کوردێکی دیاسپۆرا 11 کتێبی چاپکراوی هەیە

13-01-2023
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
مزگین حەسکۆ، نووسەر و شاعیرێکی کوردی دیاسپۆرانشینە
مزگین حەسکۆ، نووسەر و شاعیرێکی کوردی دیاسپۆرانشینە
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو - ئەڵمانیا

مزگین حەسکۆ، نووسەر و شاعیرێکی کوردی دیاسپۆرانشینە، لە ساڵانی 90ـەوە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانی بەجێهێشتووە و لە ئەڵمانیا دەژی. دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە یەکەمین بەرهەمی هەلبەستی خۆی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە و تاوەکو ئێستا 11 هەلبەستی چاپکراوی هەیە.
 
مزگین بووەتە کەسێکی سەرکەوتوو و، ناوێکی دیار لە ئەڵمانیا. ئەو کە دایکی سێ منداڵە، ماوەیەکە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و شەڕێکی دەستەویەخە لەگەڵ نەخۆشییەکەی دەکات. 
 
مزگین حەسکۆ، نووسەر و شاعیر بە رووداوی گوت، "ئەگەر دیوانەکە گەورە بێت، رەنگە چاوەکانت ماندوو بکەن. من وای دەبینم کە لە ئەڵمانیا تابلۆیەک دەردەچێت کە هەلبەستێکی بچووکی لە تەنیشتەوەیە، بەو شێوەیە مرۆڤ عیشقی بۆ خوێندنەوەی ئەو هەلبەستە دەبێت و حەز دەکات بیخوێنێتەوە."
بەشێک لە کوردانی ئەڵمانیا هەلبەست و زمانی نووسینی حەسکۆ بە "کۆن و رابردوو" ناودەبەن، بەڵام حەسکۆ بۆچوونێکی جیاوازی هەیە و دەڵێت، "زۆر کەس هەلبەست ئاسان دەبینن و دەڵێن هەلبەست ئاسانە، بەڵام هەلبەستڤانەکان خۆیان دەزانن کە ئاسان نییە."
 
لەو ماڵەی کە ئەو نووسەر و شاعیرە کوردە بەشی زۆری تەمەنی تێیدا بەڕێکردووە، پەرتووکخانەیەکی پڕ لە بەرهەمی عەرەبی هەیە و کەمتر کتێب و بەرهەمی عەرەبی تێدا دەبینرێت. حەسکۆ لەنێو ئەو ماڵەدا لە پاڵ ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی و ژیانی کۆمەڵایەتی، شوێنێکی ئامادەکردووە تایبەت بە نووسین و خوێندنەوە.
 
مزگین حەسکۆ، نووسەر و شاعیر لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ خوێندەوەی کتێبی دیجیتاڵی دەڵێت، "خوێندنەوەی کتێبی دیجیتاڵی وەک ئەوە وایە کە منداڵەکەت لەو دیو پەنجەرەوە لە باوەش بکەیت. من وا بە باش دەبینم کە پەرتووک لەنێو دەستەکانت بێت و بیخوێنیتەوە، بۆیە ئەوە جیاوازیی زۆری هەیە."
 
مزگین لە ساڵی 1992وەوە رۆژئاوای کوردستانی بەرەو ئەڵمانیا جێهێشتووە و لەوکاتەوە لەو وڵاتە دەژی. مزگین نزیکەی ساڵێکە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە، بەڵام بە ورەیەکی پۆڵایینەوە رووبەڕووی وەستاوەتەوە و دەڵێت، ناترسێت.
 
حەسکۆ لەبارەی نەخۆشییەکەیەوە دەڵێت، راستە تووشی ئەو نەخۆشییە بووە، بەڵام ئێستا تەندروستی پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هەوڵدەدات رووبەڕووی ئەو نەخۆشییەوە ببێتەوە و بەردەوام دەبێت لە نووسینەکانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە