رووداو دیجیتاڵ
ئەو تەکنەلۆژیایەی لە دروستکردنی فڕۆکەی جەنگیدا بەکاردەهێندرێت، بە تێپەڕبوونی کات زیاتر بەرەو پێشەوە دەچێت. بەشێکی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ ئەوە دیزاینکراون چەند جۆرێکی دیاریکراوی بۆمب بەسەر ناوچەیەکدا بەربدەوە؛ بەشێکیان دەتوانن مووشەکی دوورمەودا بە خێراییەکە ئێجگار زۆر بهاوێژن و هەشیانە هەڵگری کڵاوە و مووشەکی ئەتۆمن کە دەتوانن لە ماوەی چەند خولەکێکی کەمدا شارێکی گەورە بەتەواوەتی تەختی زەوی بکەن.
گرژییەکانی جەمسەرە دژبەرەکانی جیهان تا دێت قووڵتر دەبنەوە، ئەوەش مەترسی و ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی زلهێزەکان زیاتر دەکات. هەریەک لە وڵاتانیش جا چ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان یان سەروەریی خاکەکەیان بێت، بەردەوام بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیاوە دێنە گۆڕەپانی ململانێکان. ئاسمان بەشێکی زۆری ئەو ململانێیانە لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وڵاتان هەوڵی دروستکردنی وردترین، ناوازەترین و بەهێزترین فڕۆکەی جەنگی دەدەن بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ئەو رووبەڕووبوونەوانە.
بە گوێرەی پێگەی Hotcarsی کەنەدی، کە رووماڵی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای ئۆتۆمبێل و فڕۆکەکان دەکات، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا گرانبەهاترینی جیهانن. لێرەدا باس لە گرانبەهاترین فڕۆکە شەڕکەرەکان و تایبەتمەندییەکانیان دەکەین.
Northrop Grumman B-2 Spirit
فڕۆکەی B-2 Spirit ئەمریکیە و لە جۆری تارمایی (شەبەح)ـە. یەکێکە لەوانەی کە ئەمریکا وەک مووشەکێکی بۆمبهاوێژی دوورمەودا پشتی پێدەبەستێت و ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە لە ئەرکدایە و بووەتە هێمای باڵادەستیی ئەمریکا لە رووی هێزی ئاسمانییەوە بەسەر زلهێزەکانی دیکەی جیهاندا.
ئەم فڕۆکەیە زیاتر لە هەر فڕۆکەیەکی دیکەی جیهان توانای رزگاربوون و خۆدزینەوەی لە رادار و سیستمی بەرگریی ئاسمانی هەیە. هەروەها خاوەنی ژمارەی پێوانەیی درێژترین ئۆپەراسیۆنی شەڕە، کە لە ماوەی جەنگی ئەفغانستان 70 کاژێر لەسەر یەک بە ئاسمانەوە بوو و لە ویلایەتی مزوورییەوە فڕی تا ئەفغانستان و گەڕایەوە.
مەودای نێوان هەردوو باڵەکانی هێندەی نیوەی درێژیی یاریگەیەکی تۆپی پێیە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەهۆی ئەوەی بەهاکەی لە کاتی دروستکردنیدا بۆ 2.1 ملیار دۆلار بەرزبووەوە، ئەمریکا بڕیاریدا لە بری 132 دانە کە بڕیاربوو بیکڕێت، تەنیا 21 دانە داوا بکات.
تایبەتمەندییەکانی دیکەی فڕۆکەی Northrop Grumman B-2 Spirit
- ساڵی 1989 یەکەمین فڕینی ئەنجامدا
- 21 دانەی لێ دروستکراوە
- لە جۆری تارماییە، واتە پێشکەوتووترین رادارەکان ناتوانن بە ئاسانی بیدۆزنەوە
- خێراییەکەی دەگاتە هەزار و 10 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا
- توانای هاویشتنی مووشەکی ئاسایی و ئەتۆمی هەیە
- توانای هەڵگرتنی 16 بۆمبی ئەتۆمیی جۆری بی83 هەیە کە کێشی هەر یەکیان تۆنێک و 100 کیلۆیە
- ئەگەر تانکیی سووتەمەنییەکەی پڕبکرێت، دەتوانێت 11 هەزار و 100 کیلۆمەتر بێ وەستان بفڕێت و ئەگەر لە ئاسمانیشەوە - سووتەمەنییەکەی پڕبکرێتەوە، ئەوا مەوداکەی زیاتریش دەبێت.
- شوێنی دوو فڕۆکەوانی هەیە
Lockheed Martin F-22 Raptor
ئەم فڕۆکەیە بەهاکەی 360 ملیۆن دۆلارە. لە لایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتن و بۆینگەوە بە تایبەت بۆ سوپای ئەمریکا دروستکراوە.
شەش ساڵی خایاند تاوەکو ئەم فڕۆکە تارماییە دروستکرا و گەیێندرایە ئەو ئاستەی لە هەموو بارودۆخێکدا خۆی لە رادارەکان بدزێتەوە.
ساڵی 1995 لە ریزەکانی سووپادا بەکارهێنرا و لەو کاتەشەوە بەکاردەهێنرێت. دوایین دانە لەم جۆرە لە ساڵی 2012 رادەستی سوپای ئەمریکا کراوە. ئەم فڕۆکەیە بە پێکهێنەرێکی گرنگ و سەرەکیی دەست و بازووی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا دادەنرێت.
لەبەرئەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی زۆرە و ئەمریکاش کەم پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی-دژی-ئاسمانییە (واتە شەڕی فڕۆکە دژی فڕۆکە یان مووشەک لە ئاسمانەوە)، بڕیاریدا کە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێف 22 بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە. کۆماپانیای لۆکهید مارتن کۆی گشتیی 67 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری لەم فڕۆکانە خەرجکرد.
بەشێکی تایبەتمەندییەکانی دیکەی بریتین لە:
- لە ساڵی 1997 یەکەمین فڕینی خۆی ئەنجامداوە
- 195 دانەی لێ دروستکراوە
- لە جۆری سووپەرسۆنیک یان دەنگبڕە، واتە لە دەنگ خێراترە
- خێراییەکەی دەگاتە دوو هەزار و 414 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا
- دەتوانێ دوو مووشەکی 450 کیلۆگرامی یان چوار بۆمبی 110 کیلۆگرامی هەڵبگرێت
- بە تانکی پڕ لە سووتەمەنییەوە دەتوانێت بێ وەستان 760 کیلۆمەتر بفڕێت، ئەگەر لە ئاسمانیشەوە سووتەمەنی پێ بدرێت، مەوداکە زیاتردەبێت
- شوێنی یەک فڕۆکەوانی هەیە
Lockheed Martin F-35 Lightning II
ئەم فڕۆکەیەش لە لایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتنەوە دروستکراوە. ئەم جۆرەیان لە هەموو بارودۆخ و کەشوهەوایەکدا دەتوانێت رادارەکان ببەزێنێت. ئامانجی سەرەکیی، بەکارهێنانیەتی بۆ جەنگ، بەڵام دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی کۆکردنەوەی زانیاری، چاودێریکردن، هەواڵگری و جەنگی ئەلیکترۆنیش بکات. لە کاتی راپەڕاندنی ئەو ئەرکانەدا، دەتوانێت هێرشیش ئەنجامبدات.
فڕۆکەیەک کە ئەم هەموو توانایانەی هەبێت، بێگومان نرخێکی گەورەی دەبێت: یەک دانە فڕۆکە ئێف 35ی ئەم جۆرە، بە 135 ملیۆن دۆلارە. ئەم فڕۆکەیە دەتوانێت 66 ساڵ بەکاربهێنرێت و لەو ماوەیەدا خەرجییەکانی بە 1.3 ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
تایبەتمەندییەکانی دیکەی فڕۆکەی F-35 Lightning II:
- یەکەمین فڕینی خۆی لە ساڵی 2006 ئەنجامداوە
- 975 دانەی لێ دروستکراوە
- خێراییەکەی دەگاتە 2 هەزار و 800 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا
- توانای هەڵگرتنی 8 تۆن و 200 کیلۆگرام مووشەک و بۆمبی هەیە
- بە تانکیی پڕ لە سووتەمەنییەوە دەتوانێت هەزار و 241 کیلۆمەتر بێ وەستان بفڕێت
- شوێنی یەک فڕۆکەوانی هەیە
Eurofighter Typhoon
ناوی ئەم فڕۆکەیە کە بەهاکەی 124 ملیۆن دۆلارە، بە واتەی تۆفانی شەڕکەری ئەوروپی دێت. فڕۆکەیەکی فرەنەتەوەییە و ئامانج لێی بەدەستهێنانی باڵادەستییە لە شەڕی ئاسمانی. ئەم خاوەن دوو بزوێنەرە، ژمارەیەک رۆڵی هەیە و بە پێکەوەکارکردنی ئەوروپییەکان دروستکراوە.
تاوەکو ئێستا لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی نۆ وڵاتی سەرانسەری جیهانەوە بەکاردەهێنرێت. لە لایەن بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا کاری لەسەرکاوە. ئەم فڕۆکەیە لەسەر وڵاتانی ئەوروپی هەرزانتر دەکەوێت، بەڵام بۆ وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، نرخەکەی 124 ملیۆن دۆلارە.
ئەم فڕۆکەیە هەروەها بەم تایبەتمەندییانە دەناسرێتەوە:
- ساڵی 1994 یەکەمین فڕینی خۆی ئەنجامداوە
- 589 دانەی لێ دروستکراوە
- لە جۆری دەنگبڕە
- خێراییەکەی دەگاتە دوو هەزار و 125 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا
- توانای هەڵگرتنی 9 تۆن مووشەک و بۆمبی هەیە
- بە تانکی پڕەوە دوو هەزار و 900 کیلۆمەتر بێ وەستان دەفڕێت.
- شوێنی یەک فڕۆکەوانی هەیە
Dassault Rafale
رافال (بە فەرەنسی غافال) فڕۆکەیەکی شەڕکەری فەرەنسییە، لەلایەن کۆمپانیای Dassaultـەوە دروستکراوە و یەکێکە لە چەند فڕۆکەی مەترسیداری هێزی ئاسمانیی فەرەنسا کە وا دەکەن بەزاندنی ئەو وڵاتە لە شەڕی ئاسمانیدا ئاسان نەبێت. رافال گرانترین فڕۆکەی فەرەنسییە، بەهاکەی 115 ملیۆن دۆلارە. کۆماپنایای دروستکار فڕۆکەکەی بە "هەمەفرمان" وەسف دەکات لەبەر ئەوەی دەتوانێت هەموو ئەرکێکی شەڕکردنی ئاسمانی رابپەڕێنێت.
ئەم فڕۆکە جەنگییە لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانی فەرەنسا لە عێراق، لیبیا و ئەفغانستان بەکارهێنراوە و چەندین وڵاتی دیکەش، لە نێویاندا یۆنان، کرواتیا، ئینۆنیزیا و قەتەر، كڕیویانە.
تایبەتمەندییەکانی دیکەی فڕۆکەی رافال
- لە ساڵی 1986 یەکەمین فڕینی خۆی ئەنجامداوە
- 259 دانەی لێ دروستکراوە
- خێراییەکەی دەگاتە هەزار و 912 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا
- دەتوانێت 9 تۆن مووشەک و بۆمب هەڵبگرێت
- دەتوانێت هەزار و 850 کیلۆمەتر بێ وەستان بفڕێت ئەگەر تانکیەکەی پڕبێت
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ