رووداو دیجیتاڵ
مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا ماوە و هەڕەشەی گرووپەکە و دارودەستەکەی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی "بە بەرزی ماوەتەوە،" بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە ململانێیان تێدایە، ئەمە ئەنجامی 18یەمین راپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەبارەی گرووپە پەڕگیرەکە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "وێڕای ئەوەی بەردەوام رووبەڕووی لەنێوچوونی سەرکردایەتی و نسکۆی دارایی دەبێتەوە، داعش و دارودەستەکەی توانای ئەنجامدانی هێرشی تیرۆرستییان ماوە و هەڕەشەیان بۆ دەرەوەی شوێنی کارکردنیان درێژدەبێتەوە."
بەگوێرەی راپۆرتەکە، داعش لە عێراق و سووریا، هێشتا 3000 بۆ 5000 چەکداری بەدەستەوە ماوە.
ئەم راپۆرتە بەگوێرەی بڕیارنامەی ژمارە 2253ی ساڵی 2015 هەر چوار مانگ جارێک دەدرایە ئەنجوومەنی ئاسایش، بەڵام لە ساڵی 2021ـەوە، بەپێی بڕیارنامەی ژمارە 2610، هەر شەش مانگ جارێک دەنێردرێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەگەرچی داعش بە شێوەیەکی کاریگەر لە عێراق و سووریا کپ کرا، هێشتا هەڕەشەیەکی جیدیە و بەردەوام بووە لە هێرشەکانی، کە لە تشرینی دووەمەوە زیادیان کردووە."
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، "لە ئەگەری گەڕانەوەی ژمارەیەکی گەورەی بەندکراوان[ی داعش] بۆ گۆڕەپانی جەنگ یان لە ئەگەری کەمبوونەوەی گوشاری دژی تیرۆر، مەترسی هەیە گرووپەکە سەرهەڵبداتەوە."
بە پێی هەڵسەنگاندنی ژمارەیەک وڵات، کوژرانی ژمارەیەکی زۆری سەرکردەکانی داعش و کۆتوبەندکردنی سەرچاوە داراییەکانی، رەنگە وا بکەن گرووپەکە قورسایی خۆی لە عێراق و سووریا بگوازێتەوە بۆ شوێنەکانی دیکە، ئەمەش وەکو لە راپۆرتەکەدا هاتووە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، "ئەفریقا و ئەفغانستان وەکو دوو شوێنی لەبار دادەنرێن بۆ داعش تاوەکو لەوێ سەرکردەیەکی نوێی دەستبکەوێت."
دوای کوژرانی سێ "خەلیفە،" داعش لە 3ی ئابی ساڵی رابردوو، ئەبو حەفسی هاشمیی قورەیشیی بە خەلیفەی نوێی خۆی راگەیاند، واتە 10 مانگ دوای کوژرانی سێیەم "خەلیفەی."
راپۆرتەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات، بەشێک لە وڵاتان دواکەوتنی رێکخراوە پەڕگیرەکە لە راگەیاندنی سەرکردە نوێیەکەی، "بۆ هەبوونی ناکۆکی لەنێو داعشدا دەگەڕێننەوە."
چەکدارانی داعش و ئەندامانی خێزانیان لە عێراق و سووریا
کەمپەکانی هۆل و رۆژ لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان لانیکەم 48 هەزار و 500 کەسی تێدا ماوە، کە 31 هەزار و 600 کەسیان بیانین، واتە سووریایی نین، ئەمەش وەکو لە راپۆرتەکەدا هاتووە.
کەمپەکان لەژێر چاودێریی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەدان. دوای راگەیاندنی بەزاندنی داعش لە 2019، بەشێکی ئەندامانی داعش و کەسوکاریان خۆیان بەدەست هێزە زۆرینە کوردیەکەوە دا.
راپۆرتەکە دەڵێت، ئەو کەمپانە "لە رادەبەر قەرەباڵخن، پەناگەی پێویستیان تێدا نییە و دەستکەوتنی خواردن، چاودێریی پزیشکی، ئاوی پاک و پێداویستییە سەرەکییەکان تێیدا سنووردارە."
"بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، زیاتر لە 60%ی دانیشتووانی کەمپەکان منداڵن، لەنێویاندا 13 هەزار و 300 منداڵی عێراق و 6 هەزار منداڵی 60 وڵاتی دیکە. 73%ی ئەو منداڵانە لە تەمەنی خوار 12 ساڵایدان و 20%یان خوار 5 ساڵین."
هەسەدە بەردەوام داوای لە وڵاتان کردووە، هاووڵاتییەکانیان لەو کەمپانە بگەڕێننەوە، چونکە بوونەتە گوشار بۆ سەریان، جگە لەوەی کە مەترسی هەیە ببنە دایەنگەیەک بۆ پێگەیاندنی منداڵانی هەڵگری هزر و بیری پەڕگیر.
راپۆرتەکە دەڵێت، "ئەگەرچی بەگشتی هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە لە کەمپەکانی باکووری رۆژهەڵاتی کۆماری سووریای عەرەبی بە خاوی بەڕێوەدەچن، تێبینی بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە گەڕاندنەوەیاندا دەکرێت، بە تایبەتی لەلایەن عێراقەوە."
لەنێوان تەممووز و کانوونی یەکەمی 2023، حەوت وڵات، کە بریتین لە عێراق، ئازەربایجان، کەنەدا، فەرەنسا، قیرغزستان، رووسیا، بەریتانیا و ئێرلەندای باکوور، "لانیکەم 2 هەزار و 385 کەسیان لە سووریا گەڕاندنەوە وڵاتەکانیان، کە ئەندامی داعش و کەسوکارەکانیان بوون."
لەنێو ئەوانەدا، 34یان رووسی، 274یان قیرغزستانی و هەزار و 994یان عێراقی بوون.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بە دیاریکراوی ستایشی عێراق دەکات لە بەرامبەر خێراکردنی گەڕاندنەوەی ئەوانەی کە بە رەچەڵەک عێراقین.
بەڵام هۆشداریش دەدات، ئەگەر وڵاتەکانی دیکە دەستوبرد نەکەن، ئەوا ئەو کەمپانە "دەبنە مەترسی بۆ چەندین ساڵی داهاتوو،" بە تایبەتی کە "داعش سەرنجی خستووەتە سەر گەڕاندنەوەی چەکدارەکانی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە رێگەی هێرش و ئامرازەکانی دیکەوە" بۆ ئەوەی ئەو کەلێنانەی لە سەرکردایەتی و ریزەکانیدا دروستبوون، پڕبکاتەوە.
داعش و چەکەکانی
راپۆرتە 17 لاپەڕەییەکە باس لەوە دەکات، وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان "نیگەرانن لە پەرشبوونی" چەک لە ئەفغانستان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا، بە دیاریکراویش زیادبوونی بەکارهێنانی درۆن و بۆمبی چێندراو لە لایەن داعشەوە.
ژمارەیەک وڵات نەتەوە یەکگرتووەکانیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ئەو چەکەی لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان جێهێڵدراوە، بەردەوامە لە بڵابوونەوە و لەدەستدەرچوون.
داعش و سامانەکەی
راپۆرتەکە دەڵێت، داهاتی داعش "بەردەوامە لە کەمبوونەوە."
ئێستا رێکخراوە پەڕگیرەکە "10 ملیۆن تاوەکو 25 ملیۆن دۆلاری" بەدەستەوە ماوە.
راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە کە خەرجییەکانی داعش لە داهاتەکەی زیاترن و "ئەو مووچەیەی بە کەسوکاری چەکدارە مردوو یان زیندانیکراوەکانی دەدات، زۆرترین خەرجی پێکدێنن."
راپۆرتەکە هەروەها باس لەوە دەکات، ناردن و گواستنەوەی پارە لەنێوان ئەندامانی داعش کەمبووەتەوە، بەتایبەتیش دوای کوژرانی قاچاخچییەکی داعش لە سۆماڵ بەناوی بیلال سوودانی کە لە 25ی کانوونی دووەمی 2023 لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی کرایەسەر.
ئەو بڕە پارەیەشی کە ئەندامان و پشتیوانکارەکان بۆ داعشی دەگوازنەوە، لە رێگەی نووسینگەی نافەرمیی رەوانەکردنی دراوەوە (حەواڵە) دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ