رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمینجار دادگەی باڵای سوێد گڵۆپی سەوزی بۆ رادەستکردنەوەی 'هاوسۆزێکی پەکەکە' بە تورکیا هەڵکرد.
بڕیاری کۆتایی لەبارەی رادەستکردن یان رادەستنەکردنی ئەو کەسە بە تورکیا لەلایەن حکومەتی سوێدەوە دەدرێت.
ئەو کەسەی بڕیاری رادەستکردنی بۆ دەرکراوە تەمەنی 35 ساڵە و لە ساڵی 2014دا بە تۆمەتی ئەوەی 'جانتایەکی پێ بووە کە مادەی هۆشبەری لە نێودابووە' لە تورکیا سزای چوار ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرابوو.
دوای ئەوەی ئازادکراوە کۆچی کردووە بۆ وڵاتی سوێد، بەڵام لەسەر داوای داواکاری تورکیا لە مانگی ئابدا لە وڵاتی سوێد دەستگیرکرابوو.
ئەو کەسە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە و بۆ میدیاکانی سوێدا قسەی کردووە دەڵێت، "بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە پەکەکە، لەلایەن کاربەدەستانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج."
یەکشەممەی رابردوو، سەدان کەس لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پەکەکە و گوتنەوەی درووشمی "نا بۆ یاسای ئەردۆغان لە سوێد" و "نا بۆ ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ" خۆپێشاندانیان کرد.
خۆپێشاندانەکەی ستۆکهۆڵم هاوکاتبوو لەگەڵ کۆبوونەوەی سکرتێری گشتیی ناتۆ لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستەنبووڵ.
حکومەتی سوێد لە 1ی حوزەیرانی 2023ەوە یاسایەکی نوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بە کردنەوەی رێگەی دادگاییکردن بە تاوانی "پەیوەندیکردن بە رێکخراوێکی تیرۆریستی" یاساکانی ئەو وڵاتە لەم بوارەدا بەهێزتر دەکات.
ئەو یاسایە یەکێک لەو مەرجانە پێکدەهێنێت کە تورکیا بۆ هەڵگرتنی ڤیتۆی ناتۆ خستوویەتییەڕوو.
پێشبینی دەکرێت ئەنقەرە پێش کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ کە رۆژی 11ـی تەممووزی ئەمساڵ لە ڤیلنیۆس بەڕێوەدەچێت، ئەندامێتی سوێد لە ناتۆ پەسند بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ