رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی دەسەڵاتداری فینلاند بە رووداوی راگەیاند، بە ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانیی ناتۆ، "کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کورد نابێت."
ڤیلێ ڤالکۆنێن، کە پەرلەمانتارێکی سەر بە پارتی هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئەو وڵاتەیە، لە وەڵامی ئیمەیڵێکی زانا کایانی، پێشكێشكاری رووداودا باسی لەوە کردووە، فینلەندا بەگوێرەی یاساکانی خۆی، "نەک بەگوێرەی داواکارییە بیانییەکان،" مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکات کە تورکیا داوای رادەستکردنەوەیانی کردووە.
دوای ئەوەی کە شوباتی ساڵی 2022 رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، لە ئایاری هەمان ساڵدا هەر یەکە لە فینلاند و سوێد دەستبەرداری سیاسەتی بێلایەنبوونی سەربازیی چەندین دەیەی خۆیان بوون و داوایان کرد ببنە بەشێک لە هاوپەیمانیی پەیماننامەی باکووری ئەتڵەسی کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات. لە تەممووزی هەمان ساڵ هەردوو وڵاتەکەی باکووری ئەوروپا رێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیای ئەندامی ناتۆ واژۆکرد بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی ئەنقەرە سەبارەت بەو کەسانەی کە تورکیا پێیوایە "تیرۆرستن" و لەلایەن هەردوو وڵاتە ئەوروپییەکەوە داڵدەدراون.
دوای تووندکردنی یاساکانی نێوخۆیی و رادەستکردنەوەی ژمارەیەک ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە تورکیا، نیسانی ئەمساڵ ئەنقەرە رەزامەندیی لەسەر بە ئەندامبوونی فینلاند دا، بەڵام سوێد وێڕای گرتنەبەری رێکاری هاوشێوە، هێشتا گڵۆپی سەوزی تورکیای بەدەستنەهێناوە.
ڤاڵکۆنێن ئاماژەی بەوە کردووە، بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ کاریگەریی لەسەر مافەکانی مرۆڤ نابێت، دەشڵێت "چوارچێوەی یاسایی ئێمە وەکو خۆی دەمێنێتەوە."
پەرلەمانتارەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "پرسی کورد بەگوێرەی هەڵوێستە دیپلۆماسییەکانمان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و بە ئەندامبوونمان لە ناتۆ هیچ کاریگەریێکی راستەوخۆی لەسەر نییە."
رووسیا کە هەزار و 340 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ فینلاند هەیە، هۆشداریی لە جێگیرکردنی چەکی ستراتیژیی ناتۆ لەو وڵاتەداوە کە بە مەترسیی بۆ سەر ئاساییشی خۆی دەیانبینێت، بەڵام ڤاڵکۆڵێن دەڵێت، "ئەندامبوونمان دژی هیچ کەسێک نییە، بەڵکو بۆ سەلامەتیی خەڵکی فینلاندە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەگەری هەبوونی هەڕەشە بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان، فینلاند "بە هەموو رێگەیەک بەرگری لە خۆی دەکات،" باسی لەوەش کردووە، وڵاتەکەی "هێزێکی بەرگریی خاوەن توانای هەیە" و فینلاندییەکان پابەندن بە بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان.
لە بارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی فینلاند، پەرلەمانتارەکە روونیکردەوە: "دانوستاندنەکان بەردەوام و ئاڵۆزن."
هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فینلاند لە 2ی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوەچوو. چوار پارتی نێو حکومەتی پێشوو و پێنج پارتی نێو هاوپەیمانی پێکهێنەری حکومەتی پێشوو و چوار پارتی ئۆپۆزسیۆن 100 بە 100 کورسیان هێنا و تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە حکومەتێک پێکبێنن.
ڤاڵکۆنێن دەڵێت: "رەنگە فینلاند لە حوزەیران یان تەممووز حکومەتێکی نوێی هەبێت، بەڵام وادەکە روون نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ