رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شارۆچکەی لجێی سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، 9 ناوچە وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندران و بۆ ماوەی 15 رۆژ قەدەخە کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە رۆژی پێنجشەممە، 8ی حوزەیرانی 2023 لەلایەن پارێزگای ئامەد بڵاوکراوەتەوە، 9 ناوچەی سنووری گوندەکانی زەنگەزۆر و مزاک لە شارۆچکەی لجێ بۆ ماوەی 15 رۆژ وەک "ناوچەی ئەمنی تایبەت" ناسێندراون و هاتووچۆ بۆ ئەو دوو گوندە قەدەخەکرا.
پارێزگای ئامەد رایگەیاند، قەدەخەکردنەکە لە 7ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 22ی حوزەیران بەردەوام دەبێت و ناوچە قەدەخەکراوەکانیش لە پێگەی فەرمی بڵاوکراونەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای ئامەددا هاتووە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و بۆ ئەوەی هاووڵاتییان زیانیان بەرنەکەوێت، ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون.
ئەمە لە کاتێکدایە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 8ی حوزەیرانی 2023 رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لە شارۆچکەی لجێی ئامەد، دوو گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئۆپەراسیۆنەکە ناونراوە "ئەرەن ئارامی بەهار هاوین-1" کە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری شارۆچکەی لجێ بەبەشداری هێلیکۆپتەر، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی جەندرمە، هێزەکانی کۆماندۆی جەندرمە و گوندپارێزان بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ