ترەمپ خۆی بە نێلسن ماندێلا دەچوێنێت

07-04-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کە چوار تۆمەتی لەسەرە، خۆی بە نێلسن ماندێلای سەرکردەی کۆچکردووی ئەفریقای باشوور دەچوێنێت؛ دادوەرێکی وڵاتەکەشی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە مافی ئازادیی رادەربڕینی ئەوی پێشێل کردووە.
 
لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیدا، ترەمپ نووسیویەتی، "ئەگەر ئەم تەڵەکەبازانە دەیانەوێت لە بەرامبەر گوتنی راستییە روون و ئاشکراکە بمخەنە زیندانەوە، ئەوا بە دڵخۆشییەوە دەبمە نێلسن ماندێلای ئەم سەردەمە. ئەوە شکۆیەکی گەورە دەبێت بۆ من."
 
نێلسن ماندێلا، ئەو سەرکردەیەی کە دژی نەژادپەرستی و سیستمی جیاکاری نەژادی لە ئەفریقای باشوور خەباتی دەکرد، 27 ساڵ خرایە زیندان؛ دوای ئازادکردنی، بووە سەرۆکی وڵاتەکەی و ساڵی 2013ش کۆچی دواییکرد.
 
دەکرێت ئەو تۆمەتانەی دژی ترەمپ کراونەتەوە، ببنە هۆی بەندکردنی.
 
یەکێک لەو تۆمەتانە ئەوەیە، گوایە پێش هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2016، پارەی بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان داوە بۆئەوەی خۆی بێ دەنگ بکات و باسی پەیوەندیی نێوانیان نەکات. لەو هەڵبژاردنەدا ترەمپ لە هیلاری کلینتنی بەربژێری دیموکراتەکانی بردەوە.
 
دادوەر خوان مێرچن لە نیویۆرک بڕیارێکی دەرکردووە کە باسکردنی ئاشکرای هەر زانیارییەک لە لایەن ترەمپەوە سەبارەت بەو دۆسیەیە قەدەخە دەکات تاوەکو کاتی دادگاییکردنەکەی کە 15ی نیسان دەستپێدەکات.
 
تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەر زوو رەخنەی لە خۆبەراوردکردنەکەی ترەمپ بە ماندێلا گرت و لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بیهێننە پێش چاوت بە رادەیەک خۆپەرست بی کە خۆت بە عیسای مەسیح و نێلسن ماندێلا بەراورد بکەیت، هەموویشی لە ماوەی کەمێک زیاتر لە هەفتەیەکدا؛ ئەوە دۆناڵد ترەمپەوە وا دەکات."
 
ترەمپ پار جارێک لە نێو جەماوەرەکەیدا خۆی بە پەیامبەر عیسا (د.خ) بەراورد کرد.
 
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەم ساڵ، 25ی ئاداریش لە دادگە خۆی بە پەیامبەر عیسا (د.خ) چوواند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە