رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا کۆنگرێسی وڵاتەکەی لە دۆخی سەربازانی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی جیهان ئاگادار دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، هێزەکانیان بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و قاعیدە لە عێراق و سووریا ماونەتەوە؛ دەشڵێت، بە فەرمانی ئەو، هێرشەکانی رابردووی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، پێگەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی لە عێراق و سووریا کردوونەتە ئامانج.
لە نامەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە بۆ کۆنگرێس نێردراوە، جۆ بایدن دەڵێت، "وەک بەشێک لە ستراتیجییەکی تووندوتۆڵ بۆ لەنێوبردنی داعش، هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لەگەڵ و لە رێگەی هاوبەشە خۆجێییەکان کاردەکەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی هێزەکانی داعش لە عێراق و سووریا و هێزەکانی قاعیدە لە سووریا، بۆ ئەوەی توانای سەرهەڵدانەوەی ئەم گرووپانە سنوورداربکەن و هەڕەشەکانی سەر نیشتمانیی ئەمریکاش کەمبکەنەوە."
لە بارەی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، بایدن دەڵێت، "کۆمەڵەیەکی بچووکی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە چەند شوێنێکی ستراتیجیی گرنگی سووریا ماونەتەوە بۆ ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە خۆجێییە زەوینییەکان، ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشە تیرۆریستییانەی لە سووریاوە دێن."
لە عێراق، هێزەکانی ئەمریکا "بەردەوامن لە راوێژدان، یارمەتیدان و توانادارکردنی چەند بەشێکی هەڵبژێردراوی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە نێویاندا هێزە ئەمنییە کوردییەکان،" هەروەها "پشتیوانیی سنووردار" بە هێزەکانی ناتۆ دەدەن، ئەمە وەک سەرۆکی ئەمریکا باسی کردووە.
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێگیرکردووە.
لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە گوێرەی پێنتاگۆن لانیکەم 78 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان، کە بوونەتە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 60 سەربازی ئەمریکی بە سووکی، هەروەها بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.
گرووپێک کە خۆی بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنێت بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە.
جۆ بایدن لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، ئەم هێرشانە "ژیانی سەربازانی ئەمریکی و هێزەکانی هاوپەیمانیی [نێودەوڵەتی] خستووەتە مەترسییەوە" و لە لایەن "سوپای پاسدارانی ئێران و میلشیاکانی نزیک لێی"ەوە ئەنجامدراون.
لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، بە گوێرەی نامەکەی بایدن، ئەمریکا سێ جار لە سووریا و جارێک لە عێراق هێرشی کوشندەی کرووەتە سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران.
بایدن لە نامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، لە 26ی تشرینی یەکەم، 8ی تشرینی دووەم و 12ی تشرینی دووەم، بە فەرمانی ئەو، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر "ژمارەیەک شوێنی رۆژهەڵاتی سووریا کە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەکاردەهێنران."
هەروەها شەوی 21ی تشرینی دووەم، بایدن فەرمانیکردووە هێرش بکرێتە سەر "ژمارەیەک شوێن لە عێراق" کە بە گوتەی خۆی لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی بەکاردەهێنران.
بایدن دەڵێت، "فەرمانم بە گرتنەبەری ئەم رێکارە سەربازییە جیاجیانە کرد بە پێی بەرپرسیارێتیی خۆم بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە نێو و دەرەوەی وڵات."
رۆژی پێنجشەممە 7-12-2023، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسایەکی رەتکردەوە کە داوای دەکرد سەربازانی ئەمریکا لە سووریا بکشێنرێنەوە.
دوای زیادبوونی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر سەربازانی ئەمریکی، پڕۆژە یاساکە لە لایەن راند پۆڵ، سیناتۆری کۆمارییەوە ئامادە کرابوو.
پێش دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە، پۆڵ بە ئەنجوومەنەکەی گوت، "وای دەبینم، ئەگەرچی 900 سەربازەکەمان لە سووریا هیچ ئەرکێکی گرنگیان نییە، بێ قەڵخانن. ئەوان تەڵەیەکن بۆ جەنگێکی گەورەتر. بێ هەبوونی ئەرکێکی روونیش، پێم وانییە بتوانن وەکو پێویست خۆیان بپارێزن، کەچی هێشتاش لە سووریان."
ئەیلوولی ئەم ساڵ، تورکیا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی کردنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی هاوبەشی نزیکی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، کە هەندێ لەو هێرشانە شوێنەکانی نزیک هێزەکانی ئەمریکایان کردە ئامانج و لە یەکێکیاندا ئەمریکییەکان درۆنێکی تورکیایان خستەخوارەوە.
پۆڵ گوتی، "سەربازانی ئەمریکا هەروەها کەوتنە بەر ئاگری تورکیای هاوپەیمانی ناتۆمان. هەر ئەم ئەیلوولەی رابردوو، ئێمە بە خستنەخوارەوەی درۆنێکی چەکداری تورکی کە 500 یارد لە هێزەکانی ئەمریکا نزیکبووەوە، قەرزی ئەوانمان دایەوە."
بەڵام زۆرینەی کۆماری و دیموکراتەکان پشتیوانییان لە ئیدارەی بایدن کرد بۆ ئەوەی ئەو 900 سەربازە لە سووریا بهێڵێتەوە.
میچ مککۆنێڵ، سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران گوتی، "تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسایەکی لەم جۆرە، دیارییەک دەبێت بۆ ئێران و تۆڕە تیرۆریستەکانی. دەرکردنی سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رێک ئەو شتەیە کە ئەوان دەیانەوێت بیبینن. ئەوە هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران هان دەدات بەرەیەک لە باکوورەوە لە جەنگی دژی ئیسرائیل بکەنەوە."
هەروەها ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ئاداری ئەم ساڵ بە 103 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 321 دەنگی نەخێر، پڕۆژە یاسایەکی هاوشێوەی بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریا رەتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ