جیهان
مزگەوتێک لە باکووری غەززە بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە خاپوور بووە و ئاڵایەکی ئیسرائیلیش لە پشتییەوە هەڵدراوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیسرائیل رازیبووە رۆژانە چوار کاژێر شەڕ لە باکووری کەرتی غەززە بوەستێنێت بۆ ئەوەی رێگە بە دانیشتووان بدەن بەرەو باشوور بڕۆن.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئیسرائیل رۆژانە چوار کاژێر شەڕ لە باکووری غەززە رادەگرێت."
بە گوتەی کێربی، ئیسرائیل رۆژانە سێ کاژێر پێش وەستاندنی شەڕ، خەڵکەکە لە وادەی راگرتنی شەڕەکە ئاگاداردەکاتەوە.
ئەم رێککەوتنە دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ، پێنجشەممە، سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەوحە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆبوونەوە.
قەتەر، کە شوێنی ژیانی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینییە، سەرکردایەتیی هەوڵەکانی نێوەندگیریکردن لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا دەکات بۆ ئەوەی ئاگربەست رابگەیێندرێت و لە بەرامبەریشدا بارمتە ئیسرائیلییەکانی دەستی حەماس ئازادبکرێن.
جۆن کێربی ئاماژەی بە ئازادکردنی بارمتەکان نەکردووە، بەڵام گوتی ئەم ئاگربەستە کاتییە "هەنگاوێکە بە ئاراستەی دروست."
کێربی دەڵێت: "لە لایەن ئیسرائیلییەکانەوە پێمان راگەیێندرا کە لە ماوەی وەستانە کاتییەکەدا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ناکرێت و پڕۆسەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن دەیەوێت رۆژانە لانیکەم 150 بارهەڵگری یارمەتیی مرۆیی بڕۆنە نێو غەززە.
رۆژی پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئاگادار لە دانوستاندنەکانەوە بڵاویکردەوە کە دەیڤد بارنی، سەرۆکی مۆسادی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل و ویلیەم بێرنز، بەڕێوەبەری گشتیی سی ئای ئەی لە لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆبوونەتەوە، دوای ئەوەی کە قەتەرییەکان لەگەڵ بەرپرسانی حەماس کۆببوونەوە.
سەرچاوەیەکی دیکە رۆژی چوارشەممە، بە ئاژانسە هەواڵییەکەی راگەیاندبوو کە نێوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەی دانوستاندنی لەسەر دەکرێت، بریتییە لە ئازادکردنی 10 تاوەکو 15 بارمەتە لە بەرامبەر ئاگربەستێکی یەک تا دوو رۆژی.
حەماس لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمیدا، جگە لە کوشتنی هەزار و 400 ئیسرائیلی برینداربوونی لانیکەم 5 هەزار و 600ی دیکەیان، زیاتر لە 240ی دیکەشی بە دیل گرت. بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، زۆربەی کوژراوان خەڵکی سڤیل بوون.
لە دوای هێرشەکە، ئیسرائیل بۆردوومانی چڕ و دواتریش هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد کە تاوەکو ئێستا، بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 10 هەزار و 569 کەس کە 4 هەزار و 234یان منداڵن، هەروەها برینداربوونی 26 هەزار و 475 کەس کە 8 هەزار و 663یان منداڵن.
جگە لەوە، زیاتر لە دوو هەزار و 660 فەلەستینی لە کەرتی غەززە بێسەروشوێن بوون کە هەزار و 350یان منداڵن.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بانگەواز و خۆپێشاندانەکان بۆ وەستاندنی جەنگ لە زیادبووندان؛ بەڵام رۆژی پێنجشەمە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی بەڕێکەوتنی لە کۆشکی سپییەوە بۆ ویلایەتیی ئیلینۆی، بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاند کە "هیچ ئەگەرێک" بۆ وەستاندنی تەواوەتیی جەنگ نییە.
دواتر پشتڕاستیکردەوە کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و گوتی: "داوای وەستانێکی درێژتر لە سێ رۆژم کرد."
رۆژنامەڤانێک پرسیاری لێ کرد کە ئایا بەهۆی رازینەبوونی نەتەنیاهوو بە ئاگربەست لێی دڵگرانە یان نا، بایدن گوتی: "شتەکە هەندێ کاتی زیاتری خایاند لەوەی کە هیوام دەخواست."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ