رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕێ دەکرێت گووگڵ لەم هەفتەیەدا بەرنامەیەکی ژیریی دەستکرد بۆ رکاربەرایەتیکردنی ChatGPT رابگەیێنێت.
بەرنامە نوێیەکەی گووگڵ بە ناوی Gemini (جێمینی) دەبێت و لە (بارد) پێشکەوتووتر دەبێت. کە (بارد)یش بەرنامەیەکی ژیریی دەستکردی گووگڵە.
پێشتر گووگڵ گوتبووی کە لە ساڵی 2024 بەرنامە نوێیەکەی دەخاتەڕوو، بەڵام پێدەچێت گووگڵ بڕیارەکەی گۆڕیبێت و بیەوێت سوود لەم کاتە وەربگرێت و سەرنجەکان بۆ خۆی رابکێشێت، ئەوەش لە کاتێکدا کۆمپانیای OpenAI کە پێشەنگە لە بواری ژیریی دەستکرد، تووشی کێشەی کارگێڕی بووە دوای ئەوەی کە دەستەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی گۆڕانکاری تێداکرا و سام ئەڵتمان کۆمپانیاکەی جێهێشت و دواتر گەڕایەوە.
چاوەڕێ دەکرێت چاتبۆتی جێمینی لە بارد زیرەکتر بێت.
خستنەڕووی جێمینی هەروەها لە کاتێکدا دەبێت کە کۆمپانیای OpenAI بەهۆی زیادبوونی لە رادەبەری بەکارهێنەران، تۆمارکردنی بەشداریی نوێی لە بەرنامەی ChatGPT Plus هەڵپەسارد و وەگەڕخستنی کۆگا نوێیەکانیشی بۆ ساڵی نوێ دواخست.
ئەگەر ئەو راپۆرتانە لە بارەی جێمینی راست بن، چاوەڕێ دەکرێت گووگڵ بۆ جاری یەکەم وەشانێکی سەرەتایی بەرنامەکەی بخاتەڕوو و لە کاتێکی دیکەدا وەشانێکی پێشکەوتووتری بخاتەڕوو.
پێشتر میدیای ئەمریکی باسی لەوە کردبوو، هۆکارێکی دواکەوتنی خستنەڕووی جێمینی، بێتوانایی بەرنامەکە بووە لە زمانەکانی دیکەی بەدەر لە ئینگلیزی.
ئەندازیارانی گووگڵ دەیانەوێت لە رووی فرەزمانی لە پێش ChatGPT بدەنەوە.
خستنەڕووی جێمینی دەکرێت ببێتە هەستانەوەیەکی تەکنیکی بۆ گووگڵ کە لەم ساڵدا هیچ بەرنامەیەکی ژیریی دەستکردی بەرهەمهێنی گەورەی نەخستووەتەڕوو.
راپۆرتێکی میدیای ئەمریکی، گووگڵ بە "زەبەلاحێکی خەوتوو" ناودەبات و باس لەوە دەکات، ژێرخانێکی بەهێزی بۆ ژیریی دەستکرد هەیە، بە جۆرێک کە چاوەڕێ دەکرێت بەرنامەی ژیریی دەستکردەکەی تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، 20 هێندەی GPT- 4 رابهێنرێت.
گووگڵ هەروەها کۆمپانیاییەکی دەوڵەمەندە بە جی پی یو GPU، واتە سەرچاوەیەکی گەورەی هێزی کۆمپیوتەری هەیە، بەڵام جێمینی لە GPT- 4 پێشکەوتووتر دەبێت یان نا، وەڵامەکەی لەکاتی راگەیاندنی بەرنامە نوێیەکە دەزانین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ