گوتاری ساڵانەی سەرۆکی ئەمریکا؛ دەرفەتێک بۆ رەواندنەوەی نیگەرانیی دەنگدەران

07-03-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، کاژێر 9:00ی شەوی پێنجشەممە بەکاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا، کە دەکاتە رۆژی هەینی، کاژێر 5:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر، گوتاری ساڵانە پێشكێش بە خەڵکی وڵاتەکەی دەکات. 
 
گوتارەکە لە ژێر ناونیشانی "باری یەکگرتوویی"یە و هەموو سەرۆکێک ساڵانە تێیدا باس لە دۆخ و ئاڵنگارییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی بەردەم وڵاتەکەی دەکات. 
 
بڕیارە 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا گوتارەکەی بەکاربێنێت بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ روانگەی خۆی لەپێناو بەدەستهێنانی خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی، لە کاتێکدا دەنگدەران بەهۆی تەمەنییەوە دەپرسن کە ئایا بایدن لە ئاست ئەو کارەدایە یان نا. بایدن هەروەها دەیەوێت هۆشداری بدات لەوەی لە ئەگەری شکستهێنانییدا دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری هەرەلەپێشی کۆمارییەکان جێگرەوەیەکی مەترسیدار دەبێت.
 
رووداو رووماڵی راستەوخۆ و تایبەتی بۆ گوتارەکە دەبێت. 
 
رەواندنەوەی نیگەرانی لەبارەی تەمەنەکەی
 
سێیەم گوتاری لەو جۆرەی بایدن لە مینبەری ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، لە چاوپێکەوتنێکی بەدەستهێنانی هەلی کار دەچێت، چونکە بەتەمەنترین سەرۆکی وڵات هەوڵ دەدات نیگەرانیی دەنگدەران سەبارەت بە تەمەن و ئاستی کارەکەی بڕەوێنێتەوە و لە هەمان کاتدا گوڕێک بە خۆی بدات بۆ ئەوەی جیاوازی دەنگەکان لەگەڵ رکابەرەکەی زیاد بکات.
 
سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت دەستکەوتەکانی خۆی لەبواری ژێرخانی ئابووری و بەرهەمهێنان پیشان بدات؛ هەروەها، لە پاڵ چەندین پرسی دیکەدا دەیەوێت هەوڵبدات بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی ئۆکراینا، تووندترکردنی رێکارەکانی کۆچکردن و دابەزاندنی نرخی دەرمان؛ بەڵام لەکاتێکدا ئەو کارە دەکات، چاوەکان لەسەر سەرۆکە تەمەن 81 ساڵەکە دەبن، نەک تەنیا بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا چ پەیامێکی دەبێت، بەڵکو بۆ ئەوەش کە ئایا بایی ئەوە توانای ماوە بە لێهاتوویی و زمانێکی پاراوەوە مەبەستەکانی بگەیێنێت یان نا. 
 
بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، ئامانجی بایدن ئەوە دەبێت کە بیسەلمێنێت ئەوانەی گومانی لێدەکەن، هەڵەن، ئەوەش لە رێگەی زەقکردنەوەی ئەو خاڵانەی ترەمپ کە بایدن پێیوایە نەرێنین و لە رێگەی رەخنەگرتن لە کۆمارییەکان لەسەر ئەو هەڵوێستانەی کە خۆی پێی وایە لەگەڵ وڵاتەکەدا ناگونجێن، بەتایبەتی لەبارەی پرسی لەباربردنی منداڵ، سیاسەتی باج و چاودێریی تەندروستی. ئەوانە بەشێک بوون لە هەوڵەکانی ئەمساڵی بایدن لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا کە تەنانەت گوتارە فەرمییەکانیشی بۆ روونکردنەوەیان بەکارهێناوە.
 
یەکشەممەی رابردوو، بایدن لە شوێنی حەوانەوەی سەرۆک لە کەمپ دەیڤید، لەگەڵ نزیکترین یاریدەدەرەکانی و جۆن میچام، مێژوونووسی سەرۆکایەتی، لەسەر نووسینی ئەو گوتارە کاریان کردووە. کارین ژان پیێر، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی گوتی، چاوەڕوان دەکرێت تا رۆژی گوتاردان، سەرۆک لە وردبینیکردن و پێداچوونەوەی دەقەکەی بەردەوام بێت.
 
"هەر PDF ـەکەی بنێرن بەسە"
 
بایدن لەبەردەم کۆنگرێسێکی پەککەوتوودا قسە دەکات. لە ئەنجوومەنی نوێنەران کە لەژێر هەژموونی زۆرینەی کۆمارییەکاندایە، پێنج مانگ لەمەوبەر، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتی گرتەدەست، ئەوەش دوای لابردنی پڕ لە پشێویی کیڤن مککارتی، سەرۆکی پێشوو. یاسادانەران هێشتا نەیانتوانیوە پڕۆژە یاساکانی پەیوەست بە دابینکردنی بودجە بۆ ئەمساڵ تێپەڕێنن و چەند مانگێکە لە پەسندکردنی پڕۆژە یاساکانی تایبەت بە یارمەتیدانی ئۆکرانیا و ئیسرائیل بە بنبەست گەیشتوون. 
 
گوتارەکە رووداوێکی گەورەی ساڵنامەی کۆشکی سپییە، هێڵێکی راستەوخۆ بە سەرۆکەکان دەدات بۆ ئەوەی قسە بۆ یاسادانەران و کەسایەتییە خانەدانەکان لە هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران و دەیان ملیۆن کەسی دیکە بکەن کە لە ماڵەوە سەیر دەکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، شەوەکە بەهۆی کەمبوونەوەی بینەران هەندێ لە درەوشانەوەی خۆی لەدەستداوە.
 
مایکڵ وۆڵدمان، گوتارنووسی کۆشکی سپی لە سەردەمی بیل کلینتن دەڵێت، "بەردەوام گوێت لە خەڵک دەبێت دەڵێن، 'ئۆهـ، گوتارەکە بە تەواوی گرنگی لەدەستداوە. هەر PDF ـەکەی بنێرن بەسە. یان با هەر ڤیدیۆیەک بێت. ئەوە شتێکی بێمانایە. رەنگە بەقەد نماییشی تایلەر سویفت لە یارییەکانی سوپەربۆڵ گەورە نەبێت، بەڵام بۆ گوتارێکی سیاسی، ئەوە گوتارێکی گەورەیە."
 
راوێژکارانی بایدن لە کۆشکی سپی و لە تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی هیوایان بە دروستبوونی هەندێ ساتی بە جۆش و خرۆش لە گوتارەکەدا هەڵچنیوە، وەک ئەوەی ساڵی رابردوو، کاتێک کە ژمارەیەک نوێنەری کۆماری لە نێوەڕاستی گوتارەکەدا بە دەنگی بەرز و هاوارکردنەوە رەخنەیان لە بایدن گرت و ئەویش لەگەڵیان کەوتە وەڵامدانەوە و لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە خزمەتگوزاریی چاودێریی کۆمەڵایەتی و تەندروستی، سەرزەنشتی کردن. 
 
جۆنسن کە بە پەرۆشەوە هەوڵدەدات رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو شتە لە گوتاری ئەمساڵدا بکات، لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا، رۆژی چوارشەممە داوای لە کۆمارییەکان کرد لە کاتی گوتارەکەدا "جوامێری" بنوێنن، ئەمە بە گوێرەی کەسێک کە ئاگاداری بابەتەکەیە. 
 
هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی ئەنجامەکانی لە راپرسییەکاندا
 
بایدن دەیەوێت لە رێگەی ئەم گوتارەوە رەزامەندیی زیاتری خەڵک بەدەستبێنێت و لە راپرسییەکانیشدا نمرەی بەرزتر بەدەستبێنێت. بەپێی راپرسییەکی ئەم دواییەی سەنتەری توێژینەوەی کاروباری گشتیی ئەسۆشیەتد پرێس، تەنیا 38%ی پێگەیشتووانی ئەمریکا لە سەرۆکایەتیی بایدن رازین و 61٪یان پێیانوایە کارەکەی بە خراپی کردووە. 
 
هەمان راپرسی دەریخستووە کە زیاتر لە هەر 10 کەس، زیاتر لە شەشیان (واتە 63%یان) دەڵێن متمانەیان بە هۆش و بیری بایدن نییە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو وەک سەرۆک خزمەت بکات. رێژەیەکی نزیک لەوەش (واتە 57%) دەڵێن ترەمپیش هۆش و بیری بۆ ئەو کارە بە کەڵک نایەت.
 
ئەو مشتومڕەی لەسەر تەمەنی بایدن هەیە، بەتایبەتی ئەو کاتە گەورە بوو کاتێکە کە مانگی رابردوو لە راپۆرتەکەیدا، (رۆبەرت هێر) پشکنەری تایبەت گومانی لەسەر توانای هۆشی بایدن بۆ پاراستنی زانیارییە نهێنییەکان دروستکرد. 
 
جیم مێسینا، بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی 2012ی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، گوتی گوتارەکەی ئەمساڵ، دەرفەتێکی گرنگ دەخاتە بەردەم بایدن بۆ رەواندنەوەی نیگەرانیی دەنگدەران.
 
مێسینا دەڵێت، "چەند خەڵک زیاتر بیبینن کە کاری خۆی دەکات، باشترە. تا خەڵک زیاتر بیبینن کە وەک سەرۆکی ئەمریکا هەڵسوکەوت دەکات، باشترە."
مێسینا ئاماژە بەوە دەکات،  لەبەر ئەوەی پشکنەری تایبەت رۆژی سێشەممەی داهاتوو، لە بەردەم کۆنگرێس باسی راپۆرتەکەی دەکات، ئەم گوتارەی بایدن دەرفەت دەبێت بۆ وەڵامدانەوە و بەدوورخستنەوەی ئەو گومانانەی لە نێو راپۆرتەکەیدا لە بارەی هۆش و بیری وروژێنراون. 
 
چاوەڕوان دەکرێت بایدن داهاتوویەکی هیوابەخش لە گوتارەکەیدا بۆ وڵاتەکەی نیشانبدات، لەکاتێکدا ئەو یاسا گەورەیانەی کە لە ماوەی دوو ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیدا واژۆی کردن و بوونەتە یاسا، جێبەجێکراون. بەڵام هەروەها بڕیارە هۆشداری بدات لەوەی ئەو پەرەسەندنانەی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات هەن، هەستیارن و بە تایبەتی ئەگەر ترەمپ بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، مەترسیی زیاتریان لێ دەکرێت.
 
کۆمارییەکان چی دەڵێن؟
 
لە بەرامبەردا کۆمارییەکان بە بەکارهێنانی دەستەواژەی نەرێنی و رەشبینانەی وەک "قەیران" و "کارەساتبار" رەنگدار دەکەن، کە ئەوەش دەنگدانەوەی ئەو تۆنەیە کە ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا بەکاری دێنێت.
 
جۆنسن رۆژی چوارشەممە گوتی، "ئەمریکا لە پاشەکشەدایە، هیچ شتێک کە سبەی شەو [بایدن] دەیڵێت، ئەمە ناگۆڕێت."
 
ترەمپ رایگەیاندووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیەوە (Truth Social) وەڵامی قسەکانی بایدن دەداتەوە. 
 
رەنگدانەوەی غەززە و ئۆکراینا لە گوتارەکەدا
 
ئەمساڵ بایدن رووبەڕووی ناڕەزایەتی و نیگەرانییەکانیش دەبێتەوە، بەتایبەتی لەنێو بنکەی جەماوەری خۆی، ئەوەش بەهۆی پشتگیرییە تووندەکەی بۆ شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس لە غەززە. کۆشکی سپی سەرەتا هیوای دەخواست کە ئاگربەستێک تاوەکو کاتی گوتارەکەی رابگەیێندرێت. کۆشکی سپی حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەی هێشتا ئەو رێککەوتنەی پەس‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌ند نەکردووە کە لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە نێوەندگیری بۆ کراوە.
 
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا جەخت لە بانگەوازەکەی بۆ کۆنگرێس دەکاتەوە بەوەی کە پڕۆژەیاسای هاوکاریی بەرگری بۆ ئۆکرانیا پەسند بکەن. کەمیی تەقەمەنی رێگەی بە رووسیا داوە کە لە شەڕی دووساڵەدا بکەوێتەوە باری هێرشبردن. 
 
ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە ژێر کۆنترۆڵی پارتی کۆمارییەکاندایە رەتیکردوەتەوە کار لەسەر پڕۆژەیاسایەکی یارمەتییەکان بکات کە ئەنجوومەنی پیران پەسندی کردبوو. کۆمارییەکان پێداگری لەسەر رێوشوێنی تووندتر دەکەن بۆ سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی لە مەکسیکەوە بۆ ئەمریکا. پێشتر پڕۆژە یاسایەک لە لایەن هەردوو پارتەوە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکرابوو، بەڵام ترەمپ هەژموونی خۆی بۆ پووچەڵکردنەوەی بەکارهێنا. 
 
کریس مۆرفی، سیناتۆری دیموکراتەکانی ویلایەتی کنێتیکەت پێشبینی دەکات بایدن "مشتێک لە نێو دەمی کۆمارییەکان بدات" بەهۆی رەتکردنەوەی پێشنیازێکی تووندکردنی سنوور.
 
سیناتۆرەکە دەشڵێت، "دەنگدەران بەربژێرێکیان دەوێت کە گرنگی بە سنوورەکان بدات؛ بەربژێرێکیان دەوێت کە شتێک لەو بارەیەوە بکات، نەک تەنیا گلەیی لێ بکات."
 
پشتبەستن بە پرسە تەندروستییەکان
 
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لەباربردنی منداڵ و پرسی نەزۆکی بەشێکی سەرەکیی گوتارەکەی بایدن بن، بەتایبەتی لە ژێر رۆشنایی بڕیارێکی مشتومڕهێنی دادگەی باڵای ئەلاباما کە یارمەتیی چارەسەری منداڵبوونی بلووریی وەستاندووە. 
 
یەکێک لە میوانەکانی خانمی یەکەم جیل بایدن بۆ گوتارەکە، کەیت کۆکس دەبێت کە سکاڵای لەسەر ویلایەتی تەکساس تۆمارکردووە و لە کۆتاییشدا ویلایەتەکەی جێهێشت، بۆ ئەوەی بتوانێت منداڵەکەی بەپەلە لەبارببات دوای ئەوەی کە بەگوتەی خۆی، لە چەند پشکنینێکدا دەرکەوت کۆرپەلەکەی شێواوە. 
 
هەروەها کۆشکی سپی بانگهێشتی سەرکردەی یەکێتییەکان و داکۆکیکارێکی کۆنترۆڵکردنی چەک و کەسانی دیکەی کردووە. ئۆلف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد، بەبۆنەی بەئەندامبوونی وڵاتەکەی لە ناتۆ لە ئەمریکایە و لە کاتی گوتارەکەدا ئامادە دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە