جیهان
لویس مۆنتێنێگرۆ، سەرۆکی هاوپەیمانیی دیموکراسی لە ئاهەنگێک لەنێو لایەنگرانی لە لیسبۆن، وێنە: MIGUEL RIOPA / AFP
رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنی گشتیی پورتوگالدا، پارتێکی راستڕۆی میانڕۆ توانی بە جیاوازییەکی کەمی دەنگەکان، شکست بە پارتی چەپی فەرمانڕەوا بهێنێت، بەڵام کورسییەکانی بەشی ئەوە ناکەن ببێتە زۆرینە تاوەکو بتوانێت بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت. هەروەها پارتێکی دیکەی راستڕۆی توندڕۆ ژمارەی دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکرد.
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە هەنگاوێکی دیکەی چوونەپێشەوەی راستڕۆکان لە ئەوروپا پیشاندەدات، لە کاتێکدا راستڕۆکان لە وڵاتانی وەک ئیتالیا، هەنگاریا و سلۆڤاکیا حکومەتیان بەدەستەوەیە و لە وڵاتانی دیکەی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیاش دەنگەکانیان لە زیادبوونی بەردەوامدایە.
ئەنجامە بەراییەکان کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرانەوە، پیشانیدەدەن؛ پارتی هاوپەیمانیی دیموکراسی کە پارتێکی راستڕۆی میانڕۆیە 29.49٪ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکەی رۆژی یەکشەممەی بەدەستهێناوە. دوای ئەو، پارتی سۆسیالیست 28.66٪ـی دەنگەکانی بردووەتەوە.
پەرلەمانی پورتوگال 230 کورسی هەیە. بەپێی ئەنجامەکان، هاوپەیمانیی دیموکراسی 79 کورسی و سۆسیالیستەکانیش 77 کورسی بەدەستدەهێنن.
پارتی چێگا، کە لە لایەن ئەندرێ ڤێنتوراو، کۆمێنتاری تۆپی پێوە سەرکردایەتیی دەکرێت، 18٪ـی دەنگەکانی بردەوە، بەوەش ژمارەی کورسییەکانی گەیاندە 48 کورسی، کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2022 تەنیا 12ـی هەبوو.
تەنانەت ئەگەر پارتی (دەستپێشخەریی لیبراڵ)ـیش کە هەشت کورسی بەدەستهێناوە پشتیوانی لێبکات، هاوپەیمانیی دیموکراسی هەر پێویستی بە پشتیوانیی چێگا دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت حکومەت پێکبێنێت.
ڤێنتورا درەنگیی شەوی یەکشەممە، لە کاتی قسەکردنیدا بۆ جەماوەرەکەی گوتی، "چێکا ویستی ببێتە چەقی سیسیتمی سیاسی، ئەو ئەنجامەشی بەدەستهێنا. دەمانەوێت حکومەتێکی سەقامگیر بە پورتوگال بدەین."
نیگەرانیی کۆچبەران
چێگا داوا دەکات ببێتە بەشێک لە حکومەتێکی راستڕۆ لە بەرامبەر ئەوەی لە پەرلەماندا پشتیوانی لە سیاسەتەکانی بکرێت، بەڵام لویس مۆنتێنێگرۆ، سەرۆکی هاوپەیمانیی دیموکراسی چەند جارێک لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رەتیکردەوە لە دوای هەڵبژاردن هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ چێگا بکەن کە لە لایەن رەخنەگرەکانەوە بە دژایەتیکردنی خەڵکی بیانی تۆمەتبار دەکرێت.
ئێستا چاوەڕێ دەکرێت مۆنتێنێگرۆ بکەوێتە ژێر گوشاری پارتەکەی خۆی بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتە راستڕۆیە تووندەکە بگاتە جۆرە رێککەوتنێک. دوای ئاشکرابوونی ئەنجامەکان، رۆژی دووشەممە، مۆنتێنێگرۆ بە لایەنگرەکانی گوت، "پورتوگالییەکان قسەی خۆیان کرد و دەیانەوێت گۆڕانێک لە حکومەت و سیاسەتەکاندا دروستبێت."
پارتی هاوپەیمانیی دیموکراسی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی بەهێزکردنی ئابووری لە رێگەی کەمکردنەوەی باج و باشکردنی خزمەتگوزاریی پەروەردە و تەندروستی دەدا، لەکاتێکدا مامۆستایان و کارمەندانی بەشێک لە قوتابخانەکان دەستیان بە مانگرتن کردووە و داوای زیادکردنی مووچە دەکەن.
وەک پارتە راستڕۆیە توندڕۆیە پۆپولیستەکانی دیکەی ئەوروپا، چێگاش بەڵێنی بنبڕکردنی تاوان و کۆچی نایاسایی دەدات.
پورتوگال کە لەسەر ئاستی ئەوروپا یەکێک لە کراوەترین سیاسەتەکانی کۆچبەرانی هەیە، لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا ژمارەی دانیشتووانە بیانییەکانی دووهێندە زیادیکردووە و پار گەیشتە یەک ملیۆن کەس، کە ئەوە یەکسانە بە یەک لەسەر دەی کۆی دانیشتووانی وڵاتەکە.
چێگا، بە واتەی "بەسە" دێت، داوا دەکات، رێکاری کۆنترۆڵکردنی کۆچبەران تووندبکرێن، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەهێزبکرێت، هەروەها داوای خەساندنی بەشێک لە دەستدرێژیکارانی سێکسی دەکات.
تەمەنی پارتەکە تەنیا 5 ساڵە. لە 2019 بۆ یەکەمین جار چووە پەرلەمانی پورتوگال. ئەوە یەکەمین جار بوو لە دوای کودەتاکەی ساڵی 1974ـەوە کە کۆتایی بە "دیکتاتۆریەتی" لەمێژینەی راستڕۆکان هێنا، پارتێکی راستڕۆی توندڕۆ بتوانێت لە پەرلەمانەکەدا کورسی بەدەستبێنێت.
"داهاتوویەکی باشتر"
هێشتا چوار کورسی ماون کە تاوەکو دەنگەکانی دەرەوەی وڵات هەژمار نەکرێن، نازانرێت بۆ کێ دەبن. ئەو ئەنجامە چەند رۆژێکی دەوێت تاوەکو ئاشکرا دەبێت.
ئەم هەڵبژاردنە ئاسایی نەبوو، بەڵکو پێشوەخت بوو. دوای ئەوە رێکخرا کە ئەنتۆنیۆ کۆستای تەمەن 62 ساڵی سەرۆکوەزیرانی سۆسیالیستی وڵاتەکە، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەستی لەکارکێشایەوە، دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوت بەڕێوەبەری نووسینگەکەی گەندەڵیی دارایی کردووە.
کۆستا بڕیاریدا خۆی بەربژێر نەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەهیچ تاوانێک تۆمەتبار نەکرابوو.
لە ماوەی سەکردایەتیی ئەودا، بێکاری کەمبووەوە، پار ئابووری 2.3٪ گەشەیکرد (کە یەکێکە لە ئابووریە هەرە خێرا گەشەکەرەکانی ناوچەی یۆرۆ)، هەروەها مووچەی کەرتی گشتیش باشتر بوو.
بەڵام راپرسییەکان پیشانیدەدەن کە هۆکاری لەدەستدانی زۆرینە لە لایەن پارتەکەی کۆستاوە ئەوەیە؛ حکومەتەکەی نەیتوانیوە کێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر بکات، کە پار یەکێک لە گەورەترین خۆپێشاندانەکانی لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ