رووداو دیجیتاڵ
رەوا مەجید، گەورەترین مافیای سوێد کە لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری سلێمانییە، لە کاتی پەڕینەوەی بۆ نێو سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان، دەستگیرکرا، ئەمە وەک میدیای سوێدی رایگەیاند.
رەوا مەجید تەمەنی 37 ساڵە، سەرۆکی تۆڕێکی قاچاخچیی ماددەی هۆشبەرە بە ناوی فۆکسترۆت، لە سوێد بە "رێوییە کوردەکە" ناودەبرێت و هەموو پۆلیسی سوێد بەدوایەوە بوو، لە کاتێکدا رەوا و تۆڕەکەی، بە شەڕە تەقە و تەقینەوەی خوێناوی، سوێدیان بەگیر هێنابوو.
میدیای سوێدی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، رەوا رۆژی هەینی لەسەر سنووری ئێران لە کاتی پشکنینی بەڵگەنامەکانی دەستگیرکراوە، کە گومان دەکرێت ناسنامەی خۆی ساختە کردبێت.
بەگوێرەی میدیای سوێدی، پۆلیسی ئەو وڵاتە لە دەستگیرکردنی "رێوییە کوردەکە" ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە لەو هەواڵە پشتڕاستبێتەوە.
هاوکات ئۆلف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە "زانیاریی هەواڵگریمان هەیە، پێشانیدەدەن رەنگە شتەکە بەو جۆرە بێت، بەڵام تاوەکو ئیستا پشتڕاست نەکراوەتەوە. من، لێدوان لەسەر زانیارییەک نادەم کە نەزانم راستە یان نا."
کریستەرسن ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر رەوا مەجید دەستگیرکرابێت، "بەهۆی ئەو تاوانانەی پێی تۆمەتبارە، شتێکی زۆر گرنگ دەبێت."
رەوا مەجید ماوەیەکی درێژ بوو لە تورکیا بوو. پۆلیسی سوێد داوایدەکرد یان دەستگیربکرێت، یان دیپۆرتی سوێد بکرێتەوە، چونکە خاوەن وڵاتینامەی سوێدییە.
تەلەڤیزیۆنی SVTـی سوێدی باس لەوە دەکات، رەوا رۆژی هەینی لەسەر سنووری "تورکیا و ئێران" دەستگیرکراوە، کاتێک ناسنامەیەکی ساختەی نیشانی خاڵێکی پشکنینی سەر سنوور داوە.
بەڵام رۆژنامەی Expressen ئاماژە بەوە دەکات، تۆمەتبارە داواکراوەکە لەنێوان شاری قەڵادزێی هەرێمی کوردستان و بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە.
رەوا مەجید لە ساڵی 2020 بەشێوەیەکی نێودەوڵەتی داواکراوە.
پۆلیسی سوێد زانیارییە رۆژنامەڤانییەکانی پشتڕاستنەکردوونەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سوێدیش بە SVTـیی گوتووە "وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانە لەم کاتەدا هیچ زانیاریێکیان نییە لەسەر ئەوەی هاووڵاتیێکی سوێدی لەم رۆژانەدا لە ئێران دەستگیرکرابێت."
بەهۆی دروستبوونی کێشە لەنێوان تۆڕەکەی رەوا مەجید و تۆڕێکی دیکەی ماددە هۆشبەرەکان کە کەسێکی یۆنانی سەرکردایەتی دەکات، لەم ماوەی دواییدا شەپۆلێکی شەڕ و تووندوتیژی سوێدی گرتەوە.
مانگی رابردوو، 12 کەس کورژان، کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون، بەڵام کەوتنە بەر ئاگری ئەو شەڕە.
هەروەها لە نێو تۆڕی فۆکسترۆتیش شەڕ و ململانێ لەنێوان رەوا مەجید و ئیسماعیل عەبدۆی دۆستی پێشوویدا دروستبووە، ئەوەش لەسەر خراپ بەڕێوەچوونی مامەڵەیەکی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر، ئەمە وەک میدیای سوێدی باسی دەکات.
یەکێکی دیکە لە ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر ئەوەیە دەبێت کار بە منداڵان بکرێت یان نا.
سەرەتای مانگی ئەیلوول، چەند کەسێکی هەڵگری وڵاتینامەی سوێدی، لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا تەقەیان لە یەکدی کرد، کاتێک کە رەوا مەجید لەو شارە بوو.
رۆژی دواتر، دایکی ئیسماعیل عەبدۆ لە شاری ئوپسالای سوێد کورژا، کە ئەوە سەرەتای گێژەڵۆکی تووندوتیژییەکەی ئەیلوول بوو.
دواتر میدیای سوێدی بڵاویکردەوە؛ ئەندامانی تۆڕە تاوانکارەکە بە نهێنی کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی وەستاندنی رەوا مەجید بکەن و چیدیکە ئەندامانی خێزانیان تێكەڵ بە کێشەی نێوانیان نەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ