هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە

20-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن سوێد عێراق قورئان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتیی ئەوروپا سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا دەکات و داوا لە عێراق دەکات دامەزراوە دیپلۆماسییەکان بە گوێرەی پەیماننامەی ڤیەننا بپارێزێت. هاوکات بەشێکی وڵاتانی دیکەش داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەن. 
 
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023، بڵاوکراوەتەوە، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت: "چاومان لەوەیە دەزگاکانی عێراق رێوشوێنی ئەمنیی خێرا بگرنگەبەر و بۆ رێگەگرتن لە رووداوی زیاتر و وەک حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، لێپرسینەوە لە ئەنجامدارانی ئەم هێرشە بکەن."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە کاردانەوەی دووبارە مۆڵەتدانی سوێد بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز، لایەنگرانی رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا و بەشێکان سووتاند و دواتر کشانەوە. دواتریش، حکومەتی عێراق بە کشانەوەی هەڵسورێنەری کاروبارەکانی لە ستۆکهۆڵم و دەرکردنی باڵیۆزی سوێد لە بەغدا، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەوروپییەدا سنووردارکردن و مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیای ئێریکسۆنی سوێدیی بواری پەیوەندیی تێلیکۆمیشی هەڵپەسارد.
 
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت: "ئێمە هیواخوازین پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سوێد بگەڕێنەوە بە خێرایی بگەڕێنەوە سەر باری ئاسایی." 
 
کاردانەوەکانی دیکە
 
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئێمە سەرکۆنەی هەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا دەکەین،" گوتیشی: "پێویستە دامەزراوە دیپلۆماسییەکان لە هەموو کاتێکدا بپارێزرێن، وەک چۆن یاسای نێودەوڵەتی داوای دەکات." 
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت: "دیپلۆماتەکان لە سەرانسەری جیهان تەنیا ئەو کاتە دەتوانن کاری خۆیان بکەن، کە دڵنیایی لە سەلامەتییان بدرێت."
 
ئەمریکا
 
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش راگەیێندراوێکدا، نیگەرانی وڵاتەکەی لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە لایەن خۆپێشاندەرە عێراقییەکان دەربڕی و هێزە عێراقییەکانی بەوە تۆمەتبارکرد کە هیچ هەوڵێکیان نەداوە رێگە لە خۆپێشاندەران بگرن.
 
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: "ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتییانە هێمایەکی تایبەتە بە دیموکراسی، بەڵام ئەوەی شەوی رابردوو روویدا کردەیەکی پێشێلکارانە بوو؛ جێگەی قبووڵ نییە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێگەیان لە خۆپێشاندەران نەگرتووە لەوەی بۆ دووەم جار بچنە نێو باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوێد و زیانی پێبگەیێنن." 
 
یونامی
 
هاوکات نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی) لە تویتێکدا رایگەیاند: "هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا دەبێت سەرکۆنەبکرێت.  گردبوونەوەی ئاشتییانە مافێکی بنەڕەتییە، سەلامەتیی هەمووان و رێزگرتن لە پەیماننامەی ڤیەننا پێوێستە بکرێتە کاری لەپێشینە. بەرەنگاربوونەوەی گوتاری رق و کینە بە توندوتیژی سوودی هیچ لایەکی نابێت."
 
سوێد
 
پێش ئەوە، وەزارەتی دەرەوەی سوێدیش لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندبوو، "ئەوەی روویداوە بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نییە و حکومەتیش بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی دەکات".
 
تۆبیاس بیڵسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "بەگوێرەی پەیماننامەی ڤیەننا، بەرپرسیارێتیی بەرپرسانی عێراقە پارێزگاری لە باڵیۆزخانەکان و دیپلۆماتکارەکانی بکەن".
 
سوێد دەڵێت، ستافی باڵیۆزخانەکەیان سەلامەتە بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە دەربارەی زەرەر و زیانەکانی هێرشەکە ئاشکرا بکات.
 
لەسەر بنەمای "ئازادیی رادەربڕین،" سوێد رێگە بە سووتاندنی پەرتووکە ئاسمانییەکان دەدات چونکە پێیوایە ئەوە لە دژی دەستووری وڵاتەکە نییە، وێڕای ئەوەی کە مانگی رابردوو، حکومەتی ئەو وڵاتە سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی کرد و بە کارێکی ئیسلامۆفۆبیک ناوی برد.
 
 
پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-07-2022، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "وەزارەتی دەرەوە رادەسپێرێت بە کشاندنەوەی هەڵسورێنەری کاروباری عێراقی لە باڵیۆزخانەی عێرق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد. هەروەها داوایکردووە باڵیۆزی سوێد لە بەغدا خاکی عێراق جێبێڵێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ دووبارە رێگەدانی حکومەتی سوێد بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و سووتاندنی ئاڵای عێراق."
 
پێش ئەوە، سوودانی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد لەسەر مۆڵەتدان بە بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز لە لایەن سوێد و سووتاندنی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە لایەن لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەغدا. 
 
حکومەتی سوێدیش هەڵسورێنەری کاروباری عێراقی لە وڵاتەکەیدا بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆی لە بەرامبەر سووتاندنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا پێ بگەیێنێت. 
 
سەلوان مۆمیکا، هەمان ئەو پەنابەرە عێراقییە تەمەن 37 ساڵەی کە رۆژی 28ـی حوزەیران، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، رۆژی پێنجشەممە لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد، دووبارە بێڕێزیی بەرامبەر بە پەرتووکە پیرۆزەکە کردەوە بەڵام نەیسووتاند. 
 
سەرەڕای ناڕەزایی بەرفراوانی موسڵمانانی جیهان، حکومەتی سوێد جارێکی دیکە رێگەی بە مۆمیکا و هاوڕێیەکی دابوو،  ئەو کارە بکەن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمبوڵانسێک لە شوێنی رووداوەکە. وێنە: AFP

کەسێکی بە رەچەڵەک سعودی پەیوەندیدار بە رووداوەکەی ئەڵمانیاوە دەستگیرکراوە

بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی رووداوەکەی مارگدێبورک لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کوژراون گەیشتە 2 کەس و 68 کەسی دیکەش بریندار بوون. پۆلیس تۆمەتبارێکی 50 ساڵی بە رەچەڵەک سعودی دەستگیرکردووە.