وڵاتانی رۆژئاوا خۆیان بۆ جەنگ و مەترسییە ئەمنییەکان ئامادە دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
   
بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا، ناوە ناوە باسی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەگەری جەنگ دەکەن. بەشێکیان خەڵکی وڵاتەکانیان ئاگادار دەکەنەوە کە چی بکەن لە کاتی جەنگ؟ بەشێکی دیکەشیان لایەنی ئەمنی وڵاتەکانیان بە چەند رێگەیەک بەرەوپێش دەبەن. 
 
پێش دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە شوباتی 2022، بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا کەمتر باسی ئەگەری روودانی جەنگ و مەترسی سەر وڵاتەکانیان دەکرد. زۆرینەیان هاوکاریی ئۆکراینایان کردووە و دەکەن، چونکە پێیانوایە دوای ئەو وڵاتە، ئامانجی داهاتووی ورچە سپییەکە [رووسیا] ئەوانن.
 
ئەمریکا، ئەڵمانیا و سوێد لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەن باسیان لەو مەترسییانە کردووە و ئامادەکاریشیان بۆ ئەگەری روودانی جەنگ کردووە، ئەمەش بە زیادکردنی ژمارەی سەرباز، زیادکردنی بودجەی بەرگری و چەندین رێکاری دیکە. زۆرینەی وڵاتەکان بە ئاشکرا مۆسکۆیان بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر وڵاتەکانیان داناوە. رووسیاش لە مەترسی ئەو وڵاتانە بۆ سەر ئاسایشەکەی بێدەنگ نەبووە.
 
سوێد: لە جەنگدا نین، بەڵام لە ئاشتیشدا نین
 
رۆژی 12ی کانوونی دووەمی 2024، ئۆلاف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە کۆنفرانسێکی ئەمنی لە شاری سالینی وڵاتەکەی رایگەیاند، "سوێد لە سەردەمی جەنگدا نییە، بەڵام لە ئاشتیشدا نییە. ئاشتی راستەقینە واتای ئازادیی تەواو و نەبوونی ئاڵۆزیی جیدییە لەنێوان وڵاتاندا."
 
سەرۆکوەزیرانی سوێد دەشڵێت، "ئێمە و وڵاتانی دروسێمان رووبەڕووی هێرشی تێکەڵاو (ژمارەیەک هێرش لە هەمان کاتدا) بووینەتەوە کە بە مووشەک و سەرباز نەکراون، بەڵکو بە کۆمپیوتەر، بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و هەڕشەی زیانگەیاندن (بە باڵەخانە، شوێن و کەشتی) کراون." ئاماژە بەوەش دەکات، "دۆخی ئەمنی و ئەو رووداوە سەیرانەی لە دەریای بەڵتیکدا روودەدەن وامان لێدەکەن باوەڕبکەین کە ئەو مەترسییانە کۆتاییان نایەت." 
 
رۆژی 25ی کانوونی یەکەمی 2024، لە دەریای بەڵتیک کێبڵێکی کارەبا و چوار کێبڵی دیکەی پەیوەندی لەنێوان فینلاند و ئیستۆنیا پچڕێنراون، ئەمە تەنیا هەفتەیەک دوای ناچالاککردنی دوو کێبڵی دیکەی پەیوەندی سوێد بوو لە هەمان دەریادا. بەشێکی بەرپرسانی ئەو وڵاتانە رووسیا بەم کارانە تۆمەتبار دەکەن.
 
وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری روودانی جەنگ، سوێد دەستی بە ئامادەکاری بۆ زیادکردنی خەرجی سەربازی کردووە. ساڵی 2020، وڵاتەکە پێنج ملیار و 330 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکردبوو، بۆ ئەمساڵ 12 ملیار 300 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە و پلانیشی هەیە تاوەکو ساڵی 2030 بیگەیێنێتە 16 ملیار و 570 ملیۆن دۆلار. واتا وڵاتەکە لە 11 ساڵدا بودجەی بەرگریی سێ هێندە زیادکردووە. 
 
هەروەها، سوێد پار 60 هەزار سەربازی هەبوو، ئەمساڵ دەیەوێت 30 هەزار سەرباز زیاد بکات، ئەمە جگە لە هەبوونی 23 هەزار سەربازی یەدەگ. 
 
سوپای ئەڵمانیا: وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری جەنگ یەکەیەک بۆ پاراستنی شوێنە گرنگەکان دروست دەکەین
 
رۆژی شەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2025، سوپای ئەڵمانیا پشتڕاستی کردەوە کە تاوەکو نیسانی ئەمساڵ، یەکەیەکی سەربازیی نوێ بۆ پاراستنی ژێرخانە گرنگەکان و بنکە سەربازییەکان دروست دەکەن. لەکاتی جەنگدا یەکەکە ئەرکداردەکرێن و بەشێک دەبن لە هێزەکانی ناوخۆ. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەڵمانیا، ئەم هەنگاوەی وڵاتەکە بۆ ئەوەیە کە بتوانێت بۆ رووبەڕوووبوونەوەی مەترسییەکان؛ سەربازی زیاتر بنێرێتە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناتۆ. 
 
بەرپرسانی سوپای ئەڵمانیا پێشبینی دەکەن نزیکەی شەش هەزار سەرباز لە یەکەکەدا بن. 
 
ئەمە یەکەمجار نییە ئەڵمانییەکان باسی ئامادەکاری بۆ ئەگەری جەنگ بکەن. رۆژی 16ـی ئاداری 2024، بێتینا ستارک ڤاتزینگەر، وەزیری پەروەردەی ئەڵمانیا گوتی، پێویستە منداڵان باشتر فێری چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو جۆرە قەیران و کارەساتێک بکەن، "کۆمەڵگە بە گشتی دەبێت باشتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی وەکو جەنگ، بڵاوبوونەوەی پەتا و کارەساتی سرووشتی  ئامادە بکرێت."
 
وەزیری پەروەردەی ئەڵمانیا داوای کرد پەیوەندیی نێوان قوتابخانەکان و سوپای وڵاتەکەی بەهێزتر بکرێت و رێگەش بە بەرپرسانی سەربازی بدرێت، بچن و ئەوە بۆ قوتابیان روون بکەنەوە کە سوپا چی دەکات و ئەرکی چییە؟ ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا مامۆستا و بەڕێوبەرانی قوتابخانەکان دەتوانن سەربازە گەنجەکان بانگهێشتی قوتابخانەکان بکەن. 
 
رۆژی 11ـی شوباتی پار، گارستن بغۆیە، سوپاسالاری ئەڵمانیا گوتی، بەهۆی زیادبوونی ئەگەری جەنگ و سەپاندنی بەسەر وڵاتەکەیدا، پێویستە لە پێنج ساڵی داهاتوودا سوپای ئەڵمانیا بە تەواوەتی ئامادەی جەنگ بێت.
 
سوپاسالاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەکاریی بۆ جەنگ پێویستی بە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە و بەرەوپێشبردنی راهێنانی سەربازی و توانای سوپایە. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەڵمانیا، ئێستا سوپای وڵاتەکەیان خاوەنی 180 هەزار سەرباز و 80 هەزار کارمەندی سڤیلە، کە پزیشک، بەڕێوبەر و یەکە ئیدارییەکان دەگرێتەوە. هەروەها، ئەڵمانیا پێویستی بە 75 هەزار سەربازی دیکەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان ئامادە بکات. 
 
"ئەمریکا بێبەش نییە لەو مەترسیانە"
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە ئاماژەیان بە مەترسییە ئەمنییەکان، بەتایبەت رووسیا، لەسەر وڵاتەکەیان و وڵاتانی دیکەی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا کردووە. دەشڵێن، پێویستە هەموو لایەکیان ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانە بکەن. 
 
ترەمپ بڕیارە رۆژی 20ی ئەم مانگە سوێندی بوون بە سەرۆکی ئەمریکا بخوات. کانوونی یەکەمی رابردوو گوتی، "بۆ مەبەستی ئاسایشی نیشتمانی و ئازادی لە هەموو جیهان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەست دەکات کە خاوەندارێتیکردن و کۆنترۆڵکردنی گرینلاند تەواو پێویستە." چەند جارێکی دیکەش ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، بە کڕین بێت یان رێگەی دیکە گرینلاندیان دەوێت. 
 
گرینلاند کەوتووەتە باکووری زەوی و بەشێکی فراوانی کەوتووەتە سەر بەستەڵەکی باکوور و هەڵکەوتەیەکی گرنگی بۆ چاودێری کەشتییەکان لەو ناوچەیە هەیە. هەروەها، ئەم ناوچەیە بڕێکی زۆر نەوت و گازی سروشتی و چەندین کانزای بەنرخی تێدایە. 
 
رۆژی 31ی تشرینی یەکەمی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە زاری کەیت هیلاند، بەڕێوبەری بەشی سیاسەتی سەربازی بڵاویکردەوە، ساڵی 2023 پلانیان هەبوو کە ساڵی 2024 نزیکەی 200 هەزار کارمەند و سەرباز زیاد بکەن بەڵام ژمارەیەکەیان لە نۆ مانگی یەکەمی پاردا گەیاندە 225 هەزار سەرباز، ئەمەش بۆ باشتر خۆئامادەکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان. 
 
سەرۆکایەتیی رووسیا: بەهۆی مەترسی لەسەر سنوورەکانمان ژمارەی سەربازەکانمان زیاد دەکەین
 
رۆژی 17ی ئەیلوولی 2024، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کریملین) لەبارەی بڕیاری زیادکردنی ژمارەی سەربازە چالاکەکانی وڵاتەکەی گوتی، ئەمە "بەهۆی ژمارەیەک مەترسییەوەیە لەسەر سنوورەکانمان".
 
رۆژێک پێشتر، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بڕیارێکی بۆ زیادکردنی 180 هەزار سەرباز بۆ سوپای وڵاتەکەی واژۆکرد، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ئەو وڵاتە بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار کەس. 
 
پیسکۆڤ گوتی، هۆکارێکی دیکەی زیادکردنی سەربازەکان "ئەو دۆخە دووژمنکارانەیە لە سنوورەکانی رۆژئاوامان و ئەو ناسەقامگیرییەیە لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتمان هەیە".
 
ئەمە سێیەم جار بوو رووسیا لە دەستپێکی جەنگی ئۆکرایناوە ژمارەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی زیاد بکات. بە گوتەی سەرۆکی رووسیا، نزیکەی 700 هەزاری وڵاتەکەی لە جەنگدان دژی ئۆکراینا.
 
یەکێک لە مەترسییەکانی رووسیا فراوانبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ناتۆیە. بەرپرسانی هاوپەیمانییە سەربازییەکەش دەڵێن، مامەڵە "دوژمنکارییەکانی" رووسیا بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی بە مەترسی دادەنێن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ئاگرە سامناکەکەی لۆس ئەنجلس. وێنە: AFP

16 کەس بەهۆی ئاگرەکەی کالیفۆرنیاوە گیانیان لەدەستداوە؛ 'رەشەبا بەڕێوەیە'

بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا هۆشداریان دا کە چاوەڕێ دەکرێت ئاگرەکەی دەوروبەری شاری لۆس ئەنجلس لەو ویلایەتەی رۆژئاوای ئەمریکا، بەهۆی خێرایی رەشەباوە فراوانتر بێت. ئاماژە بەوەش دەکەن، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگرەکەوە بۆ 16 کەس بەرزبووەتەوە.