رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا هۆشداریی بە هاووڵاتییەکانی دا بۆئەوەی ئێران جێبهێڵن و دەڵێت، "مەترسیی هەڵچوونێکی کتوپڕ هەیە."
بەرلین دەڵێت، مەترسی هەیە گرژییەکان "بەشێوەیەکی کتوپڕ هەڵبچن،" لە کاتێکدا ناکۆکییەکانی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتوونەتە لووتکە.
ئەڵمانیا دەڵێت، مەترسی هەیە هاووڵاتییە ئەڵمانییەکان لەو دۆخەدا، "بە شێوەیەکی هەڕەمەکی" دەستگیر بکرێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لەم گرژیانەدا، بەتایبەتی لەوانەی کە لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدان، مەترسیی هەڵچوونێکی کتوپڕ هەیە. بەدوور نابیندرێت کاریگەریی لەسەر رێگە ئاسمانی، وشکانی و دەریاییەکان هەبێت."
وەزارەتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هاووڵاتییانی ئەڵمانی لە مەترسیی راستەقینەی دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و لێپرسینەوە و بەندکردندان. بەتایبەتی ئەو هاووڵاتییانەی هەڵگری دوو وڵاتینامەی ئێرانی و ئەڵمانین، لە مەترسیدان."
ئێران هەڕەشەی کردووە کە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لە تۆڵەی هێرشە ئاسمانییەکەی 1ی نیسان بۆسەر کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، کە بووە هۆی کوژرانی حەوت پاسدار، کە دووانیان فەرماندە بوون.
تاران هێرشەکەی خستووەتە ئەستۆی ئیسرائیل. ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەیەوە نەبووە، بەڵام رایگەیاندووە، بە تووندی وەڵامی هەر هەڕەشەیەکی ئێران دەدەنەوە.
ئەمریکای هاوپەیمانیی ئیسرائیل هۆشداریی بە ئێران داوە کە هێرش نەکات. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی ئاماژەی بەوە کرد کە پێشبینی دەکەن، ئێران "زوو" هێرش بکات، بەڵام هۆشداریی بە تاران دا کە هەنگاوێکی لەو جۆرە نەنێت و باسی لەوە کرد، ئەمریکا پشتیوانیی لە ئیسرائیل دەکات و "ئێران سەرکەوتوو نابێت."
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی رۆژی هەینی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبوو کە چاوەڕواندەکرێت لە 24 تا 48 کاژێردا ئێران هێرشەکەی بکات.
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ئەڵمانیی لوفتهانزاش تاوەکو 18ی نیسان هەموو گەشتەکانی بۆ ئێران وەستاندووە.
کۆمپانیاکە رۆژی هەینی راگەیاند دوای "هەڵسەنگاندنی هۆشیارانە" کە بە بەکارهێنانی هەڵسەنگاندنی ئەمنیی حکومەت لە بارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کراوە، بڕیاریانداوە درێژە بە وەستاندنی گەشتەکانیان بۆ ئێران بدەن کە لە هەفتەی رابردووەوە رایگرتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ