رووداو دیجیتاڵ
دوای 20 ساڵ لە دانانی تۆڕی مۆبایل لە ئەفغانستان بۆ یەکەمجار قەزای باغران لە پارێزگای هێلمەند لە باشووری ئەفغانستان بە جیهان دەبەسترێتەوە. تازە ئەو قەزایە تاوەری تەلەفۆنی مۆبایلی بۆ دادەنرێت.
عەبدولغەنی، هاووڵاتییەکی قەزای باغرانە لە ئەفغانستان و دەڵێت، "خەڵک دڵخۆشن، شیرینی و خواردن دابەش دەکرێت. خەڵکەکە بەڵێنیاندا بەدانانی ئەو تاوەرە، کاری زیاتریش بکەن."
شەڕی چەندین ساڵەی ئەفغانستان، هۆکاری نەگەیشتنی تاوەری مۆبایلە بۆ ئەو ناوچەیە.
عەبدولهادی، پاسەوانێکە لەو ناوچەیەی ئەفغانستان و دەڵێت، "هیچ کەس نەیتوانیوە لە رابردوودا ئەم کارە بکات. دۆخەکە خراپ بوو و زۆربەی رێگە سەرەکییەکان شەڕی تێدا بوو، نەدەتوانرا تاوەری مۆبایل دابنرێت و کەس نەیدەوێرا بێت."
نەبوونی تۆڕی مۆبایل کێشەی بۆ چەکدارانی تاڵیبانیش دروستکردبوو.
قورەیشی دیندۆست، بەڕێوەبەری ئیدارەی باغران گوتی، "پەیوەندی زۆر گرنگە، چەکدارانی تاڵیبانیش کێشەی پەیوەندیکردنیان هەبوو، خەڵکەکەش هەمان کێشەیان هەبوو. هەندێکجار کە دەچوونە نەخۆشخانە یان گەشتێکیان هەبوو، هەتا دەگەڕانەوە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکەیان نەبوو."
لە ساڵی 2002وە تۆڕی مۆبایل لە ئەفغانستان دانراوە و لە ساڵی 2016 بەکارهێنەرانی مۆبایل لەو وڵاتە گەیشتە 32 ملیۆن کەس، بەڵام لە دوای کشانەوەی وڵاتانی رۆژئاوا و هاتنەوە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان ئێستا 27 ملیۆن بەکارهێنەری مۆبایل لە ئەفغانستان هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ