رووداو دیجیتاڵ
گشتپرسییەکی ئێرلاند بۆ داڕشتنەوەی پێناسەی خێزان و رۆڵی ژنان لە دەستووردا شکستی هێنا، وێڕای ئەوەی حکومەت و زۆربەی پارتەکان پشتیوانییان لە هەموارکرنەکە دەکرد.
ئامانج لەو گۆڕانکارییانەی کە ئێرلاند دەیویست لە دەستوورەکەیدا بیانکات، فراوانکردنی پێناسەی دەستوور بۆ خێزان و روونترکردنی زمانی بوو لەبارەی ئەرکەکانی ژن لە کۆمەڵگەدا کە حکومەت پێی وابوو ماوەیان بەسەرچووە و دەبێت نوێ بکرێنەوە.
هەموو پارتە سیاسییە سەرەکییەکانی وڵاتەکە دەستیان بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی دەنگی "بەڵێ" کرد و راپرسییەکیش کە لە رۆژی جیهانیی ژناندا ئەنجامەکەی بڵاوکرایەوە، دەریدەخست کە گشتپرسییەکە بە ئاسانی پەسند دەکرێت.
گشتپرسییەکە دوایین هەوڵی ئێرلاند بوو بۆ خستنەڕووی سیمای گۆڕاوی خۆی و کەمبوونەوەی کاریگەریی کەنیسەی کاسۆلیک کە سەردەمانێک بەسەر سیاسەت و کاروباری وڵاتەکەدا زاڵ بوو.
حکومەتی ئێرلاند شەوی شەممە رایگەیاند، 67.69%ی ئەو ملیۆن و 21 هەزار کەسەی دەنگیانداوە، هەموارکردنی پێناسەی خێزانیان رەتکردووەتەوە.
هەموارە رەتکراوەکە پێشنیازی دەکرد پێناسەی خێزان فراوان بکرێت بۆ ئەوەی ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە ژیانی هاوژینییان پێکنەهێناوە، بەڵام "پەیوەندیی درێژخایەنیان" هەیە، وەک ئەوانەی کە پێکەوە دەژین و منداڵیان هەیە.
ئامانجێکی دیکەی گشتپرسییەکە گۆڕینی ئەو زمانە بوو کە باسی لە "ئەرکەکانی ماڵەوەی" دایک دەکرد بۆ ئەوەی دەربڕینێکی دیکە لە شوێنی دابنرێت کە روونی بکاتەوە هەموو ئەندامانی خێزان دەتوانن چاودێری یەکدی بکەن. ئەو هەموارەش بە 73.9%ی دەنگ رەتکرایەوە.
ئەوانەی کە پشتیوانییان لە رەتکردنەوەی گشتپرسییەکە دەکرد، دەڵێن "پەیوەندیی درێژخایەن" ناڕوون و سەرلێشێوێنەرە و هەموارەکەی دیکەش وا دەکات شتێک بە ناوی ژن و دایک لە دەستووردا نەمێنێت.
لیۆ ڤارادکار، سەرۆکوەزیرانی ئێرلاند گوتی، گشتپرسییەکە "بە رێژەیەکی گەورەی بەشداریی دەنگدەران، بە تەواوی شکستی پێهێندرا."
ڤارادکار گوتی، "نەمانتوانی وەک پێویست خەڵک لە پێویستیی گشتپرسییەکە تێ بگەیێنین، چ جای بگاتە روونکردنەوەی مەبەستی زمانەکەی. بێگومان ئەوە شتێکە کە دەبێت لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا هەڵوەستەی لەسەر بکەین."
پایدەر تۆیبین، سەرۆکی پارتی ئۆنتو، تاکە فراکسیۆنی پەرلەمان کە پشتیوانی لە دەنگی نەخێر دەکرد، پێشوازی لە ئەنجامی گشتپرسییەکە کرد و بە "سەرکەوتنێکی گەورە" ناویبرد.
تۆیبین دەڵێت، حکومەت "بە جۆرێک ئەم هەموارانەی [بە خەڵک] دەفرۆشتەوە کە هەمواری پێشکەوتنخواز و گۆڕانی باش بن لە دەستووردا، بەڵام لە راستیدا، کەم یان هیچ سوودی بۆ خەڵک نەبوو لە رووی نان و بژێوییەوە."
نایاڵ سلۆتەر، کارمەندێکی تەمەن 40 ساڵی بانک لە دەبڵن گوتی، لە گشتپریسییەکەدا بە "بەڵێ" دەنگی بە پرسیاری تایبەت بە هەموارکردنی پێناسەی خێزان داوە، بەڵام لە هەمواری ئەرکەکانی ژن تێنگەیشتووە، بۆیە بە "نەخێر" وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە.
دوو هەموارەکە بە دوو پرسیاری جیا لەسەری کارتی گشتپرسییەکە پێشنیازی دەنگدەران کرابوون.
سلۆتەر گوتی، "لەبەر زمانی خستنەڕووەکەی، بە نەخێر وەڵامی دووەمم دایەوە. بابەتەکە بەو جۆرە نییە کە من پێم وابێت شوێنی ژن ماڵەوەیە، بەڵکو تەنیا ئەوەیە کە دەبوایە ئاسانتر و روونتر بێت."
کایتریۆنا بیهان، تەمەن 55 ساڵ، کارمەندی پەروەردە گوتی، ئەگەرچی گۆڕانێک پێویستە، بەڵام هەست دەکات "سیاسەتڤانان هۆکاری گۆڕینی دەستوورەکەیان بە باشی رووننەکردەوە."
ماری لۆو مکدۆناڵد، سەرکردەی پارتی شین فین بە رۆژنامەڤانانی گوت، حکومەت نەیتوانیوە دەنگدەران رازی بکات بە "بەڵێ" دەنگبدەن، لەبەر ئەوەی راوێژی بە ئۆپۆزیسیۆن "یان هاوبەشەکانی دیکە"ی نەکردووە.
خانمە سیاسەتڤانەکە دەڵێت، "خەڵکیان لە بەردەم بڕیاری ناهاوسەنگدا هێشتەوە. پێم وایە جێگەی داخە کە حکومەت بەم تاکلایەنییە سەرکێشی کرد، وەڵامی خۆشی وەرگرت."
ئۆرلا ئۆکۆنۆر، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی ژنانی ئێرلاند گوتی، دەبێ ئەنجامی گشتپرسییەکە ببێتە "بەئاگاهێنەرەوەیەک" بۆ یەکسانی و مافی ژنان.
ئەو وڵاتە خاوەن 5.3 ملیۆن دانیشتووە، ساڵی 2015 بڕیاریدا رێگە بە ژیانی هاوژینیی هاوڕەگەزخوازان بدات و لە ساڵی 2018 کۆتوبەندەکانی سەر لەباربردنی منداڵیشی هەڵوەشاندنەوە.
دەستووری وڵاتەکە تەنیا دەتوانرێت بە گشتپرسی هەموار بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ