێرانەوە لە سەردەمی شا عەباسی سەفەوی لە ساڵی 1169 لە ئێرانەوە کۆچیان پێدەکرێت بۆ ناوچەی قەندەهاری ئەفغانستان. ئەمە مەلا مستەفای بارزانییە و ئەمەش برای گەورەمان کاک مەسعود بارزانییە. ئەمەش کتێبێکە کە تێیدا نووسراوە لە چ سەردەمێکدا لە ئێرانی سەفەوییەوە هاتووینە ئەفغانستان. ئەمەش بەڵگەیەکی بۆ هەیە کە خستوومانەتە کتێبەکەی خۆمانەوە. لە لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکەشدا، باس لەوە دەکات لەنێو هەموو ئەو پێکهاتانەی لە ئەفغانستاندا دەژین، عەشیرەتی 'رێکاکان' هەیە."
 
بەگوتەی محەممەد، ژمارەی کورد لە ئەفغانستان زیاتر لە 350 هەزار کەس دەبن، کۆمەڵەیەکی بچووکیان بۆخۆیان دروستکردووە و پەیوەندیی بەهێز لەنێویاندا هەیە، پاشناوی زۆربەی کوردەکانیش لە ئەفغانستان لەسەر ناسنامە نووسراوە کورد و هەروەها چەند ساڵێک دەبێت، کۆمەڵە و ئاڵای تایبەت بەخۆشیان دروستکردووە.
 
محەممەد نادر، کوردی ئەفغانستان دەڵێت، "لە کۆنفرانسی رۆژهەڵاتناسیدا دکتۆر بیلۆی رۆژهەڵاتناس لەبارەی کوردانی ئەفغانستان گوتبووی: 20 هەزار خانەوادە لە ئەفغانستان لە ساڵی 1191 هەن. ئێستا ئێمە داتابەیسێکی پێکهاتەی کوردمان لە ئەفغانستان هەیە و سەرژمێریمان کردووە کە لە نێوان 50 تاوەکو 85 هەزار کورد لە ئەفغانستان هەن. پێش شەش ساڵ دەستپێشخەرییەکمان کرد بۆ یەکگرتووکردنی کوردانی ئەفغانستان کرد. لە هەموو ویلایەتەکان ناودارانمان کۆکردەوە و ئەنجوومەنێکمان پێکهێنا. ئەنجوومەنەکە بۆردێکی سەرکردایەتی هەیە. سەرکردایەتی هەر مانگێک کۆبوونەوەیەکیان هەیە و ئەنجامی کۆبوونەوەکە بە هەموو کوردانی ئەفغانستان رادەگەیێنن."
 
محەممەد بەردەوام دەبێت لە قسەکانی و دەشڵێت، "لەسەردەمی کۆماریدا ئێمە توانیمان لە نێوان 43 نەتەوەدا کە دەیانتوانی بۆ شوناسی خۆیان ناسنامەی ئەلیکترۆنی وەربگرن، کوردەکانیش توانییان ناسنامەکەیان وەکو کورد وەربگرن و کارتی ئەندامێتییان لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە بەسەردا دابەشکران. ئێستا کوردەکان رێکخستنێکی زۆر رێکوپێکیان هەیە و لاپەڕەیەکی ئەلیکترۆنییان لە بەشی میدیادا هەیە".
 
محەممەد دوو پەرتووکی تایبەت بە کورد نووسیوە، یەکێکیان تایبەتە بە ژیانی کورد و نەتەوەکانی دیکە، ئەوەی دیکەش تایبەتە بە رەچەڵەک و مێژوو و ژیانی کوردی ئەفغانستان، کە هێشتا چاپ و بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام بە نیازە لە داهاتوودا بە زمانەکانی پەشتۆ، دەری، بەلوچی، کوردی، فارسی و ئینگلیزیش بڵاویان بکاتەوە.
 
کوردی ئەفغانستان لە کوردی کوردستانی گەورە دابڕاون، بەگوتەی محەممەد، بەهۆی ئەو دۆخەی ئەفغانستانەوە، نەیانتوانیوە بە ئاسانی پەیوەندی لەگەڵ کوردی هەرچوار بەشەکەی کوردستان دروستبکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵیانداوە لە کەناڵە فەرمییەکان ئەو پەیوەندییە دروست بکەن، لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان نامەی فەرمییان ناردووە بۆ وەزارەتەکانی دەرەوەی تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق، بەڵام نامەکانیان بەبێ وەڵام ماونەتەوە، هاوکات ئەو هەوڵانەشیان سەرکەوتوو نەبووە کە داویانە بۆ سەردانکردنی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی.
 
محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، "لە سەردەمی کۆماریدا ئێمە چوار نامەی فەرمیمان نووسی، نامەیەکمان نووسی بۆ کوردستانی ئێران، نامەیەکمان نووسی بۆ کوردستانی عێراق، نامەیەکمان نووسی بۆ کوردستانی سووریا و نامەیەکمان بە فەرمی نووسی بۆ کوردستانی تورکیا. داوامان کرد لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە بگاتە بەشەکانی کوردستان. بانگهێشتمان کردووە لە برایانی کورد کە بێن و یەکتر بناسین و شوناسی خۆمان لەگەڵ یەک پێناسە بکەین. نامەمان بە فەرمی نووسیبوو، بەڵام وەڵامی نامەکەمان لەلایەن بەغداوە نەگەڕایەوە. دەمانوسیت بێین لەگەڵ براکانمان و گەورەکانمان و لەگەڵ مەسعود بارزانی، رێبەی قارەمانمان دیدارێکمان هەبێت و قسەیان لەگەڵ بکەین، ئێمە پلانێکی ستراتیژیمان هەبوو. زۆر هەوڵماندا بێین، بەڵام نەمانتوانی بگەینە ئەو و بەڕێزیان ببینین".
 
نەوەی نوێیی کوردی ئەفغانستان بەهۆی دوورییان و تێکەڵبوونی لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەفغانی، زمانی کوردی فێرنەبوونە و هەروەها نەیانتوانیوە بەباشی پارێزگاری لە کولتوور و زمان و جلوبەرگی کوردی بکەن، بەڵام هێشتا هەستی کوردایەتی لە نێویاندا بەهێزە و بەشانازییەوە خۆیان بە کورد دەزانن.
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی، چوونی کورد بۆ ئەفغانستان دەگەڕێتەوە بۆ چوار سەدە بەر لە ئێستا، ئەمەش لەدوای ئەوەی لەسەردەمی سەفەوییەکان ژمارەیەک خێزانی کورد بەمەبەستی پاسەوانیکردن لە سنوورەکانی دەوڵەتی سەفەوی لە دژی تورک و مەغۆلەکان بۆ ئەو ناوچانە گوازراونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە