گەنجێک شا چارڵس و هاوژینەکەی هێلکە باران دەکات

09-11-2022
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شا چارڵسی سێیەم، پاشای بەریتانیا و کامیلا شاندی هاوژینی بۆ رێوڕەسمێک سەردانی شاری یۆرکیان کرد. لە کاتی گەیشتن بەنێو ئاپۆڕای هاووڵاتییان، چوار هێلکە ئاراستەی شا چارڵس و هاوژینەکەی کران.
 
رۆژی چوارشەممە، 9-11-2022، پۆلیسی شاری یۆرکی باکووری رۆژهەڵاتی بەریتانیا رایگەیاند، پیاوێکی تەمەن 23 ساڵیان بە تۆمەتی هاوێشتنی هێلکە بۆ پاشا و هاوژینی دەستگیرکردووە.
 
شا چارلس و کامیلای هاوژینی بە مەبەستی بەشداریکردنیان لە رێوڕەسمی لابردنی پەردە لەسەر پەیکەری شاژن ئەلیزابێزی دووەم، شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا سەردانی دەروازەی "میکڵ گەیت"یان لە بەریتانیا کردبوو.
 
لەو کاتەی کە هاووڵاتییان دروشمی، "خودا پاشا بپارێزێت"یان دەگوتەوە، کوڕێکی تەمەن 23 ساڵ چوار هێلکەی ئاراستە کردن، هاووڵاتییەکە لە کاتی هاوێشتنی هێلکەکاندا هاواری کردووە، "ئەم وڵاتە بە خوێنی کۆیلەکان بنیاتنراوە نەوەک پاشاکەم". هاوکات ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکەش دروشمی، "شەرمەزار بیت"یان ئاراستەی چارڵس کرد.
 
گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت ئەو دوو ئەندامەی خێزانی شاهانە هیچ کاردانەوەیەکیان بۆ ئەو رەفتارە نەبوو کە بەرامبەریان کرا و بەردەوامبوون لە تەوقەکردن و قسەکردن لەگەڵ هاووڵاتییەکاندا.
 
ئەو رووداوەی لە شاری یۆرک روویدا یەکەمجار نەبوو لە مێژوودا کە خێزانی شاهانە رووبەڕووی رەفتاری لەو جۆرە لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەبنەوە.
 
لە 2022، کاتێک شاژن ئەلیزابێزی دووەم سەردانی نۆتینگهامی کرد لە نێوەڕاستی بەریتانیا، هێلکە گیرایە ئۆتۆمبێلەکەی. هەروەها لە 1995، لەلایەن ژمارەیەک هاووڵاتیی دوبلینی پایتەختی ئێرلەنداوە هێلکەی بۆ هاوێژرا.
 
شا چارڵسی سێیەم لە 8ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە تەمەنی 73 ساڵیدا، دوای مردنی دایکی، شاژن ئەلیزابێزی دووەم بوو بە پاشای بەریتانیا، بەڵام جیاواز لە دایکی کە خۆشەویست بوو لەلای هاووڵاتییانی بەریتانیاوە؛ ئەم کەمتر دڵخوازی بەریتانییەکانە.
 
بە گوێرەی دواین راپرسی ماڵپەڕی یوگۆڤی بەریتانی، 44٪ی بەریتانییەکان تێڕوانینی ئەرێنیان لەبارەیەوە هەبووە، ئەمە لەکاتێکدایە راپرسییەکان لە پێشوودا وایان نیشاندەدا 75٪ی بەریتانییەکان شاژنە ئەلیزابێزی دووەمیان خۆشویستبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە