رووداو - هەولێر
ناسا وێنەیەکی دیکەی نوێی تەلەسکۆپی جەیمس وێبی بڵاوکردەوە. وێنەکە شێوەی 13 ملیار و 700 ملیۆن ساڵ لەمەوبەری تەمەئەستێرەیەک پیشاندەدات کە لە رۆژە سەرەتاییەکانی دوای گرمە گەورەکە دروستبووە. تەمە ئەستێرەکان لە هەوری گازی پێکدێن. شوێنی لە دایکبوون و مردنی ئەستێرەکانن.
کارل گۆردۆن، گەردوونناسی ناسا دەڵێت: "ئەمە تەمەئەستێرەیەکی شێوە هەسارەییە. بەهۆی ئەستێرەیەکی مردووەوە دروستبووە کە بەشێکی گەورەی بارستە زەبەلاحەکەی بە چەند شەپۆلێکی یەک بە دوای یەکدا دەرپەڕیوە."
رۆژی سێشەممە، ناسا لە بۆنەیەکی گەورەدا، چوار وێنەی سەرەتای دروستبوونی گەردوونی پیشانی مرۆڤایەتی دان، کە لەڕێگەی تەلسکۆپی جەیمس وێبەوە لە دووری 1.6 ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوییەوە گیراون. ئەوەش دوای ئەوەی کە رۆژی دووشەممە یەکەمین وێنەی تەلسکۆپە 10 ملیار دۆلارییەکە لە لایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە پەردەی لەسەر هەڵدرایەوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "شەش مانگ و نیو لەمەوبەر، کەشتییەک لە زەوییەوە هەڵدرا کە نوێترین و بەهێزترین تەلسکۆپی جیهانی هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی بە گەشتێکی یەک ملیۆن میلی بیباتە نێو گەردوونەوە. پێش هەموو شتێک، ئەوە من تووشی حەپەسان دەکات: یەک ملیۆن میل بۆ نێو گەردوون. دواتر تەلسکۆپەکە دەستی بە کرانەوە کرد، ئاوێنەیەکی 21 پێیی لەگەڵ چەترێکی هێندەی یاریگەیەکی تێنس و 250 هەزار شەتەری وردیلەی جێگرکردن کە هەر یەکەیان لە دنکە خۆڵێک بچووکترن. هەموویان پێکەوە، پەنجەرەیەک بەڕووی مێژووی گەردوونمان پێکدێنن."
ناسا دەڵێت، ئەم وێنانە کە یەکەمین جارە بەم روونییە دەست مرۆڤایەتی دەکەون، یارمەتی گەردوونناسان و زانایان دەدەن بۆ ئەوەی باشتر لە مێژووی دروستبوونی گەردوون تێبگەن.
لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، بە بەکارهێنانی ئەو وێنانە، گەردوونناسان لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە بۆ چۆنێتیی دروستبوونی گەلەئەستێرەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ