رووماڵی هەڵبژاردنی بەریتانیا.. پارتی پارێزگاران لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت

12-12-2019
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
بۆریس جۆنسن: بە زەبری چەکوش برێکزت جێبەجێ دەکەین، وێنە؛ AFP
بۆریس جۆنسن: بە زەبری چەکوش برێکزت جێبەجێ دەکەین، وێنە؛ AFP
نیشانەکردن هەڵبژاردنی بەریتانیا
A+ A-
رووداو - هەولێر
 
کاژێر 10ی ئەمڕۆ بەکاتی کوردستان وێستگەکانی دەنگدان لە بەریتانیا بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە و ملیۆنان خەڵک لەسەرتاسەری وڵاتەکە بەڕووی سندووقەکانی دەنگدانەوە رۆیشتن.
 
کێبکڕێی سەرەکی لەنێوان پارتی پارێزگاران و پارتی کارە، زۆربەی پێشبینییەکان ئاماژە بەوەدەدەن، پارتی پارێزگاران پێش پارتی کار دەکەوێتەوە، بەڵام بە جیاوازییەکی کەم.
 
هەشت پارت کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 650 کورسی پەرلەمانی دەکەن کە 326 کورسی زۆرینەیە. 
 
لە هەڵبژاردنی رابردوو پارتی پارێزگاران 317 کورسی بەدەستهێنا، کە دەکاتە 42%ی دەنگەکان، پارتی کار 262 کورسی بەدەستهێنا کە دەکاتە 40%ی دەنگەکان.
 
پارتی پارێزگاران بە سەرکردایەتی بۆریس جۆنسن بانگەشە بۆ ئەوە دەکات ئەگەر لەو هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بەدەستبێنێت، لە 31ی کانوونی دووەم بە هەر جۆرێک بێت لە یەکێتی ئەوروپا دەچێتە دەرەوە.
 
جێرێمی کۆربن، سەرکردەی پارتی کرێکاران کە بەردەوام رەخنەی لە پلان و بەرنامەی پارتی پارێزگاران دەگرت، لەگەڵ برێکزیتێک دانییە کە بەبێ رێککەوتنێک لە بەرژەوەندی بەریتانیا ئەنجامبدرێت. 
 
لە هەڵبژاردنی بەریتانیا چوار بەربژێری کورد هەن، نەدیم زەهاوی، بەربژێری پارتی پارێزگاران لە ستراتفۆرد کە خەڵکی خانەقینی باشووری کوردستانە.
 
فریاڵ کلارک، بەربژێری پارتی کارە، خەڵکی باکووری کوردستانە، ئیبراهیم دووگوس، بەربژێری پارتی کارە، خەڵکی باکووری کوردستانە، کاوە بەهەشتیزادە، بەربژێری پارتی لیبراڵ دیموکراتە، خەڵکی پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی كانوونی یەكەم، خەڵكی بەریتانیا بۆ سێیەم جار لە چوار ساڵی رابردوودا دەچنەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان و نوێنەرانی داهاتووی پەرلەمانی وڵاتەكەیان هەڵدەبژێرن. هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنووسی بەریتانیا و یەكێتی ئەوروپا و چارەنووسی یەكێتیی خاكی بەریتانیاش دیاری دەكات.

 

 
هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆچی؟
 
لە 19ی تشرینی یەكەمی رابردوو، بۆریس جۆنسن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا نەیتوانی رێككەوتنە نوێیەكەی نێوان بەریتانیا و یەكێتیی ئەوروپا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی تێپەڕێنێ. هەر ئەوەش جۆنسنی ناچار كرد داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات، بەو هیوایەی زۆرینەی رەهای پەرلەمان بكەوێتە دەست پارتی موحافزكاری بەریتانیا و بێ كێشە رێككەوتنەكەی لەگەڵ ئەوروپییەكان جێبەجێ بكات.
 
جۆنسن دووەم سەرۆكوەزیرانی بەریتانیایە كە كار لەسەر برێگزت دەكات، دوای ئەوەی تێرێزا مەی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی بەریتانیا بەهۆی شكستهێنانی لە رازیكردنی پەرلەمان لەسەر رێككەوتنەكەی لەگەڵ برۆكسل، ناچار بوو لە تەمووزی ئەمساڵ واز لە پۆستەكەی بهێنێ.
 
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا پێشتر بەڵێنی دابوو هەرچۆنێك بێ لە رۆژی 31ی تشرینی یەكەم بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا دەربچێ، بەڵام شكستی رێككەوتنەكەی لە پەرلەمان ناچاری كرد داوای درێژكردنەوەی وادەی دانوستاندن هەتا 31ی كانوونی دووەمی 2020 بكات و بەریتانیاش تووشی هەڵبژاردنێكی پێشوەخت بكات.
 
برێگزت ناوی پڕۆسەیەكە كە دوای گشتپرسییەكەی حوزەیرانی 2016 لەبارەی مانەوە یان دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا دەستیپێكردووە. لەو گشتپرسییەدا 52٪ی بەریتانییەكان دەنگیان بۆ دەرچوون دا، بەو پێیەش حكومەتی لەندەن ناچار بووە دەست بە دانوستاندنێكی ئاڵۆز و هەمەلایەنە لەگەڵ ئەوروپییەكان بكات. برێگزت و چۆنێتیی جێبەجێكردنەكەی بابەتی سەرەكیی ناو مێشكی دەنگدەرانی بەریتانیا دەبێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە