نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێران لەو تووندوتیژییە بەرپرسە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی

08-03-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، ئێران بەرپرسە لەو "تووندوتیژییە جەستەییەی" ئەیلوولی ساڵی 2022 بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەڵگەی هەبوونی شوێنەواری ئەشکەنجەیان لەسەر جەستەی ژینا دۆزیوەتەوە.
 
ژینا کچە کوردێکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. دوای ئەوەی بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستگیرکرا، لە 16ـی ئەیلوولی 2022، لە دەستبەسەرییدا گیانی لەدەستدا. باوکی ژینا ئەو کات بە رووداوی گوت، کچەکەی لە ئەنجامی ئازاردانی لەلایەن پۆلیسەوە گیانی لەدەستداوە. حکومەتی ئێرانیش بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەیەکی خۆی رەتیکردەوە هیچ زەبرێکی دەرەکی بووبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ژینا.
 
بەڵام راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە لایەن تیمێکی تایبەتەوە ئامادەکراوە، دەڵێت، "تیمەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بەکارهێنانی تووندوتیژی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی خانمی ئەمینی."
 
راپۆرتەکە ئەنجامی لێکۆڵینەوە ئێرانییەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "لەبری ئەوەی وەک چۆن یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی داوای دەکات، بە شێوەیەکی خێرا و کاریگەر و تێروتەسەل لێکۆڵینەوە لەم مردنە نایاساییە بکات، حکومەت بە شێوەیەکی کارا کەوتە لێڵکردنی راستییەکان و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی دادپەروەری".
 
گیانلەدەستدانی کچە 22 ساڵانەکە، خۆپێشاندانی بەرفراوانی لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لێکەوتەوە کە دواتر کوشتن و دەستگیرکردنی تێکەوت. تاران بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی، سەتان خۆپێشاندەری دەستگیرکرد.
 
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران "هێزی کوشندەی ناپێویست و نابەرانبەری بەکارهێنا" بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆپێشاندانەکان بێنێت.
 
لەو ناڕەزاییانەدا کە چەند مانگێک بەردەوام بوون، زیاتر لە 500 کەس لە خۆپێشاندەران و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران و زیاتر لە 22 هەزار کەسیش دەستگیرکران.
 
ئێران هیچ وەڵام و کاردانەوەیەکی دەستبەجێی بۆ راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبووە.
 
پێناچێت بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە، رەوتی کاری حکومەتی ئێران بگۆڕێت کە ئێستا زیاتر لە جاران، نەریتخوازەکان تێیدا دەسەڵاتدارن، ئەوەش دوای ئەوەی هەڵبژاردنی هەفتەی رابردوو جڵەوی پەرلەمانی دایەوە دەستیان.
 
بەڵام راپۆرتەکە گوشاری نێودەوڵەتیی زیاتر دەخاتە سەر ئێران لە کاتێکدا نیگەرانیی بەرفراوانتر لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە لەو وڵاتە هەیە، لە نێویاندا لەبارەی پەرەدان بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ناردنی چەک لە تارانەوە بۆ مۆسکۆ بۆ شەڕی دژی ئۆکراینا، هەراسانکردن و دەستگیرکردنی چالاکڤانان لەوانەش نێرگس محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
 
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڵاوکردنەوەی کەوتە 8ـی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان، دەڵێت، "خۆپێشاندانەکان بێ وێنەبوون، ئەوەش بەهۆی سەرکردایەتیی ژنان و گەنجان، مەودای گەیشتنیان و ماوەکەیان، هەروەها بەهۆی کاردانەوەی تووندی دەوڵەتەوە."
 
راپۆرتەکە دەڵێت، ژینا دەستگیرکرابوو چونکە شێوازی سەرپۆشەکەی بە دڵی پۆلیسی رەوشتی ئێران نەبوو، دواتر گوێزرابووەوە بۆ ناوەندی دەستبەسەرکردن لە تاران بۆ ئەوەی "وانەی پەروەردەکردن"ی پێ بڵێن، بەڵام 26 خولەک دواتر لەهۆشچووبوو، 30 خولەک دوای ئەوە گوێزرابووەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
ئێران رەتیکردووەتەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانییەوە لە ژینا درابێت. دامودەزگەکانی ئێران چەند جارێک ئاماژەیان بە کێشەیەکی تەندروستی کردووە کە گوایە دوای نەشتەرگەرییەکی سەردەمی منداڵی، ژینا تووشی بووە و ئەوەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی. بەڵام راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان رەتی دەکاتەوە ئەوە هۆکار بووبێت.
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان "بەڵگەی دەستکەوتووە" کە ئەو کاتەی ژینا لە دەستبەسەری پۆلیسی رەوشتدا بووە، "زەبر بەر جەستەی" کەوتووە؛ دەشڵێت، "لەسەر بنەمای بەڵگە و شێوازی ئەو تووندوتیژییەی کە پۆلیسی رەوشت لە چەسپاندنی باڵاپۆشیی زۆرەملێدا بەسەر ژناندا بەکاری دەهێنێت، تیمەکە گەیشتە ئەو بڕوایەی کە خانمی ئەمینی دووچاری تووندوتیژیی جەستەیی بووەتەوە کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی."
 
خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیانپێکرد و زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان گرتەوە.
 
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە تاپڕ، تفەنگ و چەکی دیکە تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە "لە هەندێ کاتدا ئەو خۆپێشاندەرانە هیچ هەڕەشەیەکی مسۆگەری کوشتن و بریندارکردنیان" بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان نەبووە،" بۆیە ئەوەی هێزە ئەمنییەکان کردوویانە "نایاسایی و کوشتنی دەرەوەی سنووری یاسا بووە."
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی شێوازێکی تایبەت بۆ کوشتنی خۆپێشاندەران بەکارهێنراوە، کە ئەویش تەقەکردن بووە لە چاویان و هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش تۆمەتباردەکرێن بەوەی کە تووندوتیژیی سێکسییان بەرامبەر بەشێک لە دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانەکان بەکارهێناوە، لە نێویاندا دەستدرێژیی سێکسی، هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی، رووتکردنەوەی زۆرەملێ، گوشین و لێدانی کارەبا لە ئەندامی زاوزێیان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە