رووداو دیجیتاڵ
لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا، لە ناوچەیەکی نزیک واشنتن دی سیی پایتەختی وڵاتەکە، لەکاتی هەوڵدانی پۆلیس بۆ پشکنینی خانوویەک و دەستگیرکردنی گومانلێکراوێک، خانووەکە تەقییەوە.
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە ئەمریکا لە شوێنی رووداوەکە گوتی، پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە.
تەقینەوەکە لە کاتێکدا روویداوە، پۆلیس هەوڵیانداوە پشکنین بۆ خانووەکە بکەن و فەرمانی دەستگیرکردنی کەسێک جێبەجێ بکەن، کە کەمێک پێشتر، تەلقەتەنوورێکی تەقاندبوو.
ئاشلی ساڤاج، گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەی ئارلینگتن رایگەیاند، ژمارەیەک پۆلیس بەهۆی تەقینەوەکەوە بە سووکی بریندار بوون، بەڵام کەس نەگوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. ئاماژەی بەوەش کرد، تائێستا کوژرانی هیچ کەسێک پشتڕاست نەکراوەتەوە و نازانرێت دۆخی گومانلێکراوەکە چۆنە، کە لە کاتی تەقینەوەکەدا لە ماڵەکەدا بووە.
زنجیرە رووداوەکە نزیکەی کاژێر 04:45 خوولەکی پاشنیوەڕۆ بە کاتی نێوخۆ (01:45ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر) روویداوە، کاتێک پۆلیس ویستوویەتی لێکۆڵینەوە لە دەنگی تەقە بکات، کە دواتر بۆیان دەرکەوت دەنگی دەمانچەی تەلقەتەنوور بووە. ساڤاج گوتی، پۆلیس مۆڵەتی پشکنینی ماڵەکەی پێبووە.
پۆلیس لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، کاتێک هەوڵیانداوە فەرمانی دەستگیرکردنەکە جێبەجێ بکەن، تۆمەتبارەکە چەند گولـلەیەکی لەنێو ماڵەکەدا تەقاندووە. دواتر کەمێک پێش کاژێر 08:30ی ئێوارە بە کاتی نێوخۆ (05:30ی بەیانی بە کاتی هەولێر) خانووەکە تەقیوەتەوە و گڕیگرتووە.
ساڤاج ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا روون نییە ئایا ئەو تەقەیەی لە کاتی هەوڵی پۆلیس بۆ پشكنینی خانووەکە کراوە لە رێگەی دەمانچەی تەلقەتەنوورەوە بووە یان چەکێکی دیکەی هێرشبردن.
ساڤاج گوتی، پۆلیس هیچ بەڵگەیەکی نییە کە کەسانی دیکە لە خانووە دووقاتەکەدا بووبن.
ئارلینگتن دەکەوێتە ئەودیوی رووباری پۆتۆماک لە بەرامبەر واشنتن دی سی، تەقینەوەکە لە شاری بلومۆنت روویداوە کە گەڕەکێکی شارەدێیە لە باکووری ئارلینگتنن و زۆر لە خانووەکانی دوو خێزانیان تێدا نیشتەجێن. لەگەڵ تەقینەوەکە دەنگێکی گەورە بیسترا و کارەبای ناوچەکە پچڕاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ