رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی ئێران، لە کەنداوی عومان، دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت کە نەوتی خاوی عێراقی لە بەندەرێکی شاری بەسرەوە بارکردبوو بۆ ئەوەی بیباتە تورکیا. ئێران دەڵێت، بەم رێگەیە تۆڵە لە ئەمریکا دەکاتەوە کە بە گوتەی خۆی، پار لە هەمان ئەو کەشتییەدا، ئەمریکا نەوتی ئێرانی "دزیبوو."
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2024، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند: "هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر بنەمای فەرمانێکی دادگە، لە سنوورە ئاوییەکانی کەنداوی عومان، دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت."
هێزی دەریایی بەریتانیا و رێکخراوێکی ئاساییشی دەریاگەری ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەک چەکدار بە جل و دەمامکی رەشەوە، هەڵیانکوتاوەتە سەر کەشتییەکە و هەموو کامێراکانی چاودێریی کەشتییەکەیان داپۆشیوە، داتاکانی مانگی دەستکردیش پێشانیدەدەن کە کەشتییەکە بەرەو بەندەری جاسک-ی باشووری ئێران بردراوە.
پێشتریش تاران و واشنتن کێشەیەکی یاسایی گەورەیان لەسەر ئەو کەشتییە هەبووە.
کەشتییەکە جاران بە سوێز راجان دەناسرا. بۆ ماوەی ساڵێک ئەمریکا و ئێران لەسەری ناکۆک بوون، تاوەکو لە کۆتاییدا وەزارەتی دادی ئەمریکا بڕیاریدا دەست بەسەر یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی نێو کەشتییەکەدا بگرێت.
دەستبەسەرداگرتی کەشتییەکە، ئەم جارە لە لایەن ئێرانەوە، لە کاتێکی هەستیاردا دێت.
حووسییەکانی هاوپەیمانی تاران لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا چەندین هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور، گەورەترین هێرشیشیان رۆژی سێشەممە بوو بە ژمارەیەکی گەورەی درۆن و مووشەکەوە.
ئەمریکا هاوپەیمانیێکی نێودەوڵەتی پێکهێناوە بۆ ئەوەی کەشتییەکانی دەریای سوور بپارێزێت.
رۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی ئاساییش بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشی حووسییەکان دەنگیدا. بەرپرسانی ئەمریکا و بەریتانیاش هۆشدارییان داوە کە هێرشەکان لێکەوتیان بۆ حووسییەکان دەبێت.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، ئێوارە رۆژی پێنجشەممە، دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی راگەیاند. ئەوەش چەند کاژێرێک دوای ئەوەی کە سەربازە ئێرانییەکان چوونە سەر کەشتییەکە.
هێزی ئۆپەراسیۆنە دەریاییە بازرگانییەکانی سەر بە سوپای بەریتانیا، کە تایبەتە بە هۆشیارکردنەوەی دەریاڤانەکان، باسی لەوە کردووە کە لە بەیانیی رۆژی پێنجشەممەوە، هێزی دەریایی ئێران دەستی بە هەوڵەکانی کردبوو بۆ ئەوەی لە سنوورە ئاوییەکانی نێوان عومان و ئێران دەستبەسەر کەشتییەکدا بگرێت.
هێزەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوانەی دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرتووە، جل و دەمامکی رەشیان پۆشیبوو.
هەروەها ئەمبرەی، کۆمپانیای ئەمنیی تایبەت گوتی "چوار بۆ پێنج کەس" چوونەتە سەر کەشتییەکە و کامێراکانی چاودێریی کەشتییەکەیان داپۆشیوە.
ئەمبرەی کەشتییەکە بە کەشتیی نەوتهەڵگریی سان نیکۆلاس ناودەبات.
کەشتییەکە لە بەندەرێکی شاری بەسرەی باشووری عێراقەوە بەڕێکەوتبوو و نەوتی خاوی هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی بیگەیێنێتە ناوچەی ئالیاغای تورکیا بۆ کۆمپانیای توپراش-ی تورکی.
داتای مانگە دەستکردەکان پێشانیدەدەن کە ئاراستەی کەشتییەکە گۆڕدراوە و بەرەو بەندەری جاسک لە شاری هۆرمزگانی باشووری ئێران بردراوە.
کەشتیی سان نیکۆلاس
کەشتیی سان نیکۆلاس پێشتر ناوی سوێز رانجان بوو؛ کەشتییەکە هەڵگری ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵە و سەر بە کۆمپانیای کەشتییوانی ئیمپایەر ناڤیگەیشن-ی یۆنانییەوەیە. کۆمپانیا یۆنانییەکە پشتڕاستیکردووەتەوە کە ناتوانن پەیوەندی بە کەشتییەکەوە بکەن، کە 17 کەسی فلیپینی و یەکێکی یۆنانیی تێدایە.
سەرنجەکان لە شوباتی ساڵی 2022ـەوە کەوتنە سەر کەشتیی سوێز راجان کاتێک کە رێکخراوێکی ئەمریکیی بە ناوی "یەکگرتن لە دژی ئێرانی ئەتۆمی" رایگەیاند، گومانیان هەیە کەشتییەکە لە دوورگەی خارگ-ی ئێرانەوە نەوتی هەڵگرتبێت.
بۆ ماوەی چەندین مانگ کەشتییەکە لە دەریای باشووری چین لە نزیک باکووری رۆژهەڵاتی سینگاپوور مایەوە، دواتر لەناکاو و بێ روونکردنەوە بەرەو کەنارەکانی تێکساس-ی ئەمریکا کەوتەڕێ. کەشتییەکە لە مانگی ئابی هەمان ساڵ نەوتەکەی خاڵیکردە نێو نەوتهەڵگرێکی دیکە، ئەویش لە شاری هیوستن لەسەر بنەمای فەرمانێکی وەزارەتی دادی ئەمریکا، نەوتەکەی داگرت.
مانگی ئەیلوولی ساڵی 2023، کۆمپانیای ئیمپایەر ناڤیگەیشن دانی بەوەدانا کە نەوتی ئێرانی بە قاچاخ بردووە و رازیبوو کە 2.4 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووی پێشێڵکردنی سزاکانی ئەمریکا بداتەوە.
ئەوکات کە کەشتییەکە بەرە وئەمریکا کەوتەڕێ، ئێران لە نزیک گەرووی هۆرمز دەستی بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا گرت، کە یەکێکیان کاری بۆ گەورە کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی دەکرد. هەروەها سوپای پاسداران هەڕەشەی کرد کە هەر کەسێک باری سوێ راجان داگرێت، هەنگاوی زیاتریان دەبێت.
لەو کاتەوەی کە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران پەکیکەوتوو، لە سنوورە ئاوییەکانی دەوروبەری گەرووی هورمز، ئێران دەستی بەسەر ژمارەیەک کەشتیدا گرتووە. هەروەها چەندین هێرش کراونەتە سەر کەشتییەکان کە هێزی دەریایی ئەمریکا پێیوایە لە لایەن تارانەوە کراون.
هەروەها هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و ئێران لەو رێڕەوە ئاوییەدا چەندین جار گرژیی کەوتووەتە نێوانیان.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ساڵی 2019ـەوە دەستیانکردووە بە دەستبەسەرداگرتنی نەوتیی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ