رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتێکی ئاشکرانەکراو، رووسیا سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا بە کەسێکی "داواکراو" رادەگەیێنێت.
داتابەیسی وەزارەتی نێوخۆی رووسیا پێشانیدەدات کە کایا کالاس، سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا لە لیستی داواکراوەکاندایە.
ئیستۆنیا ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە و لەگەڵ رووسیایە هاوسنوورە؛ کالاس لە ساڵی 2021ـەوە سەرکردایەتیی وڵاتەکە دەکات.
داتابەیسەکەی وەزارەتی نێوخۆی رووسیا دەڵێت، خانمە سەرۆکوەزیرانەکە "بەپێی یاسای تاوانکاری" داواکراوە، بێ ئەوەی روونیبکاتەوە تۆمەتەکەی چییە.
پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و ئیستۆنیای ئەندامی ناتۆ لە دەوای جەنگی ساردەوە بە گرژی ماونەتەوە.
کەمینەیەکی رووسیی بەرچاو لە ئیستۆنیا دەژین.
رووسیا چەندین جار رەخنەی توندی لە ئیستۆنیا گرتووە لە بەرامبەر لادان و لەنێوبردنی مۆنیومێنتەکانی سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت.
رووسیا کایا کالاس، سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا بەهۆی "کەیسی تاوانکارییەوە" دەخاتە لیستی داواکراوەکانیەوە
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 13, 2024
ئیستۆنیا ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە و لەگەڵ رووسیایە هاوسنوورە pic.twitter.com/ld8ThBCZF0
ئیستۆنیا ئەو مۆنیومێنتانە بە سیمبولی نەخوازراوی داگیرکاریی سۆڤیەت دەبینێت.
هەر لەم مانگەدا، مۆسکۆ دیپلۆماتەکانی سێ وڵاتە دراوسێ بەڵتیکییەکەی بانگهێشتکردبوون بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆی پێیان بگەیێنێت، دوای ئەوەی کە بە هەوڵدان بۆ "تێکدان"ی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا کە مانگی داهاتوو دەکرێت، تۆمەتباریکردبوون.
وەزارەتی نێوخۆی رووسیا هەروەها تایمار پیتەرکۆپ، وەزیری دەرەوەی ئیستۆنیا؛ سیمۆناس کایریس، وەزیری کولتووری لیتوانیا؛ چەند ئەندامێکی پەرلەمانی لاتڤیا و دوو بەرپرسی پۆڵەندای خستووەتە لیستی داواکراوانەوە.
رۆژی سێشەممە، کایریس مۆسکۆی بە شێواندنی راستییەکان تۆمەتبارکرد و گوتی: "رژێم هەر ئەو شتە دەکات کە هەمیشە کردوویەتی. هەوڵدەدات ئازادی بەرتەسک بکات و چیرۆکی تایبەت بە خۆی هەڵببەستێک کە لە راستی و لۆجیک دوورن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ