رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات، ئێران "زوو" هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
لە بەرامبەر ئەگەری هێرشی ئێران، ئیسرائیل ئاستی ئامادەیی خۆی بەرزکردووەتەوە. هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئەمریکیش پیشانی دەدات کە تاران دەیەوێت ژمارەیەک پێگەی نێو ئیسرائیل بکاتە ئامانج، ئەوەش لە تۆڵەی هێرشەکەی یەکی نیسان بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی 7 پاسدار کە دووانیان فەرماندە بوون.
ئەمڕۆ هەینی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پرسیار لە جۆ بایدن کرا کە کەی ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوەی دەکات، لە وەڵامدا گوتی، "نامەوێت بچمە نێو زانیارییە پارێزراوەکان، بەڵام پێشبینی من ئەوەیە کە زوو بیکات، نەوەک درەنگ."
بایدن هەروەها گوتی، ئەمریکا "پابەندە" بە بەرگریکردن لە ئیسرائیل و "ئێران سەرناکەوێت".
دوای پێشكێشکردنی گوتارێک بۆ کۆمەڵەی پەیماننامەی تۆڕی نیشتمانی لە بارەی دادپەروەری نەژادی لە نیویۆرک، سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی ئێران وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
یەکێک لە رۆژنامەڤانان لە بایدنی پرسی کە چ پەیامێکی هەیە بۆ ئێران؟ بایدن گوتی، پێی دەڵێم، "نەکەی".
پرسیارێکی دیکە لە بارەی جێگریکردنی سەربازی زیاتر بوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە وەڵامدا بایدن گوتی، "پابەندین بە بەرگریکردن لە ئیسرائیل. ئێمە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەین. یارمەتیدەر دەبین لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل. ئێران سەرناکەوێت".
ئەم هۆشدارییەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ئێران دەڵێت، لە بەرامبەر هێرشەکەی رۆژی 1ی ئەم مانگە بۆ سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق بێ وەڵام نامێنێتەوە.
دوایین هەڕەشەی ئێران لەسەر زاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بوو کە لە گوتاری رۆژی جەژندا لە تاران گوتی، ئیسرائیل "تەمبێ دەکەن".
ئیسرائیل هۆشداری داوەتە تاران و رایگەیاندووە، هەر هێرشێک کاردانەوەی تووندی بەدواوە دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیێنێت، زیانی پێدەگەیێنین".
یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش رایگەیاند، "هەر هێرشێکی راستەوخۆی ئێران بۆ ناوچەکانی ئیسرائیل، وەڵامی ئیسرائیلی دژ بە ئێران بەدوادا دێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ