رووداو دیجیتاڵ
ریاز مەنسوور، باڵیۆزی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ، پێنجشەممە، رەشنووسی بڕیارنامەیەک ئامادەبکرێت بۆ داواکردنی ئاگربەستێکی مرۆیی دەستبەجی بۆ غەززە، تاوەکو سبەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی لەسەر بدات.
مەنسوور ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژە بڕیارەکە لە لایەن ئیمارات و کۆمەڵەی وڵاتانی ئیسلامی ئامادەکراوە، بە سوودبینین لەو نامەیەی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تێدیا یاسای ژمارە 99ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کارا کرد.
گوتێرێز بە کاراکردنی ئەو ماددەیە، رۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی ئاساییشی ئاگادارکردەوە کە قەیرانی غەززە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی.
مەنسور گوتی، رەشنووسی بڕیارنامەکە "شەوی رابردوو بە هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دراوە" بۆ ئەوەی بیخوێننەوە و پایتەختەکانیان لێی ئاگاداربکەنەوە
باڵیۆزی فەلەستین گوتی: "ژمارەی کوژراوان ئێستا 17 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، 65 هەزار کەسیش برینداربوون. ژمارەیەکی گەورەیان، واتە 70٪یان ژن و منداڵن. ئەمە شتێکی زۆر قێزەونە و مایەی شەرمەزارییە کە دەبینین ئەم ژمارە گەورەیەی منداڵان دەکوژرێن، زیاتر لە هەر ململانێیێکی دیکەی دوای دروستبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان."
رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، لانیکەم 17 هەزار و 177 کەس گیانیان لەدەتداوە.
هەروەها بە گوێرەی وەزارەتەکە، تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا، 350 کەس بەهۆی بۆردوومانی چڕی ئیسرائیلەوە کوژراون و 900 برینداریش گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان.
رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیش دەڵێت، ژمارەکان رەنگدانەوەی ئەو "کارەساتە" گەورەیەن کە خەڵکی غەززە پێیدا تێپەڕدەبن.
رێکخراوە مرۆییەکە دەشڵێت، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی لە غەززە روودەدات "لە توانای هەموو رێکخراوێک بەدەرە."
وەزارەتی تەندروستیی غەززە باس لەوە دەکات کە بەهۆی بۆردوومانی بەردەوام، ناتوانن ژمارەی کوژراو و برینداران بە وردی تۆمار بکەن.
وەک وەزارەتەکە ئاماژەی پێدەکات "ئەوانەی لە دەروازەی رەفەحەوە گوێزراونەتە دەرەوە، کەمتر لە 1٪ی برینداران پێکدێنن."
هەروەها باس لەوە دەکات کە رێژەی وەرگرتنی نەخۆش توانستی نەخۆشخانەکانی تێپەڕاندنووە و گەیشتووەتە 206٪.
بە گوێرەی وەزارەتەکە، ئیسرائیل "بە مەبەست ئەمبوڵانس و تیمەکانی بەرگریی شارستانی بۆردوومان دەکات،" هەروەها لە کارپێکردنی نەخۆشخانەی شیفا رووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە و پێویستیان بە یارمەتیی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە. نەخۆشخانەی مەعمەدانیش "شوێنی تێدا نەماوە و توانای دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی لەدەستداوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ