لێکۆڵینەوەیەک: ئەرکی ماڵەوەی بیرکاری زیانی لە سوودەکەی زیاترە

07-04-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵێنەوەیەکی نوێ دەریدەخات، پێدانی ئەرکی ماڵەوەی وانەی بیرکاری بە منداڵان، هەندێ جار زیانی لە سوودەکانی زیاترە، بەتایبەتی کاتێک ئەرکەکە بۆ منداڵان زۆر زەحمەت بێت بە جۆرێک کە دایک و باوکیشیان سەری لێ دەرنەکەن. 
 
لێکۆڵینڤانانی زانکۆی باشووری ئوسترالیا و زانکۆی سان فرانسیس زاڤیێری کەنەدا قسەیان لەگەڵ ژمارەیەک خێزان کردووە و، لە بارەی ئەزموونیان لەگەڵ ئەرکی ماڵەوەی بیرکاری و کاریگەرییەکانی پرسیاریان لێ کردوون. 
 
هەریەک لەو خێزانانە منداڵێکی هەبووە کە لە پۆلی سێیەمی بنەڕەتی بووە، واتە تەمەنی لە نێوان 8 بۆ 9 ساڵ بووە. منداڵانی ئەو ناوچەیەی لێکۆڵینەوەکەی تێدا کراوە، بۆ یەکەمجار لەو تەمەنەدا  تاقیکردنەوەی بیرکاری دەکەن. 
 
بە گشتی، هەموو خێزانەکان بە خراپی باسی بیرکارییان کردووە و گوتوویانە، نە منداڵەکانیان و نە خۆیان حەزیان لەو بابەتەیە، چونکە ماندووبوونێکی لەڕادەبەری تێدایە. 
 
لیسا ئۆکیفی، مامۆستای بیرکاری لە زانکۆی باشووری ئوسترالیا دەڵێت، "لە زووەوە وا دانراوە ئەرکی ماڵەوە فێربوونی منداڵ بەهێز دەکات و سەرکەوتنی ئەکادیمیشی باشتر دەکات، بەڵام کاتێک ئەرکەکە بۆ قوتابییەک هێندە زەحمەت بێت کە نەتوانێت بە هاوکاریی دایک و باوکیشی تەواوی بکات، پرسیاری ئەوە دروست دەبێت؛ ئایا بۆچی لە سەرەتاوە ئەو ئەرکەی پێدراوە؟".
 
لێکۆڵینەوەکە باسی لە ژمارەیەک کێشە کردووە کە ئەرکی ماڵەوەی بیرکاری دروستیان دەکات، لەوانە پرسیاری زۆر زەحمەت کە دایکان و باوکانیش ناتوانن شیکاریان بکەن، نەخەوتنی منداڵان و مانەوەیان تاوەکو درەنگانی شەو بەدەم هاوکێشە ئاڵۆزەکانەوە، سەرقاڵکردنی خێزان بە خۆیانەوە و بردنی کاتەکەیان و دروستکردنی هەستی لێنەهاتوویی و بێزاری لای قوتابییەکە. 
 
وەک هەر بابەتێک، بە تێپەڕبوونی کات، شێوازەکانی وانەگوتنەوە و فێربوونی بریکاریش گۆڕانی بەسەردا هاتووە. 
 
ئەو شێوازەی دایکان و باوکان لە سەردەمی منداڵیی خۆیاندا بۆ شیکارکردنی هاوکێشە و پرسیارەکان فێری بوون، لەو شێوازانە جیاوازە کە منداڵەکانیان لەسەری فێرکراون، بۆیە لەیەکدی تێناگەن، ئەوەش سەرچاوەیەکی دیکەی نائاسوودەییە بۆ خێزانەکان. 
 
ئۆکیفی ئاماژە بەوە دەکات، هەندێ جار لەبەر ئەو هۆکارە، دایکان و باوکان گوشاری زیاد لە منداڵەکانیان دەکەن؛ هەروەها ئەو هۆکارە دەبێتەهۆی "زیادبوونی رەشبینییان" بەرامبەر بە منداڵەکانیان. 
 
لەو خێزانانەدا کە لێکۆڵینەوەکەیان لەسەر کراوە، لە تەواوکردنی ئەرکی ماڵەوەدا، دایکان زیاتر شانیان داوەتە بەر یارمەتیدانی منداڵەکانیان؛ کاتێکیش کە بینیویانە ئەرکەکە زەحمەتە و بۆیان شیکارناکرێت، هەندێکیان ئەو بڕوایە پەیکەرییەیان لا بەهێزتر بووە کە دەڵێت کچان ناتوانن لە بیرکاریدا زیرەک بن.
 
دەشێت ئەم بیرکردنەوە پەیکەرییە نەرێنیانە کاریگەریی خراپیان لەسەر نمرەی قوتابیان و ئاواتەکانیان بۆ داهاتوو هەبێت. 
 
لێکۆڵینڤانەکان بە باشی دەبینن کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ئەرکی ماڵەوەی وانەی بیرکاری بە شێوەیەکی گونجاوتر دابنرێت تاوەکو نەبێتە هۆی دوورخستنەوەی منداڵان لە بابەتەکە لە تەمەنێکی بچووکدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە