رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دا. لەکاتێکدا هەزاران کەس لە دژی پڕۆژەیاساکە خۆپێشاندان دەکەن.
ئێوارەرەی رۆژی شەممە، 11ـی ئاداری 2023، سیناتۆرەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا دەنگیان لەسەر پڕۆژەیاسایەک دا کە تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵییەوە بەرز دەکاتەوە بۆ 64 ساڵ.
پڕۆژەیاساکە بە 195 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 112 دەنگی نەخێر تێپەڕێندرا. بەوەش هەنگاوێک بۆ بوونە یاسا نزیکتر بووەوە.
دەنگدانەکە چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە سەدان هەزار کەس جارێکی دیکە لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا لە دژی پڕۆژەیاساکە خۆپێشاندانیان کرد و گرژی کەوتە نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیس.
لەدوای دەنگدانەکە، ئێلیزابێت بۆرن، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا بە میدیای وڵاتەکەی گوت "قۆناخێکی گرنگ تێپەڕێندرا" و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتەکەی پاڵپشتیی زۆرینەی پەرلەمانیی لەپشتە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە بکاتە یاسا.
ئێستا، کە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە دەنگی لەسەردراوە، لیژنەیەکی پەرلەمانی رادەسپێردرێت بۆ ئەوەی رەشنووسی کۆتایی پڕۆژەیاساکە ئامادە بکەن و بینێرن بۆ هەریەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران بۆ ئەوەی دواجار دەنگی لەسەر بدەن.
لە ئەگەری ئەوەی حکومەتەکەی ماکرۆن لە کۆکردنەوەی دەنگی پێویست بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە شکستبێنێت، دەکرێت ئێلیزابێت بۆرن هانا بۆ بە ئامرازێکی دەستووریی کەم بەکارهێندراوی مشتومڕهێن ببات، کە بە یاسای 49/3 ناسراوە، بۆ ئەوەی "چاکسازیی" لە تەمەنی خانەنشینیدا بە بێ دەنگی پەرلەمانی تێپەڕێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ