بەراورد بە دەیەیەک پێشتر، چین 112 رۆژ زیاتری لە کەشوهەوای پاکدا بەسەربردووە

08-02-2022
دڵزار زوبێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاسمانێکی شین و هەوایەکی پاک، ئەو کەشوهەوایەی پێش دەیەیەک بە دەگمەن لە پەکینی پایتەختی چین دەبینرا، ئێستا بەهۆی کۆنترۆڵکردنی تاڕاددەیەکی گازە زیانبەخشەکان خەریکە کەشی شارەکە پاکدەبێتەوە.
 
وانگ یالی ئۆڵۆمپیادی هاوینەی ساڵی 2008ی بینیوە و ئێستا لە کەشوهەوایەکی تەواو جیاوازدا ئاهەنگی ئۆڵۆمپیادی زستانە دەگێڕێت.
 
وانگ یالی، دانیشتووی پەکین دەڵێت، "ئێمە ئێستا ژیانێکی تەندروستمان هەیە ئەوەش بەهۆی باشبوونی ژینگەوەیە. وڵاتەکەمان زۆر هەوڵیداوە بۆ باشکردنی کوالێتیی هەوا و ئێمەش دەتوانین ئەوە ببینین. پارک دروستکراون و رووەک و درەخت چێندراون، بەڕاستی جوانن".
 
دیمەنەکانی ئۆڵۆمپیادی هاوینەی ساڵی 2008 و دیمەنی ئۆڵۆمپیادی زستانەی ئەمساڵ جیاوازییان هەیە.
 
لەدوای ئەوەی لە ساڵی 2013 پیسبوونی کەشوهەوا ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد، چین پلانێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە راگەیاند؛ بەکارهێنانی خەڵووز کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی دەردانی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆنە سنووردار کرا؛ تەنانەت ئەو بۆیلەرانەی لە ماڵەکاندا بە خەڵووز کاریان دەکرد، بۆ وزەی گاز یان کارەبا گۆڕدران.
 
لۆری میلیڤیرتا، توێژەر دەڵێت، "کوالێتیی هەوای پەکین لە ساڵەکانی 2012 و 2013 گەیشتە خراپترین خاڵ. ئەوەش ئەو کاتە بوو کە بووە جێی نیگەرانیی گشتی. تووڕەیی خەڵکی لەبارەی کێشەکەوە گەیشتە خاڵێکی مەترسیدار. لەدوای ئەوەش حکومەت دەستی بە چاکسازی کرد".
 
بەگوێرەی ناوەندی توێژینەوەی بەرگەهەوای جیهانی، چین لە پلەی یەکەمی دەردانی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن دێت، بە شێوەیەک کە ساڵانە 11 هەزار و 535 مێگاتۆن کاربۆن دەردەدات، هەر یەک مێگاتۆنیش یەکسانە بە یەک ملیۆن تۆن لە دوانەئۆکسیدی کاربۆن.
 
سەرەڕای هەموو ئەو رێکارانەی گرتنیەبەر، کوالێتیی هەوای ساڵانەی پەکین بۆ ساڵی رابردوو شەش هێندەی ئەو بڕە بوو کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە دیاریکراوە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی پەکین، ساڵی رابردوو شارەکە 288 رۆژی لە هەوایەکی پاکدا بەسەربردووە، ئەوەش لە کاتێکدا بۆ ساڵی 2013 ژمارەی ئەو رۆژانەی هەوای پاکیان هەبووە 176 رۆژ بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە