هەڵبژاردنی بەریتانیا.. بەریتانییەكان بڕیار لەسەر دوو یەكێتی دەدەن

12-12-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن هەڵبژاردنی بەریتانیا
A+ A-
رووداو- هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی كانوونی یەكەم، خەڵكی بەریتانیا بۆ سێیەم جار لە چوار ساڵی رابردوودا دەچنەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان و نوێنەرانی داهاتووی پەرلەمانی وڵاتەكەیان هەڵدەبژێرن. هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنووسی بەریتانیا و یەكێتی ئەوروپا و چارەنووسی یەكێتیی خاكی بەریتانیاش دیاری دەكات.

هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆچی؟
 
لە 19ی تشرینی یەكەمی رابردوو، بۆریس جۆنسن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا نەیتوانی رێككەوتنە نوێیەكەی نێوان بەریتانیا و یەكێتیی ئەوروپا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی تێپەڕێنێ. هەر ئەوەش جۆنسنی ناچار كرد داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات، بەو هیوایەی زۆرینەی رەهای پەرلەمان بكەوێتە دەست پارتی موحافزكاری بەریتانیا و بێ كێشە رێككەوتنەكەی لەگەڵ ئەوروپییەكان جێبەجێ بكات.
 
جۆنسن دووەم سەرۆكوەزیرانی بەریتانیایە كە كار لەسەر برێگزت دەكات، دوای ئەوەی تێرێزا مەی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی بەریتانیا بەهۆی شكستهێنانی لە رازیكردنی پەرلەمان لەسەر رێككەوتنەكەی لەگەڵ برۆكسل، ناچار بوو لە تەمووزی ئەمساڵ واز لە پۆستەكەی بهێنێ.
 
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا پێشتر بەڵێنی دابوو هەرچۆنێك بێ لە رۆژی 31ی تشرینی یەكەم بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا دەربچێ، بەڵام شكستی رێككەوتنەكەی لە پەرلەمان ناچاری كرد داوای درێژكردنەوەی وادەی دانوستاندن هەتا 31ی كانوونی دووەمی 2020 بكات و بەریتانیاش تووشی هەڵبژاردنێكی پێشوەخت بكات.
 
برێگزت ناوی پڕۆسەیەكە كە دوای گشتپرسییەكەی حوزەیرانی 2016 لەبارەی مانەوە یان دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا دەستیپێكردووە. لەو گشتپرسییەدا 52٪ی بەریتانییەكان دەنگیان بۆ دەرچوون دا، بەو پێیەش حكومەتی لەندەن ناچار بووە دەست بە دانوستاندنێكی ئاڵۆز و هەمەلایەنە لەگەڵ ئەوروپییەكان بكات. برێگزت و چۆنێتیی جێبەجێكردنەكەی بابەتی سەرەكیی ناو مێشكی دەنگدەرانی بەریتانیا دەبێ.
 
هەڵوێستەكان لەبارەی برێگزتەوە
 
ئەگەر لایەنگرانی جۆنسن لە پارتی كۆنزەرڤاتیڤ زۆرینەی رەهای پەرلەمانی بەدەستبهێنن، ئەوە بەریتانیا بە رێككەوتنەكەی جۆنسنەوە یەكێتیی ئەوروپا جێدەهێڵێ. كێشەیەكی گەورەی جۆنسن ئەوەیە كە بەشێك لە پارتەكەی خۆیشی لەگەڵ جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا نین.
پارتی كار بە سەرۆكایەتی جێرمی كۆربن بەڵێنی داوە ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئەوجارەدا سەركەوتن بەدەستبهێنن، ئەوە جارێكی دیكە لەسەر برێگزت دەست بە دانوستاندن لەگەڵ ئەوروپییەكان دەكەن و ئەنجامی كۆتایی دانوستاندنەكان دەخەنەوە بەر دەنگدانی خەڵكی بەریتانیا.
 
سەركردایەتیی پارتی كار دەڵێن پڕۆسەی دانوستاندنەكان شەش مانگ دەخایەنێ و دوای ئەوە گشتپرسی لەسەر رێككەوتنە نوێیەكە دەكەن، كە تێیدا دوو بژارەی "دەرچوونی مەعقول" و "مانەوە" لە یەكێتیی ئەوروپا دەخرێتە بەردەستی دەنگدەران، بەڵام پارتی كاریش هاوشێوەی كۆنزەرڤاتیڤەكان بەدەست دووبەرەكییەوە دەناڵێنێ، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، 25 ئەندامی پەرلەمانی پارتەكە داوایان كرد واز لە بیرۆكەی گشتپرسیی دووبارە بهێنرێ.
 
ئەگەر بۆ خەڵكی ئینگتەرا مەسەلەی برێگزت تەنیا پەیوەندی بە دۆخی ئابووریی وڵاتەكەیانەوە هەبێ، ئەوە لای سكۆتلەندییەكان كێشەكە پەیوەندی بە پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەكانی سكۆتلەندیشەوە هەیە. 
 
پارتی نیشتمانیی سكۆتلەند داوا دەكات بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپادا بمێنێتەوە، لە حاڵەتی دەرچوونی بەریتانیاش داوای گشتپرسیی سەربەخۆیی بۆ سكۆتلەند دەكات. حكومەتی ئێدینبرە دەیەوێ ئەگەر بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا جیابێتەوە، لەو حاڵەتەدا سكۆتلەندیش لە بەریتانیا دەربچێ و بە سەربەخۆ داوای ئەندامێتیی لە یەكێتیی ئەوروپا بكات.
 
بە درێژایی سێ ساڵی رابردوو هیچ كێشەیەك هێندەی كێشەی سنوورەكانی نێوان ئێرلەندای باكوور و كۆماری ئێرلەندا كێشەساز نەبووە بۆ برێگزت. ئەگەر بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا دەربچێ، ئەوە ئێرلەندی باكووری چیدی ناتوانێ وەك پێشتر هاتوچۆی بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئێرلەندا هەبێ كە وڵاتێكی سەربەخۆی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپایە. ئەوەش كاریگەری لەسەر گومرگ و تەعریفەی گومرگیی نێوان هەردوو ئێرلەنداكە دەبێ.
 
بەپێی رێككەوتنە نوێیەكەی جۆنسن، ئەنجوومەنی ئیداری ئێرلەندی باكوور خۆیان دەتوانن بەگوێرەی زۆرینەی دەنگ رێساكانی گومرگی نێوان هەردوو ئێرلەندەكە دیاری بكەن. پارتی یەكێتییخوازی ئێرلەند (DUP) جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر بۆریس جۆنسن دوای هەڵبژاردنەكان جارێكی دیكە ببێتەوە سەرۆكوەزیران، ئەوە دەبێ لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپادا گۆڕانكاری بكات.
 
پارتی یەكێتییخواز لایەنگری جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپایە، بەڵام رەخنەی ئەوەی هەیە كە ئێرلەندییەكان جیاواز لە هەموو بەریتانییەكان حیسابیان بۆ كراوە و ئەوەش كێشە بۆ یەكێتیی خاكی بەریتانیا دروستدەكات. رەخنەیەكی دیكەی یەكێتیخوازەكان ئەوەیە كە رێساكان دەبێ بە تێگەیشتن و رێككەوتنی نێوان ئەوان و جیاخوازەكانی ئێرلەندا بێ، نەك بەپێی سیستەمی زۆرینە.
 
هەتا ئێستا دیار نییە كۆنزەرڤاتیڤەكان بتوانن زۆرینەی رەهای پەرلەمانی بەریتانیا بەدەستبهێنن، پارتی یەكێتیخوازی ئێرلەند رایگەیاندووە ئەگەر دەنگەكان لە نێوان پارتی كار و كۆنزەرڤاتیڤدا هاوسەنگ بن، ئەوە پارتەكەیان ئامادە نییە یارمەتی كۆربن بدات حكومەت پێكبهێنێ. بەگوێرەی دوایین راپرسییەكان پارتی كۆنزەرڤاتیڤ 43٪ و پارتی كار 32٪، پارتی لیبراڵ دیموكرات 14٪ و پارتی نیشتمانیی سكۆتلەند 3٪ی دەنگەكان دەهێنن و پارتەكانی دیكەش پێكەوە زیاتر لە 7٪ی دەنگەكان دەبەن. بەو پێیەش پارتی كۆنزەرڤاتیڤ لە كۆی 650 كورسی پەرلەمانی بەریتانیا 279 كورسی بەدەستدێنێ و ركابەرە سەرەكییەكەی 211 كورسی.
 
پارتی لیبراڵ دیموكراتی بەریتانیا دژی دەرچوونی بەریتانیایە لە یەكێتیی ئەوروپا و پشتگیری لە سازدانی گشتپرسییەكی دیكە دەكەن.
 
یەكێتی ئەوروپا و یەكێتیی خاكی بەریتانیا
 
جێبەجێكردنی برێگزت تەنیا بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا جیاناكاتەوە، بەڵكو هەڕەشە لە یەكێتیی خاكی بەریتانیاش دەكات. ئەمە هەر ئێستا لە نیگەرانییەكانی بەشە جیاجیاكانی بەریتانیا بۆ رۆژی دوای جێبەجێكردنی برێگزتدا دەركەوتووە. خەڵكی ئینگلتەرا ئەوەندەی نیگەرانی سیستەمی تەندروستیی بەریتانیا و ئاڵوگۆڕی بازرگانین، ئەوەندە لە خەمی چارەنووسی سكۆتلەند و ئێرلەندی باكووردا نین.
 
بەڵام ئێرلەندییەكان لەپاڵ پرسە ئابوورییەكان، نیگەرانی ئەوەشن برێگزت جارێكی دیكە وڵاتەكەیان تووشی شەڕێكی ناوخۆی خوێناوی بكات، بە تایبەتیش ئەگەر ئێرلەندییەكان لە نێو خۆیاندا لەسەر رێوشوێنێك رێكنەكەون كە بەدڵی جوداخوازەكان، یەكێتیخوازەكان و كۆماری ئێرلەند بێ. 55.8٪ی ئێرلەندییەكان لە گشتپرسییەكەی 2016 دەنگیان بۆ مانەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا دابوو.
 
سكۆتلەندییەكان پێیانوایە ئەوان برێگزتیان بەسەردا سەپێنراوە، لەبەر ئەوەی 62%ی سكۆتلەندا لە گشتپرسیی برێگزتدا دەنگیان بە مانەوە دابوو. نیكۆلای ستێرجن، سەرۆكوەزیرانی سكۆتلەند دەڵێت: "ئێمە دەنگمان بە برێگزت نەداوە. بۆیەش سەربەخۆیی دڵنیامان دەكاتەوە كە دڵنیا بین سكۆتلەند دەتوانێ كۆنتڕۆڵی داهاتووی خۆی بكات و كەسی دیكە لە جێی ئێمە بڕیارمان بۆ نەدات".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە