رووداو دیجیتاڵ
دەنگدەرانی فەرەنسا روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد؛ چاوەڕوان دەکرێت لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا سەرۆک هەڵنەبژێردرێت و ئیمانوێل ماکرۆن و مارین لوپێن بچنە گەڕی دووەم بۆ ئەوەی یەکێکیان وەک سەرۆکی پێنج ساڵی داهاتووی فەرەنسا هەڵبژێردرێت.
بنکەکانی دەنگدان کاژێر 9:00 کرانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بانگەشەیەکی چڕ و پڕ لە چەند هەفتەی رابردوودا بەڕێوەچوو و بەشێکی گەورەیشی سەرنجی خستە سەر ئۆپەراسیۆنی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و بەردەوامبوونی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
زۆربەی فەرەنسییەکانی دەرەوەی ئەوروپا رۆژی شەممە دەنگیان دا؛ لەوانەش فەرەنسییەکانی کەنەدا، ئەمریکا و ئەو دوورگانەی لە لایەن حکومەتی فەرەنساوە بەڕێوەدەبرێن.
دوایین راپرسییەکان دەریدەخەن، کە ئیمانوێل ماکرۆن 26٪ی دەنگەکان، ماری لوپێن 25٪ی دەنگەکان، ژان میلانشۆ 17٪ی دەنگەکان، ئێریک زێمور 8٪ی دەنگەکان، ڤالێری پێکرێس 8٪ی دەنگەکان، یانیک جادۆ 4٪ی دەنگەکان و ئان هیداڵگۆ 2٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
زۆرجار لای بەشێک لە دەنگدەران ئەو تۆمەتە دەدرێتە پاڵ ماری لوپێن، کە کەسێکی تووندڕەوە و کار لەسەر دابەشکردنی کۆمەڵگە دەکات، بەڵام ئەو بەربژێرە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەدا لە چەند هەفتەی رابردوودا هەوڵیدا وێنەیەکی جیاوازی خۆی پیشانبدات و گرنگی بەو شتانە دا کە جێگەی بایەخ و نیگەرانیی دەنگدەرانن.
هەرچی ماکرۆنە بانگەشەیەکی کەمی کرد و سەرنجی زیاتر لەسەر هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بوو.
دەنگدانەکە کاژێر 9ی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و کەمێک دوای ئەوە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمشەو ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن بزانرێت.
نەبوونی دڵنیایی
هەروەک چاوەڕوان دەکرێت، ئەگەر ماکرۆن و لوپێن بچنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە، ئەوا رکابەری نێوانیان زۆر تووند دەبێت و جیاواز دەبێت لە رکابەرییەکەی ساڵی 2017 کە تێیدا ماکرۆن 66٪ی دەنگەکانی بردەوە.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2002دا 28.4٪ی دەنگدەران پڕۆسەکەیان بایکۆت کرد؛ لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی ساڵی 2017دا 22.2٪ی دەنگدەران بایکۆتیان کرد. بەشێک لە شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن، دەکرێت ئەمڕۆ ژمارەکە لەوەی 2002ش بەرزتر بێت.
ماکرۆن بە سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017دا مێژوویەکی بۆ خۆی تۆمارکرد بەوەی بووە گەنجترین سەرۆکی ئەو وڵاتە؛ ئەگەر ماکرۆن ئەمساڵیش سەربکەوێت، ئەوا دەبێتە یەکەمین سەرۆک لە دوای جاک شیراکەوە لە ساڵی 2002 کە بۆ جاری دووەم ببێتەوە سەرۆکی وڵات و بەوەش پێگەی خۆی لەنێو مێژووی ئەو وڵاتەدا بەهێزتر دەکات.
سەرکەوتنی ماکرۆن لەم هەڵبژاردنەدا دەرفەتێک دەداتە ئەو بەربژێرە گەنجە بۆ ئەوەی وەک کەسی یەکەمی ئەوروپا دەربکەوێت، ئەوەش دوای نەمانی ئەنگێلا مێرکل لە پۆستی راوێژکاریی ئەڵمانیا.
ئەگەریش ماری لوپێن ببێتە سەرۆکی وڵات، ئەوە بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ پۆپۆلیستەکان لە سەرانسەری ئەوروپادا دادەنرێ، بە تایبەتی دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو پارتەکەی ڤیکتۆر ئۆربانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەو وڵاتە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ