رووداو دیجیتاڵ
دوای پەیوەندیێکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هۆشداری دەدات کە تێکچوونی زیاتری دۆخی ئەمنیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "لە بەرژەوەندیی هیچ کەسدا نابێت."
کامیرۆن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رۆژی شەممە رایگەیاند "ئەمڕۆ، قسەم لەگەڵ یسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کرد بۆ ئەوەی نیگەرانییە هاوبەشەکانمان لە بارەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل تاوتوێ بکەین."
کامیرۆن دەڵێت "دروستبوونی گرژیی زیاتر لە ناوچەکە لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە و مەترسیی گیانلەدەستدانی زیاتری خەڵکی سڤیلی لێدەکەوێتەوە."
ناوچەکە بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل دژی یەکدی، بە بارگرژی و ناڕوونیدا تێدەپەڕێت.
ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرئیل دەکات لە تۆڵەی هێرشەکەی یەکی نیسان بۆ سەر کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی حەوت پاسدار کە دووانیان فەرماندە بوون.
کامیرۆن دەڵێت "بەریتانیا بەردەوامدەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ پشتیوانیکردن لە ئاساییشی هەرێمی."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رۆژی پێنجشەممە، رایگەیاندبوو کە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی قسەیکردووە.
کامیرۆن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیبووی "ئەمڕۆ بۆ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانم روونکردەوە کە نابێت ئێران رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بخزێنێتە نێو ململانێیەکی فراوانتر."
کامیرۆن هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو "زۆر نیگەران"ـە لەوەی "لێکدانەوەی هەڵە ببێتە هۆی گرژیی زیاتر" و، داوای کرد ئێران "کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و رێگری لە هێرشی زیاتر بکات."
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، پێشبینی دەکەن ئێران "زوو" هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بکات.
رۆژی شەممە، کەشتییەکی بازرگانی کە خاوەنەکەی هاووڵاتییەکی ئیسرائیلییە، لە نزیک گەرووی هورمز لە لایەن هێزی کۆماندۆی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا.
بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، چاوەڕوان دەکرێت هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەمجارەی ئێران، پێگەکانی نێو ئیسرائیل بکاتە ئامانج.
زیادبوونی ئەم گرژیانە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس کە زیاتر لە شەش مانگە بەردەوامە و بووەتە هۆی وێرانبوونی کەرتی غەززە و، گیانلەدەستدانی زیاتر لە 33 هەزار و 600 فەلەستینی و برینداربوونی 76 هەزار و 200ـی دیکە.
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا، بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران و 250ی دیکە بە بارمتە گیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ