رووداو دیجیتاڵ
چین بە بەکارهێنانی رەوە درۆنێک دەستکاری کەشوهەوا دەکات بۆ ئەوەی لەو ناوچانەی بەفری کەمە، زیاتر ببارێت.
درۆنەکان بۆ یەکەمجار بۆ ئەو مەبەستە لە زنجیرە چیای کونلون لە هەرێمی شینجیانگ بەکارهێنران.
لەو شوێنە هەڵمی ئاو لە نێو هەورەکاندا زۆرە، بەڵام خۆڕسکانە نابێتە بەفر. چین لە رێگەی درۆنەکانەوە ژمارەیەک ماددەی کیمایی بەنێو هەورەکاندا بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی هەڵمەکە ببێتە بەفر و ببارێت، تاوەکو دواتر بەفرەکە سوود بە ئاوی ژێر زەوی بگەیێنێت و کانی و رووبارەکان بژیێنەوە.
ئەم کارە کە پێیدەگوترێت هاندانی دەستکردی بەفربارین، لە شوێنەکانی دیکە بە فڕۆکە، مووشەک یان ئامێری تایبەت لە زەوییەوە دەکرێت.
بەڵام بەرزایی چیاکانی کونلون دەگاتە سێ هەزار و 500 مەتر بۆیە ئاستی ئۆکسجین لەوێ کەمە و ئاسان نەبوو هەمان شێواز بەکاربهێنرێن، چونکە فڕۆکەوانەکان و بزوێنەری فڕۆکەکانیش لە نەبوونی ئۆکسجیندا تووشی کێشە دەبن، بۆیە درۆن بەکاردەهێنرێن.
درۆنەکان بۆ ماوەیەکی درێژ دەتوانن لە ئاسمان بمێننەوە و چوار هەزار و 200 مەتر لە زەوییەوە بەرز ببەنەوە.
چین دەزگایەکی هەیە بە ناوی ناوەندی دەستکاریکردنی کەشوهەوا. لە سەرەتای 2024ـەوە، ئەو دەزگایە 23 جار بە درۆنی گەورە و مامناوەد، هەورەکانی پیتاندووە، واتە ماددەی کیمیایی هاندەری بەنێو هەورەکاندا بڵاوکردوونەتەوە بۆ ئەوەی بەفر و باران ببارێن.
زنجیرە چیاکانی کونلون سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی سازگاری رۆژئاوای چینن. سەرکەوتنی ئەم کارەی چین دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ