رووداو دیجیتاڵ
20 ساڵ لەمەوبەر، وێنە نهێنییەکانی زیندانی ئەبوغرێب بڵاوبوونەوە و جیهانیان تاساند، کە پیشانیاندەدا سەربازانی ئەمریکی بە دەم بە خەندەوە ئەشکەنجەی زیندانییان داوە و سووکایەتییان پێ کردوون.
دوای ئەو هەموو ساڵە، ئێستا دادگەیەکی ئەمریکا گوێ لە سکاڵای سێ کەسی نێو زیندانەکە دەگرێت؛ سکاڵاکە دژی کۆمپانیایەکی سەربازیی ئەمریکی تۆمار کراوە و لە بەرامبەر ئەو ئەشکەنجە و مامەڵە خراپەی بەرامبەریان کراوە، کۆمپانیاکە بە بەرپرس دەزانن.
باهر عەزمی، پارێزەری سکاڵاکاران دەڵێت، بڕیارە رۆژی دووشەممە، 15ی نیسان، دادگاییکردنەکە لە دادگەی هەرێمیی ئەلێکساندەریا لە ویلایەتی ڤێرجینیا دەستپێبکات و ئەوە دەبێتە یەکەمین جار سیستمی دادوەریی ئەمریکا گوێ لە بەندکراوانی پێشووی ئەبوغرێب بگرێت.
سکاڵاکە لەسەر کۆمپانیای بەڵێندەرایەتیی سەربازیی CACIی ئەمریکی کە بنکەکەی لە ویلایەتی ڤێرجینیایە تۆمارکراوە.
CACI لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003دا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە گرێبەستی لەگەڵ کرابوو بۆ ئەوەی لێکۆڵەر بۆ زیندانی ئەبوغرێب دابینبکات کە بەرپرس بوون لە وەرگرتنی دانپێدانانی بەندکراوان.
کۆمپانیاکە رەتیدەکاتەوە هیچ کارێکی نایاسایی کردبێت و بە درێژایی 16 ساڵی رابردوو جەختیکردووەتەوە کە کارمەند و ئەندامەکانی هیچ ئەشکەنجەیەکی نایاسایی یان سووکایەتییەکیان بە سکاڵاکاران نەکردووە.
بەڵام سکاڵاکارەکان دەیانەوێت کۆمپانیاکە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە، ئەوەش لە بەرامبەر دروستکردنی دۆخێک کە بووەتە هۆی ئەشکەنجەدان و ئازاردانیان.
سکاڵاکارەکان پشت بەو بەڵگانە دەبەستن کە لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی ئەمریکا دەریخستوون و پیشانی دەدەن کە لێکۆڵەرەکانی CACI بە سەربازانیان گوتووە، بەندکراوەکان "نەرم بکەن" بۆ ئەوەی لە کاتی لێپرسینەوەدا زوو قسە بکەن.
ئەنتۆنیۆ تاگوبا، جەنەراڵی خانەنشینی سوپای ئەمریکا کە سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوەیەکی ئابڕووچوونەکەی ئەبوغرێبی کردووە، یەکێکە لەو کەسانەی دژی کۆمپانیا سەربازییەکە لە دادگە گەواهی دەدات.
جەنەراڵەکە دەڵێت، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە لانیکەم بەڵێندەرێکی CACI داوای لە سەربازان کردووە دۆخێک دروستبکەن کە بووەتە هۆی ئازاردانی جەستەیی بەندکراوان.
کارەبالێدان، کاری سێکسی و پێکەنین بە تەرمەکان
ئەو شتەی کەم یان هیچ ناکۆکی لەسەر نییە، ئەوەیە کە ئەشکەنجەدانەکە تۆقێنەر بووە.
وێنەکان لە ساڵی 2004 بڵاوکرانەوە کە دەریدەخەن بەندکراوەکان رووتکراونەتەوە، سەگیان تێ بەردەدرێت، مامەڵەی سێکسیی نابەجێیان لەگەڵ دەکرێت، بە پەت رادەکێشرێن، کارەبایان لێ دەدرێت، ناچاردەکرێن بە شێوەیەک بوەستن وەک ئەوەی کاری سێکسی لەگەڵ یەک بکەن یان لە شێوەی هەڕەمەدا لەسەر یەک دانراون.
هەندێ وێنەی دیکەش پیشانی دەدەن کە سەربازانی ئەمریکی لەسەر تەرمی ژمارەیەک بەندکراو پێدەکەنن و زەردەخەنە دەکەن.
لە زۆربەی وێنەکاندا، بەندکراوان کڵاوێکی شێوە لوولەکیان کراوەتە سەر، بۆیە ئەو سێ کەسەی کە سکاڵاکەیان تۆمارکردووە، لەنێویاندا ناناسرێنەوە.
سوهەیل شەمەری یەکێکە لەو سێ کەسە و باس لەوە دەکات کە لەو دوو مانگەی لە ئەبو غرێب بووە، مامەڵەی سێکسی خراپی لەگەڵ کراوە و لێی دراوە. سوهەیل دەڵێت، کارەبای لێ درا و بە پەتێک کە لە ملی کرابوو، بەنێو زیندانەکەدا راکێشرا.
سەلاح عجەیلی، پەیامنێری پێشووی کەناڵی ئەلجەزیرە، رزگاربوویەکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە تووشی رشانەوەیەکی زۆر بوو، رێگەی پێنەدەدرا بخەوێت، ناچاردەکرا جلی ژێرەوەی ژنان لەبەربکات و بە سەگ هەڕەشەی لێ دەکرا.
بەڵام CACI بەرپرسیارێتییەکەی خستووەتە ئەستۆی سوپای ئەمریکا و باسی لەوە کردووە کە کارمەندەکانی لە پێگەیەکدا نەبوون فەرمان بە سەربازانی ئەمریکی بکەن چی بکەن و چی نەکەن.
بەڵگەنامەکانی دادگە دەریدەخەن کە پارێزەرانی کۆمپانیاکە گوتوویانە، "ئەم دۆسیەیە هیچ نییە جگە لە هەوڵێک بۆ سەپاندنی بەرپرسیارێتی بەسەر CACI، چونکە ئەندامەکانی لە زیندانێکی ناوچەی جەنگ کاریان کردووە کە کەشێکی هەبووە شتی خێرای تێدا کراوە."
دۆسیەکە لە ساڵی 2008ـەوە چووەتە چەندین دادگە و کۆمپانیا تایبەتەکە نزیکەی 20 جار هەوڵی داوە شکستی پێ بێنێت. لە کۆتاییدا دادگەی باڵای ئەمریکا لە ساڵی 2021 بڕیاریدا دۆسیەکە بگەڕێنێتەوە بۆ دادگەیەکی هەرێمی بۆ ئەوەی دادگاییکردنەکە دەستپێبکات.
کۆمپانیاکە بەرگری لە خۆی دەکات
لە یەکێک لەو داوایانەی کە CACI بۆ تێهەڵچوونەوە پێشكێشی کردووە، باس لەوە کراوە کە حکومەتی ئەمریکا پارێزبەندی هەیە دژی هەر سکاڵایەک لەسەر ئەشکەنجەدان دژی تۆماربکرێت، هەروەها کۆمپانیاکەش هەمان پارێزبەندی هەیە، بەو پێیەی کاری بۆ حکومەت کردووە.
بەڵام لیۆنی برینکێما، دادوەری دادگەی هەرێمیی ئەمریکا، لە بڕیارێکی دەگمەندا یەکلاییکردەوە کە ئەگەر سکاڵاکان پەیوەندییان بە پێشێلکردنی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانەوە هەبێت، حکومەتی ئەمریکاش هیچ پارێزبەندیەکی نییە، بۆیە کۆمپانیاکەش ناتوانێت داوای پارێزبەندی بکات.
هەفتەی داهاتوو، دادوەرەکان گوێ لە گەواهیی بەشێک لەو سەربازانە دەگرن کە لە دادگەی سەربازیدا لە بەرامبەر ئەشکەنجەدانی بەندکراوان سزادراون.
حکومەتی ئەمریکا دژی ئاشکراکردنی "نهێنییەکانی دەوڵەتە"
بڕیارە دادگاییکردنەکە دوو هەفتە بەردەوام بێت. پارێزەرانی حکومەتی ئەمریکاش تێیدا بەشدار دەبن.
سکاڵاکاران و سکاڵالێکراوەکان هەردووکیان گلەیی ئەوە دەکەن کە حکومەتی ئەمریکا بووەتە بەربەست لە بەردەم دۆسیەکانیان، چونکە رێگەیان پێ نادات بەشێک لە بەڵگەکان ئاشکرابکرێن، لەبەرئەوەی بڕوای وایە، دەبێتە هۆی ئاشکرابوونی نهێنییەکانی دەوڵەت و زیان بە ئاساییشی نیشتمانی دەگات.
پارێزەرانی حکومەت لە دانیشتنێکدا لە 5ی نیسان رایانگەیاند، ئامادە دەبن تاوەکو ناڕەزایی پێشانبدەن، ئەگەر گەواهیدەرێک باسی لە شتێک کرد کە پێیان وابێت نهێنیی دەوڵەتە.
لەو سێ سکاڵاکارە، تەنیا عجەیلی لە هۆڵی دادگەکە ئامادە دەبێت. دووەکەی دیکە لە عێراقەوە بە پەیوەندیی ڤیدیۆیی بەشدار دەبن.
دادوەرەکە رایگەیاندووە، لە دادگاییکردنەکەدا باس لە هۆکاری بەندکردنیان ناکرێت، چونکە هۆکارەکە بۆ ئەم دۆسیە گرنگ نییە.
دوای ساخنەبوونەوەی هیچ تۆمەتێک بەسەریاندا، هەرسێکیان لە ئەبوغرێب ئازادکران.
دادوەر برینکێما لە دانیشتنێکی 5ی نیساندا گوتی، "تەنانەت ئەگەر ئەوان تیرۆریستیش بووبن، ئەوە نابێتە پاساو بۆ ئەو مامەڵەیەی کە دەگوترێت لە بەرامبەریان کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ