چات GPT تەمبەڵ بووە؟ بەکارهێنەران تووڕەن لەوەی چاتبۆتەکە رەتیدەکاتەوە کار بکات

10-12-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای OpenAI کە خاوەنی چاتبۆتی ChatGPTیە، لەلایەن بەکارهێنەرەکانیەوە رەخنەی لێ دەگیرێت و دەڵێن، چاتبۆتەکە تەمبەڵ بووە و وەکو جاران کار ناکات.
 
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ChatGPT هەندێک جار رەتیدەکاتەوە کار بکات، یان وەڵامەکان لەکۆڵ خۆی دەکاتەوە و تەنانەت هەندێک جار بە زمانی زبر وەڵامی بەکارهێنەرەکانی دەداتەوە.
 
ئەم گۆڕانە کتوپڕەی لەم بەرنامەیەی ژیریی دەستکرددا روویداوە، گومانی لای هەندێک بەکارهێنەر دروستکردووە، کە کۆمپانیای OpenAI بە مەبەست دەستکاریی کردبێت.
 
یەکێک لە گریمانەکانی بەکارهێنەران ئەوەیە کە کۆمپانیاکە بیەوێت چاتبۆتەکەی لە رێگەی کەمکردنەوەی کارەکەی، بەهێزتر و وردبینتر بکات تاوەکو رکابەرەکانی پێشی نەکەون، بەتایبەتیش لە کاتێکدا کە گووگڵ ژیریی دەستکردی Geminiی راگەیاند.
 
ئەم مشتومڕە هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی کێشەی کارگێڕی بۆ کۆمپانیای OpenAI دوای ئەوەی کە دەستەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی گۆڕانکاریی تێدا کرا، سام ئەڵتمان کۆمپانیاکەی جێهێشت و دواتر گەڕایەوە. دروستبوونی ئەم مشتومڕە لەبارەی "تەمبەڵبوونی ChatGPT" لەم نێوەندەدا بووەتە سەرئێشەیەکی دیکە بۆ کۆمپانیای OpenAI.
 
کێشەی تەمبەڵبوونی ChatGPT
 
بەکارهێنەرانی چاتبۆتەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گلەیی ئەوە دەکەن، خەریکە سوودی ChatGPT دەتوێتەوە. لەبری ئەوەی وەڵامی تێروتەسەل بداتەوە، ئێستا کورتە وەڵامێک بە بەکارهێنەرانی دەدات و داوایان لێدەکات، ئەوەی ماوە، خۆیان تەواوی بکەن. ئەم گۆڕانە، زۆر کەسی تووڕە کردووە و دەپرسن ئەگەر چاتبۆتەکە بەم شێوەیە بێت، چ سوود و بەهایەکی هەیە.
 
ChatGPT، کە شۆڕشی لە ژیری دەستکرددا بەرپاکرد، بەم دواییانە تەمەنی بووە ساڵێک.
 
بەشێک لە بەکارهێنەران دەڵێن، کۆمپانیای OpenAI بە مەبەست دەستکاری ChatGPT کردووە و وەڵامە تێروتەسەلەکانی کورتکردووەتەوە بۆ ئەوەی زیرەکی و لێهاتووییەکەی زیادبێت. چونکە سیستمەکانی وەک ChatGPT پێویستیان بە وزەیەکی گەورەی کۆمپیوتەری هەیە (سەدان هەزار چیپ و پرۆسێسەر) و هەر کاتێک وەڵامێکی درێژ بدەنەوە، زۆر لەسەریان دەکەوێت. ئەم بیرکردنەوەیە دەڵێت، رەنگە OpenAI رەزامەندیی بەکارهێنەر بکاتە قوربانیی دەستکەوتێکی ئابووری.
 
ChatGPT لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) هاتە سەر هێڵ و گوتی ئاگاداری رەخنە و تێبینییەکانن و سەرسووڕمانیی خۆیان بەرامبەر گۆڕانی رەفتاری چاتبۆتەکە دەربڕی. پشتڕاستیکردەوە کە هیچ وەشان و گۆڕانێکی نوێ نەخراوەتەڕوو و سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن. 
 
کۆمپانیا ئەمریکییەکە گوتی: "ئێمە گوێمان لە هەموو تێبینیەکانتان بووە لە بارەی تەمبەڵبوونی GPT4! لە 11ی تشرینی دووەمەوە وەشانەکەمان نوێنەکردووەتەوە، هەروەها گومانی تێدا نییە کە ئەمە شتێک نییە بە مەبەست کرابێت. رەفتاری وەشانەکە دەکرێت پێشبینینەکراو بێت و ئێمە لە هەوڵی چارەسەرکردنیدا داین."
 
گەڕانەوەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری OpenAI
 
ئەم مشتومڕەی لەسەر "تەمبەڵبوونی" ChatGPT هەیە، هاوکاتە لەگەڵ ئەو بەزم و هەرایەی بەهۆی رۆیشتن و گەڕانەوەی سام ئەڵتمان بۆ پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای OpenAI دروستبوو. 
 
دوو هەفتە لەمەوبەر، ئەڵتمان لە پڕێکدا لەکارلادرا. ئەوە وەک بوومەلەرزەیەک کۆمپانیاکەی هەژاند و خستییە بەردەم چارەنووسێکی ناڕوونەوە. 
 
سام ئەڵتمان لەم نێوەندەدا بێدەنگ بووە، بەڵام میدیای ئەمریکی بە ئاسانی وازی لێ ناهێنێت؛ رۆژنامەی واشنتن پۆست باس لەوە دەکات، رەفتارەکانی ئەڵتمان لەگەڵ کارمەندەکانی، "دەروون تێکدەر" و "ژەهراوی" بوون، بۆیە کورسییەکەی لێ وەرگیرابووەوە. 
 
راپۆرتەکە لەسەر زاری ژمارەیەک سەرچاوە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکەن، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەڵتمان کەشێکی پڕ لە پشێوی و خۆسەپاندنی دروستکردبوو، تاوەکو کار گەیشتە ئەوەی کارمەندەکان یەک لە دوای یەک لای دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکە، سکاڵای لێ بکەن. 
 
لە کاتێکدا ئەم هەموو بانگەشانە لە بارەی کۆمپانیاکەوە دەکرێن، گەڕاندنەوەی ئەڵتمان تەنیا چەند رۆژێک دوای لەکارلادانی، وایکردووە تەمومژێکی دیکە کۆمپانیاکە رووپۆشبکات. 
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری پشت ئەو "سواربوون و دابەزینە"ی کۆمپانیاکە دیار نییە، ئەوەش نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەر ئەوە دروستکردووە، کە بڕیارەکانی ئەو کۆمپانیایە چۆن دەدرێن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە