رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی چاودێریی و شەفافییەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەرۆکەکانی چوار بانک و چەند کۆمپانیایەکی بانگهێشت کردووە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە کار و بازرگانیی خێزانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا.
هەنتەر بایدن، کوڕی جۆ بایدن و چەند ئەندامێكی دیکەی خێزانی سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن کۆمارییەکانەوە گومانی ئەنجامدانی بازرگانی "گومانلێکراو"ـیان لێ دەکرێت، بەتایبەتی لەگەڵ چەند دامەزراوەیەکی بیانیدا.
رۆژی یەکشەممە 9-4-2023، لیژنەی چاودێریی و شەفافییەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەرۆکەکانی بانکی کاسای بانک، جەی پی مۆرگن، ئێچ ئێس بی سی و بانک ئۆف ئەمێریکا و چەند کۆمپانیایەکی بانگهێشتکرد تاوەکو تاوتوێی تۆمارە داراییەکانی خێزانەکە بکەن.
سەرۆکی لیژنەکە، جەیمس کۆمەری کۆمارییە کە چەند مانگێکە بە وردی لێکۆڵینەوە لە تۆماری دارایی خێزانی بایدن دەکات و لە نێوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵدا رایگەیاند، "دوای دوو مانگ لە داواکاریمان بە چاوخشاندنەوە بە تۆمارە داراییەکانی خێزانی بایدن، وەزارەتی گەنجینە دواجار رێگەی پێداین ئەو کارە بکەین".
یاسای ئەمریکا، رێگە بە تێکەڵبوونی ئەندامانی خێزانی سەرۆک لە کار و بازرگانی نێوخۆیی و دەرەکی دەدات، بەڵام نابێت ئەو کارانە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا هەبێت، کە دواجار لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵات رەنگ دەداتەوە.
لیژنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەو باوەڕەدایە تۆماری دارایی خێزانی بایدن چەند دەستەوارەیەکی بازرگانی بیانی لە خۆگرتووە، کە بە روونی "کاریگەری خراپ و نەشیاو"ـیان لەسەر کار و بڕیارەکانی بایدندا هەبووە.
کۆشکی سپی ئەمریکا سەرجەم لێدوانەکانی کۆمەر رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هەنگاوەکە "هۆکاری سیاسی" لە پشتە.
پێشتریش بایدن رەتیکردبووەوە پەیوەندی بە هیچ کار و بازرگانییەکی هەنتەری کوڕییەوە هەبێت، بەتایبەتی بازرگانییە بیانییەکانی.
جەیمس کۆمەر هەوڵی داوە تۆماری دارایی کوڕەکەی بایدن و برایەکی بایدن و خوشکی جێل بایدنی هاوژینی بەدەست بهێنێت، جگە لەوانە کۆمەر و تیمی یاریدەدەری بەدوای چەند راپۆرتێكەوەن کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە جۆن رۆب، ئیلکەر و ئێریک شڤیرین و دیڤۆن ئارچەر و سەرۆکەکانی چەند دامەزراوەیەکی دیکە هەیە کە بە هاوبەشی هەنتەر بایدن، کوڕەکەی بایدن ناسراون.
کۆمەر دەڵێت، "بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی قەواڵە و بەڵگە بانکییەکان و راپۆرتی چالاکییە گومانلێکراوەکان تاوەکو بزانین پارەی خێزانی بایدن بە چ ئاراستەیەک رۆیشتووە و بۆشمان دەربکەوێت تاوەکو چ رادەیەک جۆ بایدن کەوتووەتە ژێر مەترسی ئەو بازرگانییانە و ئایا کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا هەبووە یان نا؟".
کۆمەر هۆشداریدا و گوتی "ئەگەر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وەک دوو مانگی رابردوو کارەکانمان پەکبخات، ئەوا ئامرازەکانی بەردەستمان بەکاردەهێنین تاوەکو گەنجینە ناچار بکەین وەڵامی داواکارییەکانمان دەداتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ